موچە‌و شیعە‌و یاسا

هەندرێن شێخ راغب

كێشەی موچە‌و بژێوی موچەخۆران‌و هاوڵاتیانی كوردستان، كوردی پەلكێشی بەغدا كردۆتەوە، بەشێكی سەرەكی هێزە كوردیەكان هەوڵ دەدەن گرێی نەبونی موچە لەبەغدا بكەنەوە. بەكورتی ئەم بابەتە لە نێوان كورد‌و شیعە تێكەڵی وەرەقەی سیاسی بووە..؟؟ ئێمەی كورد كە لەگەڵ كابینەی شیعەكان لەبەغدا گرفتی بودجە‌و موچەمان هەیە، دەبێت كۆسپی گەورە‌و بێزاركەر بخەینە بەردەم پێی شیعەكان ( بەگوێرەی هێزمان) واتە لەكاتی دەرچوونی یاسای حەشدی شەعبی، كوتلە كوردیەكان بەتایبەت یەكێتی‌و گۆڕان دەبوو هەرایەكی بێزاركەیان بۆ شیعەكان دروست بكردبوایە، دەنگدان بۆ ئەم بابەتەیان ببەستبوایەتەوە بە پێدانی موچەی فەرمانبەران، بەكورتی مەهێڵن شیعەكان هیچ هەنگاوێكی یاسایی بنێن بە ئاسانی‌و پێویستە بێزاركەر بن، بۆ ئەوەی بەرامبەر بەوە خواستی بودجە‌و موچە جێبەجێ بكەن. بۆچونم وایە تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی وەرەقەیەكی سیاسی گرنگ بوو بۆ كورد كە لەدەستیدا، دەبوو نەیهێشتبوایە بەم ئاسانییە شیعە ئەم گۆڵە مەزنە لە پرۆسەی سیاسی عێراق بكەن. دەبوو لەئاستی ئیقلیمی‌و نێودەوڵەتیش باڵیۆزو نوێنەرانی دنیایان هێنابایە سەر خەت، بەرامبەر بەوەش لە دیوی دیكەدا لەگەڵ شیعەكان گفتوگۆی جددیان بكردبوایە سەبارەت بە بەرژەوەندی هاوبەش.. ئەگەر مەسەلەكەش ئێرانە‌و كورد دەرەقەتی هەژمونی ئێران نایات ئەوا دەكرا بۆ ئەم مەبەستە لەرێگای باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا هەوڵی باش بدرێت.. نوێنەرانی كورد پێویستە هەموو جۆرە وەرەقەیەك بەرامبەر شیعەكان بەكاربهێنن بۆ ئەوەی ملكەچی خواستەكانی كورد بن لەم قۆناغە..
ئەگەر سەبارەت بە یاسای حەشدی شەعبی لەبارەی ئەوەی وەرەقەیەكی سیاسی گرنگ بوو لەدەست كورد دەرچوو، هەڵەیەكی یاساییم هەیە‌و ئاگاداری وردەكاری هەوڵی نوێنەرانی كورد نیم، ئەوا مەمنون دەبم زانیاریەكانم بۆ راست بكەنەوە، ئەگەر بۆچونەكەشم راستە ئەوا بۆ كاری داهاتووی شیعەكان وریا بن‌و مەهێڵن شیعە گۆڵی لەمجۆرە بكات.
كاتی خۆی دوای 2003 شیعەكان ویستیان یاسای مافی ژنان دەربكەن‌و لەمەجلیسی حوكم ئیمزاشیان كرد، كە رۆژی فاتمە زەهرا بكرێتە رۆژی ژنانی عێراق، نەوەكو رۆژی هەشتی مارس، بەڵام بەهەوڵی كورد‌و ئەمریكا رێگری كرا لەم بۆنە شیعەیە. بۆ مەسەلەی یاسای حەشدی شەعبیش نەدەبوو بەم ئاسانیە كورد رازی بێت.


01/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر