حزبی بچوك..دوكانی سیاسی..پاشكۆ؟؟

هەندرێن شێخ راغب
هەموو حیزبێكی سیاسی، شوناس لە خەبات‌و تەمەن‌و هەڵوێستەكانی وەردەگرێت، ئەوەی شوناسی پێ دەبەخشێت  تەمەنی سیاسی خۆیەتی بەپلەی یەكەم، حیزبە كوردیەكان هەر یەكەو بەپێی خەباتی سیاسی خۆی شوناسێكی دیاریكراوی خۆی هەیە.
 هەندێك لەو حیزبانە شوناسی بچوك‌و چەند چەمكێكی دیكەیان خراوەتە پاڵ. بەڵام راستیەكەی نە حیزبە گەورەكان گەورەی سروشتین، نە حیزبە بچوكەكانیش بچوكی  سروشتین. ئەوانەی گەورەن خاوەنی دراو‌و دەسەڵات‌و داگیركەری كۆی جومگەكانی بەڕێوەبردنی كۆمەڵگان‌و خەریكی قوتدانی جەستەی كۆمەڵگان بۆیە ناچاری بژێوی ژیان وایكردووە جەماوەری بەرفراوان لەدەوریان بن. بەڵام حیزبە بچوكەكان دراو، دەسەڵات، خانەنشین، تەعینكردن، گومرگ، چەك..هتد لەدەست نیە بۆیە خەڵكی بەدەورەوە نیە. ئەگەر حیزبە بچوكەكان موچەی چاك‌و تەعینات‌و گومرگ‌و فەرمانگەی حكومەتیان بەدەست بێت گەورە گەورە دەبن‌و هەزاران خێزان‌و هاوڵاتی لەدەوریان كۆدەبنەوە. ئەمەش بەهەردوو بارەكەیدا هەم بۆ حیزبە گەورەكان هەم بۆ حیزبە بچوكەكان ئەوپەڕی گەندەڵی‌و ناسروشتی‌و دوورە لە ئامانجی راستەقینەی حیزبایەتی.
حیزب دەبێت بەهەڵوێستی نیشتمانی، سیاسی، نەتەوەیی، دیموكراسی‌و ئازادی گەورە بێت، نەوەكو بەجەستە، حیزب دەبێت بە پاكی‌و هەڵوێستی مێژویی گەورە بێت، نەوەكو بە زۆرو بۆری بارەگا..حیزب دەبێت بەوێستگەكانی تەمەنی خەباتی خۆی گەورە بێت نەوەكو بە تەزویركردن..حیزب دەبێت خاوەنی كەسایەتی سیاسی خۆی بێت، نەوەكو هەر جارە لە ئاوازێك بخوێنێت، حیزب دەبێت بەفكر گەورە بێت نەوەكو بە هاشوهوش..حیزبە بچوكەكانی كوردستان لەبەر ئەوە بچوك نین كە خیانەتیان كردبێت،لەبەر ئەوە بچوك نین، چونكە گەندەڵیان كردووە، لەبەر ئەوە بچوك نین، چونكە پەرلەمانیان داخستووە، لەبەر ئەوە بچوك نین، چونكە سزادراون لەسەر تەزویركردنی بێ شومار، حیزبە بچوكەكان لەسەر ئەوە بچوك نین، كە خاوەنی فكرو دامەزراوەو كۆنگرەی شەرعی نین.. بەڵكو لەسەر ئەوە بچوكن كە فەوجی گەورەی چەكداریان نیە؟ لەبەر ئەوە بچوكن خاوەنی گومرگ‌و پاڵاوگەی نەوتی نا یاسایی نین؟ لەبەر ئەوە بچوكن چونكە بەهەزاران كەسیان بە نایاسایی خانەنشین نەكردووە، لەبەر ئەوە بچوكن چونكە تەزویریان نەكردووە. لەبەر ئەوە بچوكن چونكە داهاتی خەڵك‌و حكومەتیان نەكردۆتە داهاتی حیزب..لەبەرئەوە بچوكن چونكە كەناڵی سەتەلایەتی زۆرو بۆریان بە پارەی میللەت دانەناوە..؟؟ 
