شتێك نەماوە بۆ تەریق بوونەوە
هەندرێن شێخ راغب
خەڵك موچەی نیە، ژیانی بۆتە دۆزەخ، شكۆی مامۆستاو زانستو پەروەردە بەجۆرێك شكاوە ئیدی شتێك نەماوە بۆ تەریق بوونەوە. لەبری ئەوەی لەكەللەی بەتاڵی پڕ جەنگی خوێناوی حیزبایەتی بێنە خوارەوە، شەڕێكی نائەخلاقی بەناوی حیزبایەتی لەسەر موچەی خەڵك بەڕێودەچێت، ئەو دەڵێت مالیكیو فڵانو فڵان دژی سەربەخۆین؟؟؟ ئەو دەڵێ لەبەر خاتری سەرۆك پارەو قوتی خەڵك نادرێت؟؟ئەو دەڵێت پلانێكی فڵان حیزب ئاشكرا بوو؟؟؟ئەو دەڵێت فڵان حیزب لەگەڵ فڵان پڕۆژە نیە؟؟؟ شەڕێكی جاهیلانەی حیزبەكان لەسەر موچەو قوتی خەڵك بەڕێوەدەچێت كە هیچ سنورێكی ئەخلاقی نەماوە نەیبەزێنێت..تۆ تەماشا بكە سەیری قسەكانی بەڕێوەبەری گشتی ناكەن ئەڵێن حیزبەكەی وایگوت؟؟ تۆ تەماشا بكە سەیری هەوڵەكانی جێگری سەرۆكی پەرلەمان ناكەن ئەڵێن حیزبەكەی لەپشتیەتی؟؟ هەی جاهیلو دڵ پڕ كینەو بوغزو كوشتن. ئەوەتا خەڵك لەبەر بێ موچەییو بێ ژیانی كەوتۆتە سەرجاددە، كەچی ئێوە خەریكی رشتنی ژەهری پیسی پڕ كینەی حیزبایەتی خۆتانن. چەندین ساڵە بە بالۆرەی كینەو یەكتر شكاندنو سوك كردنی یەكتر خەریكی هاڕینی داهاتووی ئەم میللەتەن. خەریكی هەلاهەلاكردنی ئەم میللەتەن.
پارەو نەوتو داراییو قوتی خەڵكو موچەتان كردۆتە مەهزەلەی موزادەیەی سیاسیو رشتنی ژەهری حیزبایەتیتان. ئەوەی خەمی راستەقینەتان نیە ژیانی خەڵكە.
چوار حیزبەكەی خاوەن شەست كورسی، ئەرێ پێم ناڵێن ئیشتان بە بەغداو عەبادی چیە؟؟؟ پارتی موچەو پارە نادات؟؟؟ دە ئازا بن خاوەنی شەست كورسین وەرن دانیشتنی پەرلەمان رێك بخەنو بانگی وەزیرو گزیری نەوتو پارە بكەنو هەموو شتێك بخەنەروو.. خاوەنی شەست كورسینو داوا دەكەن پەرلەمان كارا بكرێتەوە؟ كێ پەرلەمان كارا بكاتەوە عەرەبانچیەكانی دارەسوتاوەكەو شێخەڵا یان ئێوەی خاوەنی شەست كورسی..هەی ترسنۆكینە؟؟؟ ئەگەر پارە لەلای حیزبی دەسەڵاتداری هەولێرە، بۆچی نایەن بە شەست كورسیو خۆپیشاندانی گەورە گەورە بەرۆكی بگرنو پارەی لێوەربگرن، ئیشی ئێوە لە هەولێرە نەوەكو لای عەبادیو مالكی؟ بەسە ئەم میللەتە شەست كورسی پەرلەمانی داوەتە دەست ئێوە، كەچی خەریكی خۆ خواردنو موزایەدەی جاهیلانەی حیزبایەتین.
مەڕۆن بۆ بەغدا، بۆ لای عەبادیو مالیكی..وەرن بە ئەمیرو ئەمیندارو جفاتی نیشتمانیو جێگرانی سكرتێرو باڵی دەسترۆیشتوو بەرپرسی مەڵبەندو لقەكانتانو تەواوی كادیرانتان رێگای هەولێر بگرنە بەرو راستەوخۆو راشكاوو لەگەڵ حیزبی دەسەڵاتداری هەولێر هەموو راستیەك روون بكەنەوە؟ وەرن فشاری جدی لەسەر حیزبی دەسەڵاتداری هەولێر دروست بكەن، بەڵام نەك بۆ شەڕی ناوخۆو دێگەڵەو پردێ، بەڵكو بۆ ئاشتیەوایی نیشتمانیو چارەسەری قەیرانی سیاسیو دارایی.
حیزبە دەسەڵاتدارەكەی هەولێر، بەسە واز لەگرێی مالیكیو بەغدا بهێنە، خەڵك بەنوێژی نیوەڕۆ لە لافیتەو دروشمەكانیان نوسراوە، لەسەر كورسی سەرۆكایەتی موچەو قوتمان بڕاوە.. بۆ ناچیت بۆ سلێمانی؟ بۆ ناچیت روبەرو لەگەڵ میللەتەكەت دابنیشی؟؟ بڕۆ بۆ ناو خۆپیشاندەرانو مایك وەربگرەو پێیان بڵێ من هۆكاری برسی كردنی ئێوە نیم، ئەم مامۆستاو فەرمانبەرانەی سلێمانی میللەتی خۆتن؟ لەسەر شەڕە حیزب هەموو دەرگایەكتان لەرووی میللەت داخستووە، ئاخر ئەگەر ئەوانەی سلێمانی بێنە هەولێرو تەوقەت لەگەڵ بكەن، ئەڵێن تەنازوولیان بۆ حیزبەكەی هەولێر كرد، ئەگەر ئەویش بچێتە سلێمانی دەڵێن تەنازولی بۆ حیزبەكانی سلێمانی كرد، بەمجۆرە خەڵكتان هاڕیوە، ژیانتان وەستاندووە، هەرێمی كوردستانتان وێران كردووە. وەرن دەست لەناو دەست بەرەو ئاشتیەوایی. وەرن ئەوە گەورەیە كە تەنازول بۆ میللەتەكەی دەكات. ئەی ئەوانەی جەهلی حیزبایەتی كوێری كردوون، بەسە تۆزێك تەریق ببنەوە تاوەكو ئەم جەهلە سەری نەخواردووین.
14/11/2016
وتارەکانی تری نوسەر