سەرکردەو حکومەت‌و حیزبی هیواخواز

د.شێرکۆ حەمەئەمین قادر
خەڵکی هەرێمی کوردستان،بەگشتی هیوا دەخوازن، ئەمە ئاساییە و هەمو کەسێک،بە هیواوە دەژی،بەڵام ئەوەی زۆر سەیرە ،ئەوانەشی،لە ترۆپکی حوکمڕانیدا، جا بە نایاسایی بێت یان بەیاسایی، ئەوانیش وەک هەر هاونیشتمانییەکی ئاسایی هیوا دەخوازن ساڵی ٢٠١٧ قەیرانەکان چارەسەر بن.

وەک ئەوەی دەستێک،لە نادیارەوە بێت و قەیرانەکانی کوردستان چارەسەر بکات، بیریان چوە،قەیرانەکان بەرهەمی سیاسەتی چەوت و شکستخواردوی ٢٦ ساڵی ڕاوبوردوی ئەوانن،کە وڵاتیان خستۆتە سەر ساجی عەلی و حیزب و ئەفرادی ناوحیزب و کۆمپانیاکانی حیزبیان دەوڵەمەند و قاسەپڕکردوە.

بارزانی و جێگرەکەی،کە هەردوکیان ویلایەتەکەیان تەواوبوە، سەرۆکی حکومەت و جیگرەکەی، کە ناتوانن بڕیارێکی کابینەکەیان،بۆ ماوەی شەش مانگیش جێبەجێبکەن! هەرهمویان هیوادەخوازن ئاشتی و یەکڕیزی بێتەدی و قەیرانەکان چارەسەر بن، بارزانی لەوەش زۆر زیاتر دەڵێت: گوایە کورد،لە ٢٠١٦ دا، دەستکەوتی سیاسی هەبوە! تۆبڵێی ،ئەو دەوڵەت و ریفراندۆمەی،کە رانەگەیەنرا و نەکرا !دەستکەوتە سیاسییەکە نەبێت؟!

سەرکردە و حکومەتی بەرپرس و خاوەن ویژدان و خۆبەخاوەنی وڵاتزان،دەڵێت: بۆنمونە لە نیوەیەکەمی ٢٠١٧ دا، بەم میکانیزمە قەیرانەنی دارایی سوک دەکەین و نیوەی دوەمی ٢٠١٧ کۆتایی دێت یان بەرەو کۆتایی دەچێت،یان بەم رێژەیە ستەمی پاشەکەوت دەستکاری دەکەین، یان لە سێ مانگدا، قەیرانی سیاسی چارەسەر دەکەین، یان ئەوا بڕیارماندا، پەرلەمان دەست،بەکارەکانی بکاتەوە،حکومەت داهات و خەرجی شەفاف دەکات و پڕۆژەیاسای بوچە،ئامادەدەکات و رەوانەی پەرلەمانی دەکات،بۆ ئەوەی بەیاسا بکرێت.

دیارە کابینەی شکستخواردوی هەشتەم پێچەوانە هەمو چیهان تا ئێستا پرۆژەیاسای بوچەی نەبوە،لەهەر وڵاتێکیشدا، پڕۆژەی بوجە نەبو، بەواتا گەندەڵی، بەهەدەردان، شاردنەوەی داهات،نادیاری داهات و خەرچی، میزاجی کەسی،لە سەرفی پارە و ..، کەواتە ئەم سەرکردە و حیزب و حکومەتەی هەرێمی کوردستان، بەچ پێوانە و یاسایەک خۆیان، بەبەرپرس دەزانن،کە هەر هیوادەخوازن؟!بۆ دەبێت،تەنیا ،لە دیوە ناز و نیعمەت و ئیمتازە بێشومارەکانی دەسەڵات و پۆست سودمەندبن و دیوە بەرپرسیارێتییەکەی وازڵێ بێنن وجێبەجێێ نەکەن؟!ئاشکرایە،کەسانی وا،شایانی ئەو جێگایانە نین،بۆیە بەوشێوەیە بیردەکەنەوە.

02/01/2017



وتارەکانی تری نوسەر