ناشیرین ترین مامۆستا

هونەر تۆفیق
دیاردەیەکی ناشرینی کۆمەڵێک مامۆستای ناشیرین لەهەر گەڕەک و بەرانبەر هەر خوێندنگەیەکی ئامادەیی پەیدابووە بەناوی بازرگانیکردن بە پەروەردەوە . ئەویش دیاردەی پەیمانگەی مامۆستای بازرگانە . لەوانەش عەیبتر ڕیکلامکردنە بۆ مامۆستاکان کە بە شاڕێ و شەقامەکانی شاردا هەڵواسراوە ( باشترین مامۆستای فیزیا ، چاکترین مامۆستای کیمیا ، زاناترین مامۆستای کوردی ..هتد ) لەوەش قەباعەتتر ناو و وێنەی مامۆستاکان لە ڕیکلامی شەقامەکان و پەیجەکانی فەیسبووکدا دانراوە . ئەمەش بەبەرچاوی وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەوە دەگوزەرێت . ئەوانیش چاویان لەو مامۆستا ناشیرینانە پۆشیوە .

بێنە بەرچاوی خۆت پزیشکێک لە دەوامی ئاسایی نەخۆشخانەی حکومیدا بە نەخۆشێک بڵێت لێرە چارەسەرت ناکەم ، ئێوارە وەرە بۆ نۆرینگە تایبەتیەکەی خۆم پارەی پشکنینەکەم بدەرێ منیش باشترین چارەت دەکەم ؟!! هەر ئەو پزیشکە لە شەقام و کۆڵانەکاندا ، بەرانبەر خەستەخانەکان وێنەی خۆی بڵاوبکاتەوە بڵێت من باشترین پسپۆڕو پزیشکی دنیام وەرن بۆلام پارەم بدەنێ با چارەسەری نەخۆشیەکانتان بکەم ؟!

ئەمەی ئەو جۆرە مامۆستا ناشیرین و بازرگانانە لەناو سیستەمی پەروەردەدا دەیگوزەرێنن گەورەترین گەندەڵیە لە پەروەردە و پیشەی مامۆستایدا دەیکەن . 
ئەگەرئەو مامۆستایانە هێندە زیرەک و لێهاتوون گەرەنتی دەرچوونی خوێندکارەکان لە تاقیکردنەوەکاندا دەکەن وەک لە ڕیکلامی پەیمانگەکاندا بانگەوازی بۆدەکەن ، بۆچی لە خوێندنگە ئاساییەکانی حکومەتدا ئەو گەرەنتیە بۆ خوێندکارەکان ناکەن ؟ چۆن دەکرێت مامۆستا پارە و موچەی وەزارەتی پەروەردە وەربگرێت ، لەهەمان کاتدا لە تەنیشت خوێندنگەکاندا پەیمانگای دەرسی خسوسی بکاتەوە . بە خوێندکارەکان بڵێن وەرن لە پەیمانگەکەماندا دەرسی باشترتان پێ دەڵێینەوە !! 

پارالێل بە کتێب و مەنهەجی وەزارەتی تەربیە بازاڕێکی گەورەی مەلزەمەیان دروست کردووە کە خوێندکارەکان ناچاردەکەن بچن لەو دوکانانەی مەلزەمەکانی تیادا دەفرۆشن لەبری کتێب و مەنهەجی وەزارەت مەلزەمەکانی ئەوان بکڕن ؟! ئەگەر مەلزەمەکانی ئەو مامۆستا ناشیرینانە لەکتێب گرنگترە بۆچی وەزارەتی پەروەردە ئەو کتێبانەی کردووە بە مەنهەجی خوێندن ؟!

تکایە وەزارەتی پەروەردە و بەڕیوەبەرایەتی گشتی پەروەردە سنورێک بۆ ئەو پاشەگەردانی و فەوزای بازرگانی بە پەروەردە و وانە گوتنەوەوە دابنێن . باشکۆی مامۆستا لەناوماندا لەڕێگەی ئەو مامۆستا بازرگانانەوە زیاتر نەشکێت

18/10/2018



وتارەکانی تری نوسەر