ساحیری دروستکردنی خۆشگوزەرانی لە وێرانەدا

هونەر تۆفیق

ئەڵمانەکان بەبێ لودڤیش ئێرهارد ، شانازی بە ئابووریەکەیانەوە ناکەن . چونکە ئەو لەناو کەلاوەکانی وێرانەی پاش جەنگدا موعجیزەی بوژانەوەی ئابووری وڵاتەکەیانی لە تیئۆرە ئابووریەکەیدا ( خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان -Wohlstand für Alle) بۆ بەدیهێنان.

 

لەکاتێکدا مارکی ئەڵمانی بەهاکەی هەر بایی ئەوەندە بوو خەڵک بۆ داگیرسانی ئاگردانەکان دەیانسوتاند ، هیچ شتێکی دیکەی نەدەکرد . ئەو ساحیرە لە حکومەتەکەی ئەدیناوەردا وەزارەتی دارایی گرتە دەست و سیستەمی ئابووری ئەڵمانیای پاش جەنگی بەپێ ی تیئۆرە ئابووریەکەی خۆی دامەزراند کە دروستکردنی بازاڕی کۆمەڵایەتی - Soziale Marktwirtschaft بوو .دواتر وڵاتانی وەک یابان ، فەرەنسا ، سکەندەنافیا ، هۆڵەندا پەیڕەویان کرد ، هەمووان سەرکەتووبوون لە دامەزراندنی ئابووریەکی بەهێز بۆ وڵاتەکانیان.

 

هەندێک لە وڵاتە عەرەبیەکانیش بەپێ ی عەقیدەی سیاسی دەوڵەتەکانیان بەکرچوکاڵیەوە ئابووری بازاڕی کۆمەڵایەتیان ئەزموون کرد . وەک ئەزموونی سەرەتای حکومەتەکەی سەدام بەناوی جەمعیاتی تەعاونی ( کۆمەڵەی هەرەوەزی ) یەوە . بەڵام چونکە دەوڵەت و حیزب خاوەنداریەتیان دەکرد . سەرکەوتوو نەبوون.

 

ئابووری بازاڕی کۆمەڵاتی وەک لە تیئۆرەکەی ئێرهارددا هاتووە نە سۆسیالیزمە کە موڵکی دەوڵەت بێت ، نە لیبریاڵیشە سەرمایەداری قۆرخی بکات، بەڵکە ئابووریەکی هەرەوەزی ناو کۆمەڵگە خۆیەتی ، وەک بازنەیەک حەلقەکانی یەکتر تەواو دەکەن . لە ڕێگای کۆمپانیا هەرەوەزی ( پشکدار)ە بچوکەکانە و پێداویستیەکانی کۆمپانیا گەورە پشکدارەکان بەرهەمدەهێنن . لەبری حکومەت ، سەندیکاکان ڕۆڵی پەیوەندی و ڕێکخستنی کار و بەگەڕخستن دەبینن . ماف و ئەرکەکانی کار و بازاڕ دەپارێزن . سەندیکاکان دەبن بە نێوەندێک لەنێوان حکومەت و بازاڕی کۆمەڵایەتیدا . ڕۆڵی حکومەت تەنیا ئەوەدەبێت زەمانەتی تەندروستی و ئەمنی کار و کرێکاربکات و بەشە باجی خۆشی لە داهاتی بازاڕ کۆبکاتەوە ، پرۆژە خزمەتگوزاریەکانی وڵاتی پێ ئەنجام بدات . لەو پرۆسەیەدا هەمووان ئازادن و مافیان پارێزراوە ، لەهەمان کاتیشدا دەبن بە تەواوکاری یەکتر . بۆیە ئێرهارد تیئۆرەکەی ناوناوە خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان.

 

ئەو بازاڕە کۆمەڵایەتیەی ئێرهارد لەماوەی هەڵبژاردنەوەی هەرسێ حکومەتەکەی ئەدیناوەردا ١٩٤٩ بۆ ١٩٦٣ ئەڵمانیای لە کەلاوەیەکی وێرانی پاش جەنگەوە هەستانەوە بۆ ئاستی سێهەم هێزی ئابووری لە جیهاندا.

 

بە پەندوەرگرتن لە ئەزموونی هەستانەوەی ئابووری ئەڵمانیا ، لەوە تێدەگەین هەموو هەستانەوە و بوژانەوەیەک بە گەڕانەوە بۆناو خودی کۆمەڵگە دێتەدی . ئینجا بە نەهێشتنی قۆرخکاری حکومەت و حیزب لەبازاڕ و ئابووری وڵاتدا . ڕۆڵی حکومەت دەبێت تەنیا پشتیوانی بێت لە پرۆژە هەرەوەزیەکانی ناو بازاڕ و زەمانی پەیوەندیەکانی نێوانیان بکات.

 

شتێک لەو ئەزموونە ئەڵمانیەوە کە کەمتر بینراوە ، سیاسەتی ئابووری ئەڵمانی پاش جەنگ گەڕانەوە بووە بۆ ئابووری کشتوکاڵی ناوخۆ . بەر لە پیشەسازی ، ئابووری کشتوکاڵی ئەڵمانی بوژێنراوەتەوە چونکە یەکەم بۆ چارەسەری برسێتی پێویستی سەرەکی بووە ، ناچاری بەروبوومی دەرەکی نەبوون . دووهەمیش پرۆسەی بوژانەوە لە کەرتی کشتوکاڵدا خێراتر دێتەدی بەپێ ی مەوسمی وەرزەکانی ساڵ . بەڵام پیشەسازی سوڕێکی چەند ساڵەی درێژخایەن ترە.


03/05/2020



وتارەکانی تری نوسەر