لینكەكانی ئێران

هەندرێن شێخ راغب

ئێران لینكی لەهەموو ناوچەكە هەیە، بەهۆی رێككەوتنە ئەتۆمیەكەشی چی دیكە خەونی خراپ بە ئەمریكا‌و ئیسرائیلەوە نابینێت. لەسوریا خاوەن ماڵە، لەعێراق لەمەیدانە، لە لوبنان‌و فەلەستین‌و یەمەن خاوەن هێزە. هەر پڕۆژەیەكی چارەسەری باسی لێوە بكرێت، یەكسەر دەگوترێت بەهاوكاری ئێرانیش! لەهەرێمی كوردستانیش تارمایی ئێران بەسەر نەخشەی سیاسی كوردیەوە دیارە. 9/8/2016 سەرۆك كۆماری توركیا چووە روسیا‌و گوتی: لەگەڵا روسیا‌و ئێران، بەرەیەكی توركی‌و ئێرانی‌و روسی دروست دەكەین بۆ چارەسەری كێشەی سوریا. نەیگوت: بەرەی روسی‌و توركی.؟ هەر دوای ئەمە هێشتا سەرۆكی توركیا نەگەیشتبۆوە سەر ئاسمانی ئەنقەرە، وەزیری دەرەوەی ئێران دەمێك بوو لە فڕۆكەكەی دابەزی بوو، بەدەموچاوێكی خڕی پڕ پێكەنینەوە دەیگوت: توركیا‌و ئێران‌و روسیا هەماهەنگی زۆریان لەهەموو بوارەكان هەیە، باسی تیرۆر‌و گروپی توندڕۆی دەكرد. بێگومان باسی سوریا‌و وەرەقە هەرێمیەكانی دەكرد. ئێران دەیەوێت نزیكبونەوەی روسیا‌و توركیا بكاتە دەستكەوتێكی دیكەی هەرێمی بۆخۆی‌و لینكی لەمەش هەبێت.
كۆبوونەوەی محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران و مەولود چاوەش ئۆغلوی وەزیری دەرەوەی توركیا تەوەرەی سەرەكی ئەوەبووە كە هەردوولا رێككەوتون لەسەر ئەوەی رێگا نەدەن كیانێكی كوردی سەربەخۆ لەسەر سوریا دروست ببێت. وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەی بەوە كرد كە گروپە كوردییەكان لە توركیا‌و  ئێران و سوریا مەترسین بۆ سەرمان. وەزیری دەرەوەی ئێرانیش باسی لەوە دەكرد كە بەهاوكاری توركیا‌و روسیا پرسی سوریا چارەسەر دەكەن. بەمجۆرە ئێران خەریكی لینككردنەوەی زیاترە لەئاستی سیاسەتی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی. كورد دەبێت خوێندنەوەی وردی بۆی هەبێت،دوای ئەوە پلانی خۆشی هەبێت.
 بەڵام شتێك هەیە دەبێت ئێران سەبارەت بە كورد بەهەڵەدا نەچێت، كوردانی سوریا دوای ئەوەی شاری منبەجیان رزگاركرد، پەندێكی چاكیان دایە هەموو لایەك، ئەزیەت دانی كوردانی عێراق‌و سوریا‌و ناوچەكە، بۆ ئاسایشی سنور‌و ناوخۆی ئێران زۆر باش نیە؟ بۆیە دەبێت لەنزیك بوونەوە لەگەڵا توركیا وریای كەوتنە چاڵی وەرەقەی كوردی بێت، ئەم وەرەقەیە شەرعیەتی دیموكراسی‌و نەتەوەیی‌و ئەخلاقی خۆی هەیە، كورد لە ئێرانیش كەم نین‌و دەبێت ئەم یاریە لەگەڵا توركیا نەكات، ئەمە زمانی هەڕەشە نیە بۆ ئێران، هێندەی وەبیرهێنانەوەی ئەوەیە كە كوردانی سوریا هەموو هاوكێشەكانی ناو سوریایان لەسنوری خۆیان تەفرو تونا كرد، رێگریان لەهەموو ئەجێندایەكی توركی كردووە، ئەم شكستە هی ستراتیژی توركیە، ئێران ئەوەندە كاڵفام نیە خۆی بكاتە شەریكە شكست.
بەڵام لەخۆخافڵا بوونیش زۆر مەترسیدارە، جموجۆڵێكی نێودەوڵەتی‌و هەرێمی هەیە، لەسەر پرسی سوریا‌و موصڵا، دەبێت كورد ئاگاداری لینكەكانی بێت. بە لینكەكانی ئێران‌و توركیا‌و روسیا‌و ئەمریكاشەوە. ئەوەتا لەحەسەكە هەندێك راستیمان بەئاشكرا بینی. كورد سیاسەتی نەتەوەیی خۆی نەبێت، فڕێی دەدەنە دەرەوەی گەمە سەرەكیەكانی داڕشتنەوەی نەخشەكانی ناوچەكە. ئایا كورد چۆن لە هاوكێشە تازەكانی ئێران‌و توركیا‌و هەنگاوە تازەكانیان دەڕوانێت؟ دەبێت لەخۆی خافڵا نەبێت، ئەگینا خافڵگیری دەكەن.



23/08/2016



وتارەکانی تری نوسەر