کۆبانی: دوو ڕوییەکانی جەنگ و سیاسەت

هونەر تۆفیق
لە کاتێکدا داعش یەک لە سێ ی خاکی هەریەک لە سوریا و عێراقی لەژێر دەستدایە ، چەندەها شار و شوێنی ستراتیژی تر هەیە قورسایی سەربازی خۆی تیادا کۆبکاتەوە ، بەڵام هێرش دەکاتە سەرکۆبانی !! دەبێت هۆکاری هەڵبژاردنی کۆبانی چی بێت لەلایەن داعشەوە بەو شێوەیە هەموو تواناکانی خۆی لەو شەڕەدا خەرج دەکات ؟؟
یەکەم : داعش نایەوێت گیرۆدەی جیوگرافیا بێت ، لەتوانایدا نیە لەوە زیاتر خۆی بڵاوبکاتەوە ، چونکە هەتا فراوانتربێت ، هێزی بەرگری زیاتری پێویستە . پێگەی جیوگرافی کۆبانی لە پایتەختەکەی خەلیفەوە - ڕەقە ، حەفتا کیلۆمەترە لە نێوان هێزەکانی پەکەکە و داعشدا ، کەواتە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی کۆبانی مانای فراوانکردنی زەمینی خەلافەت نیە ، بەڵکە تەواوکاری جیوگرافی یە بۆ داعش .
دووەم : کۆبانی بەخۆی قوربانی جیوگرافی کوردی یە لە چەند ڕوویەکەوە . رووی سەرەکی دابرانیەتی لە نێوان هەرێمی جزیرە و عەفریندا ، لە ساڵی ١٩٦٢ ەوە کاتێک کۆماری عەرەبی یەکگرتووی میسر- سوریا - یەمەن لەلایەن جەمال عەبدولناسرەوە سەرۆکایەتی دەکرا ، هەموو شار و گوندە کورد نشینەکانی سنوری نێوان سوریا - تورکیای تەعریب کردووە ، بەتایبەتی شاری کۆبانی زۆرترین عەرەبی شاوی - بەدوی لە شەداد و شەمەرەکانی دێرەزوور و ڕەقەی تیادا نێشتەجێ کردووە .ئەو عەرەبە عەشایرە سونیانە خۆیان بە عێراقی و نزیک لە بەعسی عێراقی دەزانن کە لە ئێتسادا بربرەی پشتی چەکدارەکانی داعشن . 
سێهەم : داعش تۆڵەی خۆی لە بەرگیریەکانی پەکەکە لە شنگاڵ دەکاتەوە . هەڵبەتە هەرێمی جزیرە و عەفرینیش هەیە کە داعش شەڕی پەکەکەی تیادابکات ، بەڵام ئەگەر لە جزیرەوە هێرش بکات لە ئێستادا خۆرئاوا زۆرترین هەوڵیان بۆ پاراستنی مەسیحیەکانە کە هەرێمی جزیرە رێژەی لەسەدا ٢٥ ی مەسیحیە سریانی و ئەرمەنی و ئاشوریەکانە ، داعش نایەوێت خۆرئاوا لەوە زیاتر لەخۆی توڕە بکات ، لە هەرێمی عەفرینیشەوە دووچاری نزیک بونەوە لە بەرەی نوسرە و سوپای سوریا و سوپای ئازادی ئۆپۆزسیۆن دەبێتەوە ، لەبەر ئەوە تەنیا ترین شوێن بیەوێت تۆڵە لە پەکەکە بکاتەوە کۆبانی یە . 
چوارەم : خەڵاتکردنی تورکیایە بە پاڵنان بە گەرێلاکانی پەکەکە - یەپەگە بۆ ناو سنوری تورکیا بە تایبەتی پەکەکە زۆرترین گەرێلای خۆی بۆ پاراستنی کۆبانی لەو شارەدا کۆکردۆتەوە ، گرتنی کۆبانی لەلایەن داعشەوە یان دەکاتە شەهیدکردنی ئەو گەریلایانە یان دەستگیرکردنیان لەلایەن سوپای تورکیاوە کە لەسەر سنوور سوپای تایبەتی بۆ ئەو پرۆسەیە خستۆتە ئامادەباشیەوە . 
لەگەڵ ئەمانەدا شەڕڤانانی بەرگری لە کۆبانی دەرکی ئەم پلانەیان کردووە ، بۆیە لەهەوڵی ئەوەدان داعش لەنێو شاری کۆبانی نزیک بخەنەوە ، کۆتایی بە شەڕی نابەرانبەری تانک و تۆپەکانی داعش بهێنن کە لەشەڕی نێو شاردا ناتوانن ئەو رۆڵە زیان بەخشەیان هەبێت کەلە ئێستادا بۆردمانی دووربەدووری کۆبانی پێ دەکەن ، دەیانەوێت داعش بخەنە بەردەم شەڕی دەستەویەخەی کۆڵان بەکۆڵانەوە .

30/09/2014



وتارەکانی تری نوسەر