جامانەكەی ملی داود
هەندرێن شێخ راغب
ئەحمد داود ئۆغڵۆ، سەرۆك وەزیرانی توركیا، لە 1-4-2016 لەشاری ئامەدی باكوری كوردستان وتارێكی پێشكەش كرد، جامانەیەكی رەشو سپی كوردیشی لەمل كردبوو، ئەمەش ئەو راستیە دەردەخات كە كێشەی نەتەوەی كورد لە ملی توركیایە. كورد هەیەو كێشەی لەگەڵا دەوڵەت هەیە، جامانەكەش قوڵایی سەختی ئەم كێشەیە لەسەر شانو ملی توركیا دەخاتە روو، دەشێ لە زۆر گۆشەنیگاوە لە جامانەكەی ملی سەرۆك وەزیران بڕوانین، بۆ وێنە دووبارەكردنەوەی مێژووی رابردووی دیكتاتۆری صەدام حوسێنە، ئەویش كڵاوجامانەی كوردیو قاتی شاڵی لەبەربوو، ئەیگوت كوردستان بەهەشتی خوایە لەسەر زەوی، كەچی لەم لاوە دێ بەدێ بەنوكە شۆفڵا وێرانی ئەكرد. سوپای توركیاش كوچە بەكوچە باكوری كوردستانی وێران كردووە لەجزیرەو ناوچەی ئامەد، داودیش ئەفەرموێ ئاوەدانی ئەكەینەوەو جامانەیەكی كوردیشی بۆ خستتۆتە مل.
جامانەكەی داود رەهەندی ئابوریشی هەیە، چونكە بەهۆی تەقینەوەكانی توركیا، كەرتی گەشتیاری توركیا روبەروی قەیرانی سەخت بۆتەوە، دەوڵەتان ئاگاداری هاوڵاتیانی خۆیان ئەكەن لە گەشتكردن بۆ توركیا، لەناوخۆش فشاری زۆر لەسەر دەسەڵاتدارانی ئاك پارتی دروست بووە، سەرۆك وەزیرانیش گوتی رۆژانی داهاتوو سڵاوێكی جوان ئەنێرینە هەولێرو گەشتی ئاسمانی هەولێرو ئامەد دەست پێدەكات، بەمەش دەیەوێت هەنگاوێكی بازرگانیو ئابوری گرنگ بهاوێژێت لەسەر گیرفانی كوردستان. كە بەهۆی تەكنیكی وتارەكەیەوە لەروی سایكۆلۆژیەوە زەمینەی بۆ دەڕەخسێنێت.
ئەم جامانەیە خوێندنەوەی دیكەشی هەیە، بۆ نمونە پەرتەوازەیی دروستكردنە لەنێوان پەكەكەو كورد لەباكور، واتە ئێمە كێشەمان لەگەڵا گەلی كورد نیەو ئەی ئەوە نیە جامانەی كوردیمان لە ملەو جیاوازی ئامەدو ئەنقەرە ناكەین، بەڵام لەگەڵا پەكەكە كێشەمان هەیە. كە پێم وایە ئەم فعلەی توركیا زۆر كۆن بووە.
یەكێكی دیكە لە ئاماژەكانی جامانەكەی ملی داود ئەوەیە كە بەهەموو شێوەیەك مافی خۆرێبەریو سەربەخۆیی گەلی كورد لەباكوری كوردستان رەت دەكاتەوەو وەكو بەشێك لە پێكهاتەی توركیاو گەلی توركیا ئەیانناسێنێت، واتە ئێوە گەلێكی جیاواز نین لەتوركیاو بەشێكن لە كۆمەڵگەی توركیاو بۆ دڵنیابوونیشتان ئەها جامانەی رەسەنی ئێوەم لەمل كردووە.
مانایەكی دیكەی ئەم جامانەیە ئەم راستیە دەخاتە روو كە ئامەد شارێكی كوردیەو توركی نیە، ئەم جامانەیە لەم گۆشەیەوە خەتەرە بۆ ئەمنی قەومی توركیا، چونكە سەرۆك وەزیران لەهیچ شارێكی توركیا جامانەی كوردی نەكردۆتە مل، تەنها لەئامەد نەبێت؟ ئەمەش ئیعترافكردنێكی راشكاوانەی بێ پێچوپەنایە بە كوردستانی بوونی ئامەد.
ئەم جامانەیە تەنگەتاوبوونێكی زۆری توركیا دەخاتە روو، كە كێشەی كورد بۆی دروست كردووە، ئینجا بۆ ئەوەی جامانەكەی ملی داود لەقورگی توركیا گورج نەبێتو هەناسەبڕی نەكات، ئەوا دەبێت بەئاشتیو دیموكراسی راستەقینە كێشەی كورد لەباكوری كوردستان چارەسەر بكەن.
جەنابی جامانە رەشی ئامەد، خۆتان ئەفەرمون " خودا لەسوڵتان مەحمود گەورەترە"، ئێ قوربان بەم پەندەی پێشینانە، ئەمریكاو روسیاش لەتوركیا گەورەترن..نوێترین لێدوانی ئەمریكا ئەڵێت: پەیەدە تیرۆریست نیەو كۆمەكی دەكەین. روسیاش ئەڵێت: دەبێت كورد بەشداری گفتوگۆكانی جنێف سێ بكات. كوردیش رایگەیاند، لە فەرەنسا نوێنەرایەتی رۆژئاوای كوردستان دەكەینەوە. ئینجا بۆ ئەوەی جامانەكەی ملت سیحرێكی لەدەست بێت، ئەوا مەهێڵن بەدەردی سوریا بچن. چونكە ئەگەر ئامەد فیدڕاڵی رابگەیەنێت، ئەوا عەرەب، روسیا، ئێران، یۆنانو بەشێكی زۆر لە ئەوروپیەكان نەك دژایەتی ناكەن، بەڵكو پەسەندیشی ئەكەن. بۆیە تو خاتری جامانەكەی ملت، كە لای ئێمە پیرۆزە نەك لەبەر ئەوەی لەملی تۆیە ، بەڵكو هەزاران پیاوو گەنج بەم جامانەیەوە شەهید بوونە بۆ كوردستان، ئەم منداڵا كوشتنو ژن كوشتنەی باكوری كوردستان رابگرنو ئاشتیانەو دیموكراسیانە چارەسەری پرسی كورد بكەن. ئەگەر ئەوەتان كرد بەجامانەكەی ملت كوردوتورك پێكەوە سەرچۆپی ئەگرن، ئەگینا جامانەكە لەملت ئەبێتە پەتو پرۆسەی سیاسی توركیا لەسێدارە دەدرێت. وەك چۆن ئێستا بەم جامانەیەوە ئاشتیتان لەسێدارە داوەو بە مەكربازیەكی سیاسی روتەوەش لەئامەد خستۆتتانە ملتان. كورد بەم شتانە فریو ناخوات، بەڵكو بۆ خۆشی حەز دەكەن سێڵڤیەكت بۆ فەیسبوك بە جامانەوە لەگەڵا بگرن، هەر هێندەوبەس.
02/04/2016
وتارەکانی تری نوسەر