لە یادی ڕاپەڕیندا، پێشوازی، لە کرێگرتە و دژایەتی گەلەکەت ؟!

د.شێرکۆ حەمەئەمین قادر

چەند ڕۆژی پێشو ئیئتیلافی بەناو ئۆپۆزسێۆنی سوریا، کە تورکیا پاڵپشتیانە و ئاڕاستەیان دەکات و دەستیان، بە خوێنی کورد سورە و بەشداری داگیرکاری و کاولکاری عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی بون، سەردانی هەولێریان کرد و لەلایەن مەسعودبارزانی و مەسروربارزانی و پەرلەمانەوە پێشوازیان لێکرا و  وەک دیبلۆماتکار و سیاسەتوان ناسێنران، لە کاتێکدا ئەمانە جێبەجێکاری ئەجێندای  تورکیا و ئەردۆگانن و بەتەواوی، لە بازنەی دوژمنانی کوردان و دژی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای نیشتمانن و هێزە ڕەسەنە کوردییەکان، بە تیرۆرست ناودەبەن.

ئەم پێشوازییەی مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی و پەرلەمان، لە کاتێکدایە چالاکوانانی مەدەنی بادینان، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ پارتی کرێکاری کوردستان سزادەدرێن و زیندانی دەکرێن؟!

پێشوازی، لە نەیارانی و کورد و هاوکات، بەپێی هەردو  سایتی ARK و  درەومیدیا  کردنەوەی نوێنەرایەتی ئەو کرێگرتانە، لە هەولێر، کە حکومەت بەڵێنی پێداون،  لەم  کاتی یادی ۳٠ ساڵەی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانە، لەکاتێکدایە، کە پەرلەمانی کوردستان ساڵی ۲٠۱٤ بڕیاری ژمارە ۲٤ دەرکرد، کە  دەبێت حکومەت، مامەڵەی فەرمی لەگەڵ کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا بکات و نوێنەرایەتی، لە هەرێم بکەنەوە، بەڵام تائێستا پارتی ڕێگەی نەداوە، نوێنەرایەتی ڕۆژئاوا، لە هەولێر بکرێتەوە، تەنیا لە سلێمانی کراوەتەوە، ڕەنگە ئەوەش، لە سەفقەیەکدا و بۆ تەواو ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی یەکێتی، لەگەڵ تورکیا دابخرێت؟

پارتی، کە ڕیگە نادات، بڕیاری پەرلەمان جێبەجێبکرێت، بەڵام بەڵێنی کردنەوەی نوێنەرایەتی دوژمنانی ئەزمونی ڕۆژئاوا دەدەن، یەک خوێندنەوە هەڵدەگرێت، ئەویش جێبەجێکردنی ئەجێندای تورکیا و دژایەتی و خنکاندنی ئەزمونی ڕۆژئاوا، کە قوڵایی ستراتیجییە، بۆ باشور و جێگای بایەخ و ئومێدی ئەمەریکاشە، بەتایبەتی ئیدارەی نوێی بایدن و هەوڵەکانیان، بۆ یەکخستنی لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوا، بارزانی و پارتی بەم ڕەفتارەیان، جگەلە دژایەتی ڕۆژئاوا، هاوکات دژایەتی هەوڵەکانی ئەمەریکاش، بۆ ڕۆژئاوا و ئەزمەنەکەی دەکەن.

هەر، لەو چوارچێوەیەدا، پەرلەمانی کوردستانیش، لەبری بەدوای ئەوەوەبێت،  یاسا و بڕیارەکانی جێبەجێبکرێت، سەرقاڵی پێشوازی کرێگرتەکانە و تازە دانیشتن دەکات، هەتا ڕای پەرلەمانتاران، لەبارەی ڕاپەڕینەوە بزانێت؟! کورد وتەنی: لە بێ خەبەران، کەشکەک سەڵاوات، وەک ئەوەی پەرلەمانتاران، لە ئەستێرەیەکی ترەوە هاتبن.

حیزبە نازدارەکانی تریش، جگەلە پارتی سەرقاڵی بەیاننامە و پانێڵی چەند بارەن و چاوەڕێی مەرحەمەتی بارازنی و براگەورەن، بزانن هەرێم بەرەو کوێ و کام بازنەی ئەجێندای  تری  نەیارانی کورد دەبەن!

یادی ڕاپەڕنی خەڵکی کوردستان پیرۆزبێت، هەر دەبێت، ئامانجە بەدی نەهاتوەکان بێنەدی.

سڵاو، لە گیانی شەهیدەکان و ئەو کەسانەی، وەک شۆڕشگێڕ ماونەتەوە و پارە و پۆست نەیگۆڕین.

نەفرەت، لە هەمو ئەو هێز و  کەسانەی ڕەنجی خەڵک و ڕاپەڕینیان دزی و تەسلیمی پارە و پۆست و ئەجێندای دوژمنانی کورد بون و خیانەتیان، لە پەیامەکانی ڕاپەڕن کرد.

* تێبینی لەگەڵ نووسینەکەدا دکتۆر شێرکۆ حەمەئەمین 
دەقی بڕیاری ژمارە ۲٤ ساڵی ۲٠۱٤ پەرلەمانی کوردستانی ناردووە.


07/03/2021



وتارەکانی تری نوسەر