قوتی خەڵك

هەندرێن شێخ راغب


مانای نیە ماوەی دوو ساڵە نرخی نەوت بڕە پارەیەكی باش دەكات‌و لانی كەم لە (45) دۆلار نرخەكەی دانەبەزیوە، بەپێی پلانەكانی حكومەتیش بەم نرخە قەیرانی موچە نەدەما. بەڵام پاشەكەوتی موچە بەردەوامە‌و حكومەتی هەرێم پلانی دەربازكردنی ئەم قەیرانەی نیە، ئەوەی هەیە قەیرانی دارایی لەكوردستان بۆتە قەیرانی سیاسی‌وحزبی..حزبەكان كردویانەتە وەسیلەی هێرشكردنە سەر ئەوی دی، ئەمەش تەواو چاوەڕوانكراوە ؟، چونكە نەوت‌و قوتی خەڵك بەدەست حزبەكانەوەیە؟ دامەزراوە بونی نیە‌و شكڵیە؟؟...پێنج حزبە بەشداربووەكەی كابینەی هەشتی حكومەتی هەرێم ماوەی دوو ساڵە دەستەپاچەن بەرامبەر نەهامەتی دارایی‌و ئابوری، نە ئەوەیە كابینەی حكومەت بەجێ بهێڵن، نە ئەوەشە چارەسەرێكی گونجاو بدۆزنەوە. بۆنمونە ماوەی شەش مانگە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان راپۆرتی مانگانەی نیە، كەچی حزبە بەشداربووەكانی حكومەتی هەرێم نقەیان لێوە نایەت، ئەمەش مانای وانیە دیارە ئاگاداری كەین وبەینن، ئەگینا دەبوو لەسەر ئەم هەموو شكستە ئابوریە هەڵوێستی باشیان هەبوایە..لێرەدا با هەندێك خاڵ بخەینە روو:
یەكەم/ حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵا كۆمپانیایەكی بیانی ئیمزا كرد بۆ شەفافیەتی نەوت(دیلۆت بوو یان دیلێت، ببورن ئەگەر ناوەكەی باش نەزانم؟؟؟؟). كەس نازانێت ئەم برادەرانەی شەفافیەت چیانكرد‌و چیان لێهاتووە‌و دەستكەوتیان چی بووەو خەریكی چین؟
دووەم/ ماوەی شەش مانگە راپۆرتی هەناردە‌و فرۆشی نەوت دیار نیە، لەكاتێكدا رۆژانە نەوتی هەرێمی كوردستان دەڕوات بۆ بازاڕەكانی دەرەوە‌و توركیا بەردەوامە لەمامەڵەی نەوتی لەگەڵا هەرێم..كەچی قەیرانی دارایی‌و موچەو شكستی بازاڕ‌و پڕۆژەكان وەكو خۆیەتی، كەواتە مانای وایە سیاسەتی فرۆشی نەوت شكستی هێنا.
سێیەم/ حزبە بەشداربووەكانی حكومەتی هەرێم، حزبەكانی دەرەوەی حكومەتیش، بە هەموو لایەنە جیاوازەكانەوە، بە عەلمانی‌و چەپ‌و ئیسلامیشیەوە، دەركەوت زۆر لاوازن لە روئیای ئابوری‌و دارایی، ناتوانن هیچ جۆرە گۆڕانێك لە دۆخ‌و قوتی خەڵكی كوردستان بكەن.
چوارەم/ نەبوونی پەرلەمان‌و نەمانی چاودێری بەسەر حكومەتەوە، بەتەواوی حكومەتی بێ منەت كردووە لەهەموو جۆرە لێپرسینەوەیەك، دوو شوێن بەردەوام چاودێری حكومەتیان دەكرد، پەرلەمان‌و راگەیاندن، پەرلەمانیان داخست، راگەیاندنیشیان كۆنتڕۆڵ كرد‌و بەشەكەی دیكەی  راگەیاندنیش هیچ جۆرە زانیاریەكی ماقولیان پێ نادەن.
پێنجەم/ گوتیان مالكی شەیتانە‌و نان وبودجەو قوتی خەڵكی كوردستانی بڕیوە. بەڵام دوای هاتنی عەبادی ئەم بابەتە بەردەوامە، تەنانەت عەبادی پارەی گەنمی جوتیارانیش نانێرێت وەكو پێویست‌و رۆژانە ئیستفزازی ئیدارەی هەرێم دەكات سەبارەت بە پارەی جوتیاران، ئەرێ خێرە هەر باسی مالكی دەكەن‌و بەرامبەر حەیدەر عەبادی نوقەتان نیە.
شەشەم/ لەكاتی پەسەندكردنی بودجەی عێراق، هەرایەكی زۆر گەورە دروست بوو، لەسەر ئەوەی كە ئیدی حكومەتی عێراق‌و هەرێم هەردووكیان پابەندن بەوەی كێشەی دارایی‌و موچە چارەسەر بكەن، بەڵام وا ساڵ بەنیوە بوو هیچمان نەبینی؟ فراكسیۆنە كوردستانیەكان چی وەڵامی ئەم هەموو هاتوهاوارە دەدەنەوە كە بۆ خەڵكی كوردستان لەم بارەیەوە دروستیان كرد.
حەوتەم/ پەرلەمانی كوردستان یاسای صندوقی نەوتی پەسەند كرد، كە دەبێت داهات‌و فرۆشی نەوت بخرێتە صندوقەكەوە‌و خەڵكی كوردستان بیزانێت، كەچی لەگەڵ داخستنی پەرلەمان صندوقەكەیان شكاند‌و هەر پارچەیان فڕێدا شوێنێك، ئەمەش مانای وایە سیاسەتی نەوتی هەرێم كارتی گەمەی حزبی‌و سیاسیە نەوەكو هۆكاری خۆشگوزەرانی خەڵكی كوردستان.
ئێستا ژیانی دارایی‌و بازرگانی‌و پڕۆژە‌و موچە‌و خزمەتگوزاریەكان شكستس هێناوە‌و نیە‌و قەیرانی سەخت هەیە، كەچی تەنها بە لێدوانی رۆژنامەوانی هەوڵی ئارامكردنەوەی دۆخەكە دەدەن. لەكاتێكدا كاری دەوڵەتداری بەمجۆرە خاوە خاوە ناچێتە رێوە.



27/05/2017



وتارەکانی تری نوسەر