هەڵبژاردنی ناوی دابق بۆ گۆڤارەکەی داعش ، تێروانینی ئەردۆغانیەت و داعشیەت لەو رەمزەدا کۆدەکاتەوە کە دید و روئیای هاوبەشیان بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دیاری دەکات . دابق شارۆچکەکەیە بەدووری 32 کلم لەباکووری خۆرهەڵاتی شاری حەلەبەوە ، یەکەم سەرکەوتنی عوسمانیەکان لە جەنگی دابق دا بەسەر مەمالیکەکاندا 8 ئابی 1516 بەسەرکردایەتی سوڵتان سەلیمی یەکەم تیادا تۆمارکراوە و یەکەم شوێن پێ ی عوسمانیەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا کردۆتەوە ، لەوێوە بەرەو قودس و قاهیرە و مەککە و مەدینە و بەغداد ، هێزی عوسمانیەکان بڵاوبوونەتەوە بە جیهانی ئیسلامدا .
لەپاش شەش سەدە ، جارێکی تر دابق بۆ ئەردۆغانیەت ئەو دەروازەیە کە هەمیشە رەجەب تەیب ئەردۆغان تەکیدی دەکاتەوە دەبێت لە مزگەوتی ئەمەوی لە شام ( دیمەشق ) نوێژی سوڵتانانەی خۆی بکات !!
خەونە سوڵتانیەکەی ئەردۆغان لە ناو چوارگۆشەی ئەستەنبول ، بەغدا ، دیمەشق ، قاهیرەدا ، وەک سوڵتانێک لە فۆرمی سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرکردەی ئیسلامیە جیهادیەکانی عێراق و شام ، پێناچێت ئەمجارەیان هەمان سەرکەوتنەکەی جەنگی دابق لە کۆبانیدا دووبارەبێتەوە .. دابق و کۆبانی کە قەدەری ئەدرۆغان و بەغدادی لەوەدایە هەردووکیان دوو شاری کوردین ، ئەمجارەیان کورد نەهێڵێت لە کۆبانیەوە دابقی دووەمی سوڵتانیزمی تورکی ئەو چوارگۆشەیە پڕکاتەوە و ئەردۆغان نوێژی سەرکەوتنەکەی لە مزگەوتی ئەمەویدا بکات .