حیزبە بچوكەكان سلبیاتی خۆشیان هەیە..هەندێ جارو لەهەندێ وێستگەی سیاسیدا، زۆر لە حیزبە دەسەڵاتدارەكان دەچنە پێشەوە، ئەمەش وا دەكات هاوسەنگی لەدەست بدەن، بۆیەش ئەوكاتە خەڵك ناهەقی نیە پێیان بڵێت دوكانی سیاسی‌و پاشكۆی فڵان‌و فڵان..لە ئەزمونی هاوسەنگی راگرتنی كاری سیاسی خۆیاندا حیزبە بچوكەكان؟؟ شارەزا نین‌و زوو دەكەونە ژێر كاریگەری گوتاری باڵادەست، ئەمەش زەبریان لێ دەدات‌و كار لە پێگەیان دەكات لەناو جەماوەر. حیزبە بچوكەكان(دیارە من بۆچونی دیكەم هەیە لەسەر بچوك‌و گەورە لەوتاری دیكەدا رونم كردۆتەوە) خەنجەریان تیژ نیە بەرامبەر حیزبە گەورەكان.. هەندێ جار سەركردایەتی ئەم حیزبە بچوكانە دەكەونە ژێر كاریگەری بەرژەوەندی‌و پۆست‌و ئیمتیازاتی دەسەڵات، ئەمەش زەبری گەورەیان لێ دەدات..لەم كاتەدا دەكەونە بەردەم گوتارێكی رەخنەیی توندەوەو پێیان دەڵێن دوكانی سیاسی یان پاشكۆ..
ئێستا ئێمە لە وێستگەیەكی مێژویی گرنگدا دەژین، حیزبە گەورەكان فەشەلیان هێناوە لە دیسپلینی كاری حیزبی‌و جەماوەریان بە بەڵێنی پارەو دەسەڵات‌و ئیمیتازات راگرتوە، دیارە خەڵكی خاوەن شەهید‌و تێكۆشەریان زۆرە هیوام ئەوەیە وا تێ نەگەن من بەرەهایی قسە دەكەم..بەڵام بەگشتی ئێستا كاتی بچوك بوونەوەی حیزبە گەورەكانە، هەر بۆنمونە فەشەلیان لە حوكمڕانی باشترین دەرفەتە بۆ ئەوەی خەڵك سزایان بدات.. لە دابینكردنی كارەبا، ئاوی خواردنەوە، خزمەتگوزاری، تەندروستی، پەروەردە، هەلی كار فەشەلیان هێناوە..موچەیان پێ نادرێت‌و حكومەتیان شكست خواردووە، نەیانتوانی سوپای نیشتمانی كوردستانی دروست بكەن. نەیانتوانی دیموكراسی قبوڵا بكەن‌و دوو ساڵە دەرگای پەرلەمانیان داخستووە، داخستنی پەرلەمان ئەتككردنی كوردایەتیە..لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ناگەنە رێككەوتن..بۆیە گرنگە هۆشیاری هاوڵاتیانی كوردستان ببێتە هۆی سزادانی ئەم حیزبە گەورانە‌و لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بە دەنگی خۆیان بچوكیان بكەنەوە. بچوكەكانیش فەرمون سیاسەتێكی بوێرانەو كاری جددی بكەن‌و ئامادە بن بۆ ئەوەی بە دیموكراسی‌و دەنگی خەڵك گەورە بن. ئەگینا مێژوو جێتان دەهێڵێت‌و تووڕە مەبن كاتێك پێتان دەڵێن دوكانی سیاسی‌و پاشكۆ؟؟؟.
لەسیستەمی دیموكراسی حیزبی گەورەی ئەبەدی نیە، حیزبی بچوكی ئەبەدیش نیە، بەڵكو لەهەڵبژاردنێكدا حیزب هەیە گەورە دەبێت، بەڵام لە داهاتودا بچوك دەبێتەوە كاتێك ئیش ناكات بۆ خەڵك..حیزبی گەورەی ئەبەدی خەونێكی دیكتاتۆریانەیە، تەنها دیكتاتۆرەكان دەیانەوێت دەسەڵاتیان ئەبەدی بێت، حیزبە دیموكراسی‌و ئازادیخوازو خاوەن بەرنامەی عەدالەتی كۆمەڵایەتی، كار لەسەر ئەوە دەكات بە مێژوو، خەبات، خزمەتكردن‌و راستگۆیی لەگەڵا بنەمای فكری خۆی بۆ ئەبەد گەورە بێت، نەوەكو بەدەسەڵات‌و دراو ئەبەدی گەورە بێت. حیزبە دیموكراسی‌و ئازادیخوازەكان لە نێوان دوو هەڵبژاردن بە بەرنامەی سیاسی خۆیان دەیانەوێت گەورە بن، نەوەكو خەونی گەورە بوونی ئەبەدیان هەبێت. ئەوە دیكتاتۆرەكانن بەهیچ شێوەیەك نایانەوێت دەستبەرداری جەستەی گەورەی دەسەڵاتی خۆیان بن. بەڵام دیموكراسی‌و ئازادیخوازەكان لەهەڵبژاردنێك دەبەنەوە‌و لەهەڵبژاردنێكیش دەدۆڕێن‌و دنیاش خراپ نابێت؟.   


04/08/2017



وتارەکانی تری نوسەر