قاسم سولەیمانی لە سەری ڕەشە

هونەر تۆفیق

ئەمڕۆ لە کاتێکدا کە حاجی قاسمی سولەیمانی میوانی بارزانی یە لە سەری ڕەشە ، هەریەک لە بارزانی باوک و کوڕ دوو پەیامی توندیان لە ساڵیادی شکستی سەربازی و سیاسی کورد ڕاگەیاند . دەڵێن ئەو شکستە خیانەتە . ساڵی پار لەم کاتەدا هەر ئەو دووزاتە ، بە توندی هێرشیان دەکردە سەر حاجی قاسمی سولەیمانی کە ئەو سەرپەرشتیاری داگیرکردنی کەرکوک بوو لەلایەن سوپای عێراقەوە . هێزە سەربازیە کوردیەکانی لە کەرکوک وناوچە جێناکۆکەکانی وەدەرنا . بەڵام ئەمساڵ لەمڕۆژەدا ، لەکاتی ڕاگەیاندنی ئەو دوو پەیامەدا پێکەوە لەگەڵ حاجی قاسمدا لە کۆبۆنەوەدان بۆ بەشداری کردن و وەرگرتنی پۆستی حکومی لە بەغدا .

عەقڵی سیاسی ئێمە عەقڵێکی بێ تەخمین و بێ تەقدیرە . تەخمین و تەقدیری سیاسی لە مێژووەوە دەکرێت ، هەستکردنی ئێمەش بە مێژوو هەستێکی تۆمارئامێزی سۆزدارە نەک دەرککاری ساتە ئێستاییەکانی ناو مێژوو. وەک بکەر وکارتێکەر . ئەگەر ئێمە بکەر و کارتێکەری مێژوویی بین لێکدانەوە و بۆچوونمان بۆ ڕووداوەکان بەپێ ی پێگە و چۆنیەتی کاریگەریمان دەبێت لە مێژووەکەدا . بۆیە بە ڕیفراندۆمێکی شەخسی و میزاجی چارەنووسی گەلێکمان خستە بەر مەترسیەوە . هێشتاکە بەشانازیەوە باس لەو شکستە دەکەین و هەڵەکانی خۆمان بەسەر ئەوانی تردا دەبەخشینەوە . لە گریمانەیەکی سادە و ئاسانەوە ئەو پرسیارە ناکەین باشە ئەگەر لە ١٦ ی ئۆکتۆبەردا ئینسحاب نەکرایە چی دەبوو ؟ دۆخی کەرکوک وەکو کۆبانێ نەبوو کە هەموو ئازادیخوازانی دنیا پشتیوانی کۆبانێ بوو ، بەڵام بۆ کەرکوک هەموو دنیا بانگەوازی کرد و داوای لە کورد دەکرد ڕیفراندۆم نەکات و کاتی نەهاتووە . بۆیە هیچ هێزێکی هەرێمی و جیهانی نەبوو پشتیوانی لەوە شەڕەی کورد بکات . هەموویان پەسەندی بڕیاری شەڕەکەی قاسمی سولەیمانی و عەبادیان کرد . نە هێزی سەربازی و تفاقت بەرانبەر یەک بوو ، نە توانای دارایی و ئابووریت هاوشێوەی بەغدابوو ، چەند هەفتەیەک پێش ١٦ ی ئۆکتۆبەر هەموو سنوور و دەروازەکانت لێ داخرابوو ، ئایا کورد بە چیەوە دەیتوانی شەڕی هەموو جیهان بکات ؟ وەکو کاک هاوکار ڕوغزایی لەو کاتەنەدا دەیگوت مەگەر بە ئەبو چیچۆ شەڕی جیهانت پێ دەکرێت ؟

بەقەد ئەوەی ڕیفراندۆم هەڵەیەکی مێژوویی بێ تەخمین و بێ تەقدیری سیاسی کوردبوو ، بڕیاری کشانەوەی سەربازی لەناوچە جێناکۆکەکاندا بڕیارێکی ئازایانە و تەندروست بوو. چونکە ئەگەر کورد نەکشایەتەوە زەمینەیەکی لەباربوو بۆ هێزی نابەرابەر کە تەواوی کوردستان داگیربکاتەوە و ماڵ وێرانی و کاولکاریەکی گەورە لە شارەکانماندا ڕووی ئەدا و بە دەیان هەزار کوژرا و برینداریشمان لەو شەڕە لەسەرەتاوە دۆڕاوەوە ئەدا .پێم وایە ئەمەش ڕای ئەمڕۆی حاجی قاسمە کە لەساڵیادی ١٦ ی ئۆکتۆبەردا ئەمڕۆ لەسەری ڕەشی باسی کردبێت .


16/10/2018



وتارەکانی تری نوسەر