لە دەقیقەی كۆتایدا...

هەندرێن شێخ راغب


دوای داگیركاریەكانی عێراق‌و دەستبەسەرداگرتنی بیرە نەوتەكان‌و داخستنی سنورەكان، پەشێویەكی زۆر كەوتە ناو حوكمڕانی كوردیەوە، یەكێك لە پەشێویە توندەكان چارەنوسی حكومەتی هەرێم بوو، هەر زوو چەند لایەنێكی سیاسی داوای هەڵوەشانەوەی حكومەتی ئێستایان كردو پێداگیریان كرد لەسەر دروست كردنی حكومەتی رزگاری نیشتمانی. بەڵام لە دەققەی كۆتایی ئەمریكا بەپلەی یەكەم‌و ئەوروپا بە پلەی دووەم فریای حكومەتی هەرێم كەوتن، دوای ئەوەی ئەمریكا رایگەیاند بە فەرمی مامەڵە لەگەڵ حكومەتی ئێستای هەرێمی كوردستان دەكەن و بەوەش نەوەستا ناوی سەرۆك‌و جێگرەكەشی هێنا؟؟. بەم پشتیگریەی ئێستا دەرفەتێكی زۆر گرنگ بەڵام هەستیاریش لەبەردەم حكومەتی هەرێمدایە، كە نەیارەكانی بەهەموو شێوەیەك پێیان وایە توانای مامەڵەكردنی لەگەڵ ئەم دەرفەتانە نیە؟. ئەگەر تاوەكو هەڵبژاردنی داهاتوو ئەم حكومەتەی ئێستا بتوانێت سێ ئەرك جێبەجێ بكات، بۆچونم وایە شانسێكی گەورەی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەگەر ئەوەش نەكات كێشەكانی ئێستای ناو هەناوی كۆمەڵگای كوردی زۆر بەزەقی دێنەوە بەردەمیان و دەتەقنەوە..

ئەركی یەكەم: دەبێت چارەنوسی موچە‌و قوتی خەڵك یەكلایی بكاتەوە، چی دیكە بەم جۆرە سیاسەتە ناتوانێت ئیدارەی مەلەفی موچە بدات، خەڵك هەژارو نەدارو گیرفانی چۆڵە، زۆر قوڵ هەست بە هەژاری و نەداری دەكات. حكومەت دەبێت لەرێگای عێراق، نەوتی ناوخۆ، روسنەفت چونكە روسنەفت پەیمانی داوە رۆژانە یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان بفرۆشێت، نەوتەكەش لەبەردەستی حكومەتی هەرێمە..بۆیە دەبێت موچە چارەسەر بكات.

ئەركی دووەم: ئاشتیەوایی نیشتمانی‌و گوێگرتن لە لایەنە سیاسیە ناڕازیەكان، بۆ نمونە بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵ، یەكێتی، پارتی، یەكگرتوو، پەیوەندی و لەیەك تێگەیشتنی نێوانیان زۆر خراپ‌و بێ متمانەو پڕ كێشەیە، بۆیە دەبێت دۆخی سیاسی هەرێم ئارام بكاتەوەو هەر چۆنێك بێت هەوڵی لەیەك نزیكبونەوەی لایەنەكان بدات، ئەمەش بە گەڕانەوەی متمانە دەبێت وەكو ئەولەویەت.

ئەركی سێیەم: هەوڵ بدات جەنگ روو نەداتەوەو لەگەڵ بەغدا بگاتە شوێنێكی گونجاو بۆ دیالۆگ و چارەسەری سیاسیانەی كێشەكان، هەرچەندە دروست بوونەوەی جەنگ ئەمجارە ماناو روداوو دەرەنجامی دیكەی دەبێت، بەڵام بۆ ناو كۆمەڵگای كوردی روو نەدانەوەی جەنگ گرنگەو لەم شەكەتی‌و هیلاكیە جفاكیە بنەمای ئارام بوونەوەیەكی باشە.

حكومەتی هەرێم لای فەرمانبەران وموچەخۆرانی خۆی، فشاری زۆری لەسەرە، تەنانەت ئامادەن پێشوازی لە حكومەتی عێراقی بكەن موچەیان بداتێ، ئەمەش دەقیقەی كۆتاییە بۆ گیانی حكومەت‌و ناكرێت لەبەردەم كێشەی دارایی‌و كێشەی سیاسی گیانی بسپێرێت بە قۆناغێكی نەخوازراو..كە دەڵێم قۆناغێكی نەخوازراو، مەبەستم ئەوەیە بەكێشەكانی ئێستاوە ناكرێت لەدەرگای رۆژانی داهاتوو بدەین.


11/11/2017



وتارەکانی تری نوسەر