سوتاندنی كورد وەكو شۆڕش،وەكو نوكتە ؟

هەندرێن شێخ راغب


سوتاندنی 19 كچی كوردی ئێزیدی، ئەگەر گەورەترین شۆكی عەقڵی، پرسیار، بیركردنەوە، فەرهەنگی، پەروەردەیی، شۆڕش...هتد، لە ئێمەی كورد دروست نەكات؟ ئەگەر ساتەوەختی داگیركردنی شەنگال نەبێتە بابەتی ئەبەدی فەرهەنگی شوناسمان؟ ئەگەر ئەم هەموو كوشتن‌و سوتاندن‌و دڕندەیی داعش، عەقڵمان لەجێگای خۆی هەڵنەتەكێنێت‌و هەزاران پرسیاری بونیادی‌و قوڵ‌و گومانمان بۆ دروست نەكات.. تەنانەت عەیبە پێشمان بڵێن مێگەل..نەوەكو گەل؟


تا لەبنەچەی ئەم تاوانانەوە رانەپەڕین، دۆخی ناوخۆی سیاسی‌و ئابوری‌و سیستەمی ناوخۆی كوردستانیشمان پێ چاك ناكرێت.

ئەگەر ئەم تاوانە عەقڵمان هەلا هەلا نەكات، ئەوا بەڕاستی ئەم نوكتەیەی خوارەوە زۆر راستە لەسەر كورد: دەگێڕنەوە كوردێك دەچێتە وڵاتێكی پێشكەوتوو، لەسۆپەرماركێتێكی گەورەدا، وەك هەموو كەرەستەكانی دیكە، مێشكیش دەفرۆشرێت، كابرای كورد دەبینێت لەسەر مێشكی یابانی نوسراوە 10 دۆلار، مێشكی فەرەنسی نوسراوە 5 دۆلار، مێشكی ئەمریكی نوسراوە 9 دۆلار، مێشكی ئەڵمانی نوسراوە 20 دۆلار، مێشكی روسی نوسراوە 30 دۆلار، مێشكی ئەرجەنتینی نوسراوە 15دۆلار، ئینجا داشكاندن‌و هەرزانتریش دەبێت، بەمجۆرە نەتەوەكان مێشكیان هیچ پارە ناكات، كابرای كورد پرسیاری مێشكی كوردی دەكات، دەبینێت نوسراوە 3 دەفتەر دۆلار...توشی سەرسامی دەبێت، دەڵێت خێرە مێشكی كوردی ئەوەندە گرانە؟ پرسیار لەخاوەنی سۆپەرماركێتەكە دەكات. ئەویش دەڵێ: دەتوانی تەنانەت دوو مێشكیش بە هەرزان بكڕیت، بەڵام ئەوەی كورد بەهیچ شێوەیەك نرخەكەی كەمتر نابێت؟ كابرای كورد دەپرسێت بۆ؟ خاوەنی سۆپەرماركێتەكە دەڵێت: لەبەر ئەوەی مێشكی یابانی‌و ئەمریكی‌و فەرەنسی‌و ئەڵمانی‌و......ئەوەندە بەكارهاتووەو كاری كردووە بۆتە لەنگە، واتە بۆتە كۆنە، بەڵام مێشكی كورد بیلادیە، هیچ ئیشی پێوە نەكراوە، بۆیە زۆر گرانە، ئەوان مێشكیان بەكارناهێنن‌و چۆن لەدایك دەبن كە دەشمرن مێشكیان وەكو خۆیەتی و نوێیەو دەچێتە ژێرگلەوە.


ئەگەر نەتەوەی ئێمە پرسیاری گەورەی فكری‌و فەلسەفی‌و روناكبیری‌و رۆشنگەری بۆ دروست نەبێت، دەست نەبات بۆ دۆخی چاككردنی ژیانی خۆی، ئەم نوكتەیە حەقە مستمانە.


11/06/2016



وتارەکانی تری نوسەر