هەولێرو سلێمانی

هەندرێن شێخ راغب


هەولێر ناوەندی بڕیاری سیاسیە، سلێمانی ناوەندی بزوتنەوەی سیاسیە. هەر حیزب‌و رێكخراو‌و لایەنێك لەهەولێر لە بازنەی بڕیاری سیاسی نەبێت، پوكاوەیە. بەهەمان شێوە لەسلێمانیش لە بازنەی بزوتنەوە سیاسیەكە نەبیت، پوكاوەی. سلێمانی گیرۆدەی سیاسی نائیداری‌و خود پەرستە، كە نەوەی نوێشیان ئیحتیوا كردووە‌و شكستیان هێناوە لە دامەزراوەیی بون، هەولێر گیرۆدەی نەخوێندەواریەكی روناكبیری سیاسی‌و بەگومان‌و دەسەڵات ویستە. تەواوی جومگەی فەرهەنگی‌و سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و ئابوری‌و گۆرانكاریەكان لەم دوو شارەدا كۆكراونەتەوە، شاری سێیەم نەدروست دەبێت، نە گەشە دەكات، ئەمەش خەتای دوو هێزی سیاسی دەسەڵاتدارە. تێكچوونی پەیوەندی دوو هێزی سیاسی راستەوخۆ تێكچونی كەشوهەوای پەیوەندی نێوان ئەم دوو شارەیە. خەڵكی ئەم دوو شارە بەبێ ئەوەی ویستی خۆیانی لەسەر بێت، دەبنە كەرەستەی ململانێی دوو مۆدێلی دەسەڵات‌و سیاسی‌و حیزبی.

یەكێك لەرەگەزە خراپەكانی ژیانی سیاسی لەكوردستان ئەوەیە كە هەر بڕیارێكی سیاسی لەهەولێر پێچەوانەی دۆخی بزوتنەوە سیاسیەكەیە لە سلێمانی. زۆر كەم رێك دەكەوێت پێكەوە گونجانی سیاسی نێوان هەولێرو سلێمانی روو بدات، لە سیستەم‌و بیركردنەوەو بڕیار‌و هەنگاوەكانی بەرژەوەندیان پێكەوە ساز نین، ئەمەش دابەشكاری زەقی لەنێوان هەولێر‌و سلێمانی دروست كردووە. هەولێر شكستی پڕۆژە سیاسیەكانی دەخاتە ئەستۆی سلێمانی، سلێمانیش هەولێر بە هۆكاری شكستی دیموكراتیزەكردنی هەرێم‌و دۆخە چەقبەستووەكە دەزانێت.

سلێمانی‌و هەولێر لەوە دەرچوون چی دیكە دوو شاری مۆدێرنی نەتەوەیی هاوچەرخ بن، دوو زۆنی سیاسین‌و تەواو، ئەگەر وردتر بڵێم دوو شاری حیزبین. لەهەولێر چوم بۆ سلێمانی، پیاوێكی كاربەدەستی هەولێر پێی گوتم میوانی برادەرانی ئەودیو بووی؟ لەسلێمانی رۆشنبیرێكی زۆر ناسراو كە هاورێمە پێی گوتم: ئەوە لەهەولێری لای برادەرانی پارتی؟ خودایە ئەمە چیە، ئاخر هەولێرو سلێمانی چ كاریان بەم دوو حیزبەوە هەیە، با ناوچەی قورسایی سیاسی ئەوانیش بن. خۆ رەنگ‌و دەنگ‌و ناوچەو زێدی كوردو نەتەوەو پێكهاتەو دەیان شێوەی دیكەن، ئەرێ شارێك بە خڕو خڕی‌و پان‌و پانی دەكرێت بكرێتە ناوچەو كۆمیتەیەكی حیزبی؟ مانا وجودیەكەی حیزب لەمانا وجودیەكەی شار گەورەترە.. سمبولی حیزب دواجار سومبولی شاریشە. ئەگەر حیزبمان نەبێت، ئەوا شاریشمان نابێت. ئەمە پارچەپارچەكردنی وجودیانەی نەتەوەیە، بەجۆرێك لەئاستی فەرهەنگی‌و كۆمەڵایەتیش دابەشبوون لەناو نەتەوەدا دروست دەكات، وەك چۆن كاری زۆر جددی دەكرێت لەسەر ئەوەی هەولێرو سلێمانی بكرێنە دوو شاری تەواو بێگانە بەیەكتر.

سیاسەتی سەرەكی هەولێر ئەوەیە گەمارۆ، یان پارچەكردن، یان لاوازكردنی بزووتنەوەی سیاسی ناو سلێمانی بدات، مەترسی گەورەی لەبزوتنەوە سیاسیەكە هەیە‌و رۆژانە چاودێری دەكات. سلێمانیش هەموو هەوڵی ئەوەیە بڕیارە چارەنوسسازەكان لە هەولێر كۆنەبنەوە‌و هەموو بڕیارەكانی كوردستان لەهەولێر نەدرێن.


05/09/2016



وتارەکانی تری نوسەر