بێ دەنگی، ئەم ڕۆژەی خوڵقاند

د.شێرکۆ حەمەئەمین قادر
ئەوەی چاوەڕوانکراوبو، ڕویدا،دوای قسەکانی مەسروربارزانی، لە ۲٠۲۱/۲/۱٠ لەبارەی ئازادیخوازانی بادینان و ھەولێر، کە پێش دادگا حوکمیدان، ئەمڕۆ دادگای ھەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی، بەسەر بەشێکیاندا سەپاند، کە بەھەمو پێوەرەکان دادگاییەکی سیاسی بو.

ئەوەی ئەم دەسەڵاتە بنەماڵەییە چەتەییە بناسێت، بەم ڕوداوانە شۆک نابێت و چاوەڕوانکراون، بەتایبەتی، لە ئێستای ھەژمونی پارتی و بێ ڕۆڵی و موبارەکەی یەکێتی و گۆڕان، بە پلەی یەکەم و ھێزەکانی تر، بە پلەی دوەم، بەتایبەتی یەکێتی و گۆڕان، بەبێ دەنگی یان بەیانێک ناتوانن شانی خۆیان،لە بەرپرسیارێتی خاڵی بکەنەوە.

ئەوەی ئەمڕۆ ھەوری گومانی، لە دەوری خۆری ئەو ڕاستییە لابرد، کە دادگا چەندە، لە ژێر ھەژمونی پارتیدایە،واز لە یەکێتی بێنە،کە لەبەحیزبیکردنی کۆی کایەکان و دادوەریشدا ھاوڕای پارتییە،دەپرسین گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتو، شەش پاکێجەکەی چاکسازی ساڵی ۲٠۱۱ تان بیرچوەوە، کە یەکێکیان بواری دادوەری و دادگاکان بو؟! ئایا چاکسازی ھەر بڕینی ./۲۱موچەیە،ئەمە چاکسازییە؟!

ئێستا،ئەگەر دادگای تەمیز ئەو حوکمەی ڕەتکردەوەو عەدالەت ڕێچکەی خۆی وەرگرتەوە،ئەوا قابیلی قسەیەکی ترە،بەپێچەوانەوە،ئیتر خەڵک و ئازادیخوازان دەبێت،وەخۆبکەون،ئەگینا سەرەی ھەموی دێت و ئەوکات بێ دەنگی و ئاگرە سورە، لەخۆم دورە دادی کەس نادات، بێ دەنگی دوێنێ ئەمڕۆی خولقاند، دڵنیابن، بێ دەنگی ئەمڕۆش سبەینێیەکی تاریکتر بەرھەم دێنێت، ئەبێت، خەڵک دڵنیابێت، کە دەسەڵات و کابینەی نۆیەم بڕیاری خۆیان داوە.

بێ دەنگی و پشتیوانی نەکردنی ئازادیخوازان و بەتەنیا جێ ھێشتنیان،ھەر ئەم ئەنجامەی دەبێت، پێویستە ئەم ڕاستییانە بڵێین، گلەییەکیش، لە خۆمان بکەین، بۆ ئەوەی سەرکەوتوانە ڕوبەڕوی ئەم دەسەڵاتە ببینەوە و گۆڕینی ڕیشەیی ئەنجام بدەین وسیستمێکی دادپەروەر و خزمەتگوزار دابمەزرێنین.

دەسەڵاتی بنەماڵە و کابینەی نۆیەم، وەک شورای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەو دەسەڵاتە، بەو دادگا و یاسایانەی خۆیان کاردەکەن، کەیس دروست دەکەن و دادگاش یەکلایی دەکاتەوە، حاڵ وابڕوات و بێ دەنگی بژاردەمان بێت، کەواتە زیندان چارەنوسی ھەمومانە.

خاڵێکی تر، کە پێویستە ئاماژەی بۆبکرێت، دوای دەیان بەیاننامە و ھەوڵ و ئاگادارکردنەوەی ناوەندەکانی داکۆکی مافی مرۆڤ و ئەوروپا و ئەمەریکا و تەنانەت ڤاتیکانیش، کە چی ھەر حوکم دران، بۆ ئەمە و بۆ بانگەشە ناڕاستەکانی ھەرێمیش، لەبارەی ھەرێمێکی دیموکراسی و مافی مرۆڤ پاراستن،جێی خۆیەتی،لە گەڵ شێرکۆ بێکەس بڵێین:
مافی مرۆڤ، درۆیە بوو
رۆژێ،لە رۆژان، لە دەمی
ھەڵەوەڕی مێژو،ھەڵوەری...

ئەمە،بەو مانایە نایەت،نائومێدبین، بەڵکو دەبێت، بەرچاومان ڕونبێت و لە خەباتی مەدەنی بەردەوام بین.

17/02/2021



وتارەکانی تری نوسەر