ناعەدالەتی جوگرافی بۆ؟!

د.شێرکۆ حەمەئەمین قادر


حوکمڕانی هەرێمی کوردستان بەجۆرێک بوە،هەمیشە هەوڵی ئەوە دراوە سیستمێکی ناوەندی دروستبکرێت و پایتەخت بەرانبەر شارەکانی تر جۆرێک هەژمونی بۆ دروست بکرێت،کە سەرئەنجام هاونیشتمانییان ڕقئەستوری وهەستی ناوچەگەرێتی و شارچێتییان بەرانبەر یەکتری لای دروست دەبێت،کە هۆکاری سەرەکی دروستنەبونی یەکێتی نەتەوەیی و یەک گوتاری دەبێت،وەک ئەوەی ئیستا،لەکوردستاندا،دروستبوە،کە بەپلەی یەکەم پارتی دیموکراتی کوردستان لێی بەرپرسە،بەندە بەتەواوەتی دژی شارچییەتی و خۆبچوکردنەوەی مرۆڤەکانم،بۆ ئاستی بینی تەنیا شارودەوروبەرەکەی خۆی،هەمیشە لایەنگری بان شار و گوتاری نەتەوەییم

بەڵام گوتاری نەتەوەیی ڕاست و زانستی،نەک گوتارێکی نەتەوەیی ڕوکەشی کاتی،بۆ موزایدەی سیاسی و گەوجاندنی خەڵک و هێنانەدی مەرامی کەسی و پاراستنی بەرژەوەندی حیزبی،سەرباری ئەمەش ئەوەی پارتی،لەدوای ٢٠٠٥ بەرانبەر سلێمانی و هەڵەبجەوگەرمیان وڕاپەڕین وچەندناوچەیەکی پارێزگای هەولێرکردویەتی،بەتەواوی دەچێتە خانەی ناعەدالەتی جوگرافی و پەراوێزخستنی شارەکانی تر،کە ئامانجی دوایی،لەم کارە ئەوەیە هەمیشە شارەکانی تر،لەروی ئابورییەوە چاویان،لەدەستی پایتەخت بێت،کە سیمایەکی دیاری سیمایەکی دیاری سیستمە تاکڕەوەکانە. پارتی کە بەهۆی ٣١ ئاب و ڕێککەوتنی ستراتیژییان،لەگەل یەکێتی هەردوپۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتیان بۆخۆیان بردوە،لەوڕێگەیەوە پرۆسەی پەراوێزخستنی شارەکانیتریان ئەنجامداوەوسلێمانی زۆرترین پشکی بەرکەوتوە،بۆئەوەی هەمیشە،لەڕوی ئابورییەوە پاشکۆی پایتەخت بێت وچاوی،لەدەستی پایتەخت بێت.

بۆنمونە،لەماوەی نیوان سالانی ٢٠٠٦_٢٠١٥ واتە،لە ٩ نۆ ساڵدا،تێکڕای ٤٢ ملیار دۆلار وەبەرهێنان بوە، بڕی ٢٤ ملیار دۆلاری،لەشاری هەولێر بوە،تەنیا ١٣ سیازدە ملیاری،لە سلێمانی بوە،ئەمەش رێژەی بێکاری لە هەولێر کەمکردوە و لەسلێمانی زۆری کردوە.

خاڵیکی تر،بەمەبەست کێڵگەنەوتیەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی وهەڵەبجە پرۆسەی پەرەپێدان تیایاندا،وەستێنراوە و لە کێڵگەکانی هەولێر و دهۆک بەردەوام بوە،لەوانە کێڵگەی چیا سورخ،کە بەتەنیا لەیەک بیردا،١٨ هەژدە هەزار بەرمیل ڕۆژانە بەرهەمی هەبوە،بەلام پەرەپیدانی تێدا،راگیراوە.هاوکات هەردو پالاوگەی بازیان و کەلەک،کە هەردوکیان حکومەتی عێراق دروستی کردون،کەچی ئێستا پالاوگەی کەڵەکە ڕۆژانە توانای پالاوتنی ٨٥٠٠٠ هەشتاوپێنج بەرمیل نەوتی هەیە،بەلام پالاوگەی بازیان توانای پالاوتنی تەنیا ٣٠_٣٥ هەزار بەرمیلی هەیە،بەوهۆیەشەوە،وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەک سزا،بۆ هەر بەرمیلێک پاڵاوتن ١٧ دۆلار دەداتە پالاوگە کەلەک بەلام تەنیا ٧_٨ دۆلار دەداتە پالاوگەی بازیان،هەردو پالاوگەکەش بەدەست کۆمپانیای حیزبییەوەن.

سەرباری ئەمانەش کۆی پارەی نەوتی فرۆشراو لەڕێگەی بۆری و تانکەر و موشتەقاتی نەوت و غازی شل هەموی دەچێتە بانکی کوردستان و هەرئەویش پرۆسەی گۆڕینەوەی دۆلار بۆ دینار ئەنجام دەدات،کە ڕۆژانە قازنجێکی گەورە دەکات.

پێویستە بوترێت،لەم پەراویزخستن و بنیاتنانی حوکمی ناوەندێتییەدا،هەمو حیزبەکانی دەرەوەی پارتی،کەلەساڵانی ڕابوردو ئێستاش،لەحکومەتدا،بەشدارن ڕۆڵیان هەبوە،چونکە بێ دەنگی و بەشدارییان واتەی زەلیلی سیاسییە،کە ناتوانن خۆیانی لێ بێ بەری بکەن وبۆنمونە،بەردەوام لە ٥ کەسی ئەنجومەنی هەرێمی نەوت وگاز بەردەوام ٢ دو کەسیان،لەدەرەوەی پارتی بوە، پێویستە ئەو پرۆسەیە رابگیرێت و ئەو بارە ناهاوسەنگە ڕاست بکرێتەوە،چونکە تەنیا ئەوە خزمەتی یەک گوتاری و ڕیفراندۆم و بڕیاردان،لەمافی چارەنوسی نەتەوەیمان دەدات.



13/07/2016



وتارەکانی تری نوسەر