ترامپیزم، شکستێک بەتامی سەرکەوتن

هونەر تۆفیق
ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ترامپچیەکان ( ترامپیزم) شکستە وەک نەگەیشتن بە کۆشکی سپی ، بەڵام سەرکەوتنێکی ترسناکیشە وەک هەڵکشانی دەنگەکانی ترامپ بەبەراورد بە چوار ساڵی ڕابردوو کە نزیکەی پێنج ملیۆن دەنگدەری ترامپیزم زیادی کردووە.

پۆپۆلیزمی قەومی - ئاینی لە کۆمەڵگە سیاسیەکانی دنیادا لە هەڵکشاندایە. ئەم دیاردە سیاسیە لەگەڵ ئەوەدا خاڵی یە لە فیکر و ئایدیۆلۆجیا، دژە بەو سیستەمە سیاسیەی دەستەڵاتەکانی تیادا دابەشکراوە بەسەر دەزگاکاندا، دژە بە میدیاکان و بە سەرچاوەی ئیزعاجکردنیان دەزانن، دژە بە پرسەکانی جێندەری و ژنان، دژە بە جیهانگیری و ئابووری بازاڕ و پێیان وایە ناعەدالەتی لەقازانجدا دروستدەکات. لەهەمان کاتدا دۆستن بە پرسە قەومی و ئایینیەکان و گوتارەکانیان لەسەر هەڵدەچنن. دۆناڵد ترامپ یەکەمین سەرۆکی ئەمریکایە لە گوتارەکانیدا ئاماژەی هەست بزوێن بۆ قەومی ئەمریکی دەکات . کۆنسەرڤاتیڤ ( محافزکار)ن، هیچ چارەسەرێکی کێشە ئابووری و کەلتوری و سیاسیەکانی دنیایان پێ نیە، بەڵام دەتوانن خەڵک هانبدەن بە ختوکەدانی هەستە قەومی و ئایینەکانیان.

هەڵکشانی ئەم ڕەوتەی پێ ی دەگوترێت ترامپیزم، نەک چارەسەری قەیرانە ئابووری و سیاسیەکانی دنیای نەکردووە، بەڵکە ئاڵۆزتری کردوون . دۆسیەکانی تیرۆری جیهانی، ژینگە ، پیشبڕکێ ی چەک ، گومرگی نێودەوڵەتی، دواترینیان تەندروستی و پەتای کۆرۆنا ، لەسەرئاستی جیهان لەسەردەمی حوکمڕانی ترامپیزمدا گەورەتر و ئاڵۆزتربوون.

دووبارەکردنەوەی سەردەمی فاشیزمی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو لە مۆدێلی ترامپیزمدا، مایەی بەرهەمهێنانەوەی هەمان ئەو کارەساتانەیە کە مۆسۆلۆنی و هیتلەر و فرانکۆ بەسەر مرۆڤایەتیاندا هێنا. چونکە سیاسەت بەهەموو ناشیرینی و فەلسەفە پراگماتیەکانیەوە، بەشێک لە حیکمەت و فیکر و عەقڵی تیادایە، جگە لەو مۆدێلە ترامپیە نەبێت کە تەنیا ئیش لەسەر هەڵچونەکانی هەست و سۆزی جەماورەی دەکات، هیچ پەیوەندیەکی دۆستانەی بە حیکمەت و عەقڵەوە نیە.

ئەگەر دۆناڵد ترامپ لەم چوارساڵەی 2020-2024 یشدا سەرۆکی ئەمریکا نەبێت، هێشتا مەترسی دیاردەی ترامپیزم لەدنیادا کۆتایی پێنەهاتووە. ناوەندە دیموکراسی و فیکریەکان بەپێداچوونەوە بە چوارساڵی ڕابردوو و قەیرانەکانیدا، دەتوانن شتێک لەو هەڵچوونە جەماوەریەی پۆپۆلیزمی سیاسی کەمبکەنەوە کە دەتوانێت ترامپەکان بکاتە سەرکردە و نوێنەری سیاسی خۆی. ئەگینا لەهەناوی ترامپیزمدا چەندین کەسایەتی لە دۆناڵد ترامپ خراپتر ئامادەی لەدایک بوونە.

07/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر