سڵاو كاك قوباد

هەندرێن شێخ راغب

دوای ئەوەی سەرۆكی حكومەت بووە بە پارتی، تۆش بویتەوە بە یەكیەتی، پێویستە تۆ جێگری سەرۆك وەزیران بیت، نەوەكو یەكیەتی..بەندە یەكیەتی نیم، بۆیە هیچ هەڤاڵێك، یان تەكەتولێك شتی ئاوامان پێ نانوسێت، هیچ كاریشم بەو شتە بچوكانەوە نیە، بەڵام تۆ جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی و بەرپرسی منیشی لەرووی حكومەتداریەوە. مافی خۆمە وەكو هاوڵاتیەك قسەی خۆم هەبێت. بیرمە بەرێزت وتارێكت نوسی لەسەر گەنج وحزب وكاری حزبایەتی لەكوردستان، وتارەكەم هێندە پێ باش بوو بە زۆر هاوڕێشم گوت كە بیخوێننەوە، پێم وابوو ئەم عەقڵیەتەی بەڕێزت كە لەوتارەكەتدا قسەی لەسەر دەكەی،زۆر گرنگە تەرجومەی ناو دامەزراوەی حكومڕانی بكرێت. لەوتارەكەتدا باس لەوە دەكەی بارەگای حزبەكان وەكو دائیرەی ئەمنن، كۆمەڵگا بە حزبی كراوە.
ئێستا بەرێزت جێگری سەرۆكی حكومەتی، گەنجی، پێم خۆش نیە وەكو گەنجێك خاڵی لاوازت لێ دەركەوێت، حەز دەكەم ئەزمونی تۆ جیاواز بێت لە ئەوانی دیكە، لێرەدا چەند خاڵێك دەخەمە ڕوو:
یەكەم: ماوەی چەندین مانگە حكومەت كۆنابێتەوە، قەیران لەدوای قەیران كەڵەكە بووە، كەچی حكومەت كۆنابێتەوە، بەرێزت جێگری سەرۆك وەزیرانی خەتای تۆ نیە،  بەڵام خەتای بەڕێزت ئەوەیە كە هیچ رونكردنەوەیەكی فەرمی وفشارێكی جددیت نیە بۆ ئەوەی حكومەت كۆبێتەوە.
دووەم: پێویستە خۆت لەحزب دوور بخەیتەوەو بەهیچ شێوەیەك هێندە لەگەڵا شاندی حزبی دەرنەكەویت، ئەنجومەنی وەزیران شوێنی گرنگی بەرێزتانە. كارنامەی هەڵبژاردنی حزبەكەت لەناو حكومەت تەرجەمە بكە.
سێیەم: سەرۆكی حكومەت لەپرسی سەرۆكایەتی هەرێم سەرۆكایەتی شاندی حزبی دەكرد، بۆیە ئەوەی لەكیس چوو كاری حكومەتداری بكات، بەڵكو وەكو كادیرێكی حزبی هەڵسوكەوتی كرد، بەداخەوە بەرێزیشت هەمان هەڵەت دووبارە كردەوە.
چوارەم: كاتێك وەزیرەكانی گۆڕان دوورخرانەوە، نوسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران، دەبوو پەیامی حكومەتداری راشكاوانەی خۆی هەبوایە. ئەم وەزیرانە هی تۆشن، لەگەڵا تۆش كاریان كردووە، نوسینگەی تۆ نەدەبوو بەم ئاسانیە لەسەرت تێبپەڕێت.
پێنجەم: ئەوەی بەرامبەر سەرۆكی پەرلەمانیش كرا، دەبوو نوسینگەی جێگری حكومەت، راشكاوانە رونكردنەوەی یاسایی گرنگی خۆی هەبوایە.
شەشەم: گەنجان بەلێشاو دەڕۆن، لەسنوری دەوڵەتان پەرتەوازە بوونە، بۆچی ئامێزی مەعنەوی خۆتیان بۆ ناكەیتەوە، دەبوو هەڵوێست ورونكردنەوەی زۆر جدیت لەسەر پرسی گەنجان هەبێت، لەبەرچاوی تۆ گەنجەكان كۆچ دەكەن، تۆ وەكو گەنجێك دەبێت لەحكومەت زۆر زۆر جدی تر بیت.
حەوتەم: بۆ قەیرانی دارایی، موچە، ناڕەزایەتی فەرمانبەران، كەیسی نەوت، بازاڕ، زۆر شتی دیكە..هتد، ببوورە وەكو جێگری سەرۆك وەزیران مومارەسەت نەكردووە وەكو ئەندامی شاندی حزب كارت كردووە.
هەشتەم: ئەم هەموو دەركەوتنەت لەگەڵا شاندی حزبی خراپە، تكایە واز لە حزب بهێنە، ئەی كاری جێگری سەرۆك وەزیران.
كاك قوباد تاكە پێشنیاری من ئەوەیە، دەست بەجێ لەئەندامیەتی شاندی حزبی دوور بكەوە، با حزب كادیرێكی دیكە دابنێت، هەمان هەڵەی سەرۆكی حكومەت دووبارە مەكەوە. دەرفەتێكی گرنگت لەپێشە كاری حوكمڕانی بەسەر تەواوی حكومەتەوە ئەنجام بدەی، تاكە دەركەوتنی بەرێزتان ئەنجومەنی وەزیرانە. پێم وایە زۆر لە سەرۆكی حكومەت دەچیت وەكو شێوازی كاركردن و پێویستە جیاوازی گەنجی خۆت و ئەزمونی دامەزراوەیی خۆت لەئەمریكا لەدەست نەدەیت. بەرێزت لەئەمریكا كارت كردووە، كە دامەزراوەیی وسیستەم وحوكمڕانیە، ئایا كە بەرێزت لەنێو ئەم سیستەم وحوكمڕانی ودامەزراوەیەی، دەكرێت هێندە لەگەڵا حزب دەربكەویت وئەندامی شاندی حزب بیت. كە دامەزراوەو سیستەم وحوكمڕانی بەقوربانی خۆی دەكات.


23/11/2015



وتارەکانی تری نوسەر