روبەرەكانی سیاسەت( فەیسبوك وەك دوا وێستگە)

هەندرێن شێخ راغب


بۆچی حیزبەكانی ئێمە چالاكی سیاسیان هێناوەتە ناو فەیسبوك؟ هۆكاری سەرەكی چیە ئەندام‌و كادیرەكان بەتایبەت ئەوانەی لە ئۆرگانەكانی خوارەوەن رەخنە‌و بۆچون‌و پێشنیارو دەردە دڵیان هێناوەتە ناو پەیجەكانیان‌و لەفەیسبوك قسەی خۆیان دەكەن؟ دەبێت لەكام روبەری سیاسی خەریكی دەربڕین بین؟ پرسیاری زۆر‌و وەڵامی زۆریش هەیە بۆ ئەم بوارە..كە دەكرێت ئێمە دەرگای جیاواز لەسەر ئەم كایە بكەینەوە.
ئەگەر پەرلەمان كارا بوایە، گوێی لێ بگیردرابوایە، رۆژانە پەرلەمانتاران قسەی خۆیان لە لیژنە‌و كۆبونەوەو دانیشتنی ناو پەرلەمان كردبوایە، بێگومان زۆر كەم لەفەیسبوك قسەیان دەكرد دەرفەت‌و تاقەتیان كەم دەبوو بۆ ئەوەی لەفەیسبوك رای خۆیان بڵێن، بەڵام تۆ دەرگای پەرلەمان  دابخەیت‌و بتەوێت دەمی پەرلەمان قفڵ بكەیت، بێگومان ئەوانیش روبەری دیكە بۆ قسەكردن دەدۆزنەوە. ئەگەر شەقام‌و گردبوونەوە‌و بایكۆت‌و خۆپیشاندانی چین‌و توێژەكان گوێی لێ بگیردرابوایە، دەزگای فەرمی وڵات روبەروو كێشە‌و داواكاریەكان تاوتوێ بكات‌و وەڵامی چارەسەری گونجاوی بۆ هەبێت، بێگومان هاوڵاتیان‌و چین‌و توێژەكان ئەوكات فەیسبوك ناكەنە روبەری توڕەیی‌و دەنگ هەڵبڕینیان..تۆ كە ناهێڵی لەسەر شەقام رای خۆمان بڵێین‌و گردبونەوە‌و بایكۆت قبوڵ ناكەی‌و گوێ ناگریت، بێگومان گردبونەوە‌و بایكۆت‌و داواكاریەكان دەچنە ناو تۆڕەكانی فەیسبوك.
یەكێكی دیكە لەهۆكارەكانی سیاسەت‌و حیزبایەتی ناو فەیسبوك ئەوەیە كە سەركردایەتی حیزبەكانی كوردستان، بەرپرسە باڵاكان زۆر لە ئۆرگانەكانی خوارەوە‌و چین‌و توێژەكان دابڕاون، ئەوان لە دۆڵێك‌و خەڵكیش لە دۆڵێكە، ئەگەر سەركردایەتی حیزبەكان ناوە ناوە كادیرو ئەندام‌و ئۆرگانەكانی خۆیان ببینن‌و گوێیان لێبگرن، ئەوانیش ئامادە نین هانا بۆ فەیسبوك ببەن‌و لەوێوە روو لە حیزبەكانیان بكەن‌و داوای خۆیان بخەنە روو..
دەسەڵاتی حوكمڕانی كوردی خەریكی بەرنامەی خۆیەتی‌و شەفاف نیە، حیزبەكان كەمترین زانیاری باوەڕ پێكراویان چنگ دەكەوێت، هەر بۆ نمونە دۆسیەی نەوت، لەم كاتەشدا كە حكومەت لەگەڵا حیزبەكان رایەڵەیەكی باش‌و گونجاوی نەبێت، ئەوا حیزبەكان لە روبەری فەیسبوك خەریكی وەلامدانەوەی گومان‌و پرسیارو بۆچونەكانی خۆیان دەبن.
