بازرگانی سیاسی‌و نەزان، کوردستانیان، بەم ڕۆژە گەیاند!

د.شێرکۆ حەمەئەمین قادر
گروپێک بازرگانی سیاسی،کە چەند کەسێکی نەزان و یان زانا،بۆ حاڵی خۆیان و دژە ژیانی خەڵک،پێکەوە،حوکم دەکەن وکوردستانیان بەم ڕۆژە گەیاند،کە سەرئەنجام گروپی بالادەستی ناوحیزب،لەسەر حسابی خەڵک و لەڕێی حکومەت و کۆمپانیاکانیانەوە،بونە بازرگانی سیاسی و ملیاردێر و خەڵکیش،سیاسەتی برسیکردن و شکاندنی شکۆیان بۆماوەتەوە.
وەزیری سامانە سروشتییەکان،یەکێکە،لەو کەسانەی زۆرترین پێشبینی لنگەوقوجی کردوە،کە ئێستا
باجەکەی خەڵکی کوردستان دەیدات.
ئەم گروپە بازرگانە سیاسییە،کە لەژێر دروشمی ئابوری سەربەخۆی کوردستاندا،نەوتی کوردستانیان تاڵانفرۆش کردوە و لەروی سیاسیشەوە سیستمێکی تۆتالیتاریان بەرهەم هێناوە، ئێستا دەڵێن: بەرزبونەوەی نرخی نەوت وڕێککەوتنیش لەگەڵ بەغدا،چارەسەر قەیرانی دارایی ناکات!
یەکێک،لە خالەکانی وەزیری سامانە سروشتییەکان،لە ٢٠١٤ ئەوەبو،کە ساڵی ٢٠١٥ ڕۆژانە بەرهەمهێنانی نەوت دەگاتە ١٠٠٠٠٠٠ یەک ملێۆن بەرمیل،لە ڕۆژێکدا! لەسەر ئەم بنەمایە وتیان : کێشەکە،لەوەدایە بەغدا موفلیسە و پشتیان تێ کرد!
بەڵام ئێستا،دەڵێن: شەڕی داعش و ئاوارە و دابەزینی نرخی نەوت ڕێگربون،لەوەی نەتوانین ئەو پلانە جێبەجێ بکەین، بەبێ ئەوەی ڕونی بکەنەوە چۆن و بەچ شێوەیەک ئەوانە هۆکاربون؟ هاتنی ئاوارە چ پەیوەندییەکی بە بەرهەمهێانی نەوتەوە هەیە؟
یان کاتێک بڕیاری ژمارە ٦٤ لە ٣|٢|٢٠١٦ ئەنجومەنی وەزیران دەریکرد،کە سیستمی نایاسایی بیدعەی پاشەکەوتیان سەپاند، وتیان نرخی نەوت دابەزیوە و ناتوانین موچە،وەک خۆی بدەین، ئەی کەواتە چۆن بەرزبونەوەی نرخی نەوت کاریگەری نابێت و قەیران چارەسەر ناکات؟!
خۆ ئێستا نەوتی سپیش، بە ماڵان نادەن! نرخی نەوتیش بەرزبوەتەوەو باچ و رسوماتیش،لەسەرخەڵک زیادکراوە، ئەی بۆ قەیران چارەسەر نابێت؟ ئەی کێ رێگربوە،لەوەی کەرتەکانی تر ببوژێننەوە و ئەوەندە پشت بەنەوت نەبەستن، یان ئەمەیان پارەی کاش دەخاتە گیرفانی بازرگانەسیاسییەکانەوە و سیستمێکی تۆتالیتاریش بەرهەم دێنێت؟!
ئێستا کورستانتان،بە سامانی سەرزەوی و ژێر زەویەوە تاڵانکردوە، سکاڵاتان دۆڕاندوە،وەک دەڵێن نەوەکانی ئایندەشتان کردوە،بە ژێرباری قەرزێکی درێژخایەنەوە،کەسیش قەرزتان پێ نادات،ڕێککەوتنیش،لەگەڵ بەغدا جارەسەری قەیرانی دارایی ناکات،تا کۆتایی ساڵیش، هەر چارەکە موچەیەکی ترتان پێدەدرێت، قەرزی پاشەکەوتیش کۆتایی ساڵ دەگاتە نزیکەی ٧٠٠٠٠٠٠٠٠٠ حەوت ملیار دۆلار،کە هیچ کەس، بەتەما نییە، وەریبگرێتەوە!ناشزانرێت،ئێوە بەچ میکانیزمێک و کەی دەیدەنەوە؟!
ئەی کەواتە چۆن درێژە،بە حوکمڕانی دەدەن؟ تاکەی بازرگانی،بە خوێنی خەڵکی کوردستانەوە دەکەن؟بەچ ڕویەکەوە،دەردەکەون و قسەدەکەن و بەخۆتان دەڵێن حکومەت؟ ئەی سادەترین ئەرکی حکومەت، دابینکردنی لایەنی کەمی ژیان و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان نییە، کە ئێستا هیچیان نەماوە؟ژیان وەستاوە، خوێندن، زانکۆ وەستاون!
پرسیاری سەرەکیش ئەوەیە،حیزبەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی،بەتایبەتی ئەوانەی،کە خۆیان،لەبەرەی خەڵک دادەنێن، تاکەی چاوەڕێ دەکەن و بینەری نەوت دیاروداهات نادیاردەبن؟!
ئەی کەی هەڵوێست وەردەگرن؟!

د.شێرکۆ حەمەئەمین



26/10/2016



وتارەکانی تری نوسەر