روبەرێكی دیكە قسەكردنە لەناو میدیا، حیزبەكان‌و پەرلەمانتار‌و رۆشنبیر‌و هاوڵاتیان رۆژانە بەردەوام لەسەر تەواوی كایەكانی سیاسی خەریكی قسەكردنن، ئەوەی لەناو میدیا دەگوترێت هیچی كەمتر نیە ئەوەی لەفەیسبوك دەگوترێت. بەڵام وەكو ئەوانی دیكە كەمتر گوێی لێدەگیردرێت.
روبەرەكانی سیاسەت كردن گیرۆدە‌و شێواو‌و پڕ كێشەیە، هەربۆیە ئەم واقعە وەكو خۆی لەناو فەیسبوك وێنای خۆی دەكات، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی ئاستی دڕدۆنگی بەرامبەر یەكتر‌و حیزبەكان یەكتر بە چالاكوانی ناو فەیسبوك پێناسە بكەن.
هەندێك كەسیش هەیە لەمێژووی سیاسی‌و حیزبی خۆی، شكست خواردووە، گرێی شكستەكانی لەناو فەیسبوك بەرامبەر ئەو كەس‌و لایەنانە دەكاتەوە كە بەهۆكاری شكستەكانی خۆی دەزانێت،بۆیە باش‌و خراپ ئەوەی لەناو دڵیدا كۆی كردۆتەوە هەڵیدەڕێژێت..لایەنی دیكەش هەیە كە میدیا‌و حیزب‌و بەرپرس‌و شەقام گوێی لێ ناگرن، بۆیە ناچارانە پەنا بۆ ئەكاونت‌و پەیجی خۆی دەبات‌و ناچارە لەوێوە قسەی خۆی بكات كە بەڕاستی خاوەنی بۆچونی تایبەت‌و گرنگیشە، بەڵام پیاوی كەس نیە، بۆیە پەراوێزخراوە.
حیزبەكان‌و سیاسیەكان دەبێت ئەوەش بزانن كۆی كایەكانی ژیان بە سیاسی‌و حیزبی كراوە، هەربۆیە زۆرترین روبەرو قسەكردن‌و كاركردن داگیر دەكات، هاوڵاتیان چارەنوسی بژێوی‌و دامەزراندن‌و پێگەی كارگێڕی‌و سیاسی‌و دەسەڵاتیان بەحیزبەكانەوە گرێدراوە، هەر بۆیە زۆرترین روبەری راوبۆچونەكانیان داگیر دەكات بە ئەكاونتی فەیسبوكیشەوە..هەر كاتێك حیزب ئەو روبەرە گەورەیە لەناو ژیانی خەڵك داگیرنەكات، ئەوا لەفەیسبوكیش هەبونی كەم دەبێتەوە.
ئەگەر بۆ حیزبەكان كایەی دیكەی سیاسەت كردن ئازاد نەبێت، ئەوا فەیسبوك دنیایەكی ئازاد‌و پان‌و بەرینە بۆ حیزبایەتی كردن.
دەبێت ئەوەش بڵێین هۆكارێكی دیكەی سەرەكی ئەوەیە كە فەیسبوك وەكو شەقام‌و پەرلەمان‌و میدیا‌و ناوەندەكان نیە، زوو بە چەك‌و پۆلیس‌و داخستن دەمی دابخرێت، دنیایەكە سانسۆر ناكرێت، رێگات پێ لێناگیرێت، ئەكاونتی كەسێك دابخەیت‌و دەتوانێت بەناوێكی دیكەوە دروستی بكاتەوە. كاركردنی ئاسان‌و فەردی‌و نائاشكرایە‌و دەتوانیت هەرچی هەتە بیخەیتەروو.


08/06/2017



وتارەکانی تری نوسەر