كۆتایی راپەڕین
هەندرێن شێخ راغب
هەموو ساڵێك بەرواری( 5/3)، شارێك یادی راپەڕینەكەی دەكاتەوە، رانیە یان فراوانتر دەڤەری پشدەرو بیتوێن، لە 5/3/1991 دا سیستەمێكی سیاسی و سەربازی و دامودەزگاییان گۆڕی، لەبری ئەوە سیستەمێكی سیاسی و چەكداری(نەك سەربازی) و دامودەزگایی تازەیان دروست كرد. راپەڕینی ئەم شارە بەعسی رووخاند، بەڵام دوای راپەڕین قسەی پێ نەما بۆ ئەوەی دنیای بەعسیش دەستكاری بكات. رەنگ بێ تاوەكو ئەم چركەساتە زەرەرمەندترین شوێن رانیە بێت، چونكە هەر لەگەڵا راپەڕینی ئەم شارە خودی شارەكەیان لەخۆی دزی وهەموو ساتێك بۆ پاراستنی( دەستكەوتەكان؟) بۆ پاراستنی (دەسەڵاتیان) ئەوە بەسە شكۆمەندی راپەڕیوانی رانیە بیر خەڵكی كوردستان ورایگشتی بهێننەوە.
بەبۆچوونی من خەڵكی رانیە راپەڕینیان لەنیوەی رێگا بەجێهێشت، تاوەكو ئێستا دوای چەندین ساڵا نەیانتوانیوە بگەنە كۆتایی رێگاكەو بڵێن ئەمە پەیامی راپەڕین بوو كۆتاییمان پێ هێنا. لە5/3دا پێویست ناكات یادی راپەڕین بكرێتەوە، بەڵكو پێویستە بیر لەرێگاوشوێنی تەواوكردنی راپەڕین بكرێتەوە. بەومانایەی سیستەم وسیاسەت ودامودەزگای بەعس لە 5/3دا رووخا، بەڵام فەزای بەعس لەشەڕی ناوخۆو ململانێی ئێستاو گەندەڵی وخراپ دەوڵەتداری كوردیدا وەكو خۆی كاری خۆی دەكات. بۆ ئەوەی راپەڕیوەكان لەشوێنی خۆیان بوەستن، ئینتمایان بۆ راپەڕین ئیفلیج بێت، لەمێژووی خۆیان بێ تاقەت بن، ئەوەندە بەسە بەدروشمی باق وبریق وڤیستڤاڵا وقردێلەبڕین وهەندێ كاشی ومشتێ چیمەنتۆو پڕۆژەی خواروخێچ خەڵكی شارەكە ببەنە ئەودیوی مێژوو.. ئەوان هەموو ساڵێك بەرانیە دەڵێن یادی راپەڕین وقردێلەو ڤیستڤاڵا ودروشمەكان بۆ تۆ، دەستكەوت ودەسەڵات وئیمتیازو پادداشتەكەی بۆ ئێمە..ئەوان دەڵێن داواكاری پڕۆژەو كردنەوەی خوێندنگاو نەخۆشخانەیەك و دوو رێگای قیرتاو بۆ ئێوەو، مانا سیاسیەكەی راپەڕینیش بۆ ئێمە. پڕۆژەی راپەڕین ئازادیە...كەچی قسە لەهەموو شتێكی راپەڕین دەكرێت تەنها ئازادی نەبێت، بەكام پێوەر رانیەیەكان ئێستا ئازادن؟ ئایا بەعس نەماو تەواو؟ تۆ ئازادی بەڵام بە بێ مومارەسەی ئازادی. بەعس نەما تۆش ئازادی ئیدی تەواو؟ ئازادی خەڵكی چیەو كام فۆرمە لەم شارە فەرهەنگ وسیستەمی كارگێڕی ودۆخی كۆمەڵایەتی حوكم دەكات..ئەوان بۆ ئەوەی پڕۆژەی ئازادی لەبیر راپەڕین ببەنەوە، پێمان دەڵێن داوای پڕۆژەی خزمەتگوزاری وەكو ئاوو كارەباو جاددەو خوێندنگاو نەخۆشخانە بكەین، كە ئەمانە بونیادی سەرەتایی هەموو شارێك وناوچەیەكن وئەلف وبێی هەموو حكومەتێكن، خۆ بەعسیش جاددەو خوێندنگاو نەخۆشخانەوئاوو كارەبای دروست دەكردو دەیدا بەخەڵك! لەرانیە راپەڕین لەدژی نەبوونی ئاوو كارەباو نەخۆشخانەو جاددە.....هتد دژی بەعس نەكرا،بەڵكو بۆ ئازادی ودەستكاری كردنی دنیا راپەڕیوان گەردنی دیكتاتۆریان بڕی.
ئەوان بۆ ئەوەی ئازادی لەبیر راپەڕین بەرنەوە، سەرەتا جەستەی پەیامەكەو بریسكەی راپەڕینینان دەستكاری كرد، بەشوێنێك دەڵێن( كلیلی راپەڕین) وبەجێگایەكی دیكە دەڵێن( یەكەم شەهید) وبەم جۆرە راپەڕیوان و راپەڕین دەكەن بەگژیەكتریدا، راپەڕین لەدژی راپەڕین هان دەدەن. بۆ ئەوەی پەیامەكەی راپەڕین تەواو نەكرێت سەرەتا پێویستە پەرت پەرتكردنی جەستەی شوێنی راپەڕین جێبەجێبكرێت. گەورەترین پەیامی راپەڕین بۆ خەڵكی رانیە ئەوەیە ئیدی یادی راپەڕین نەكەنەوە، بەڵكو كۆتایی بەراپەڕین بێنن. كە راپەڕین بۆ شارەكە نەبوو، با بۆ ئەوانی دیكەش نەبێت، ئەوانی دیكە مەبەست دەسەڵاتێكی خراپی ئیداری وسیاسی ودەوڵەتداریی ئەوپەڕی خراپ ئیدارەدانی كۆمەڵگایە. هەتا راپەڕین مابێت مانا سومبولیەكانی دۆخی خراپی ئیداری ودوڵەتداری و دەمامكی سەر دەموچاوە گەندەڵەكان دەمێنێت، راپەڕین یان دەبێت بگاتە كۆتایی یان پێویستە ئیدی بەرەو پۆست راپەڕین بڕۆین.
خەڵكی رانیە ئەگەر ناتوانن قسەی جددی خۆیان لەسەر ئازادی وكرۆكی راپەڕین بكەن، ئەوا پێویستە كۆتایی بە راپەڕین بهێنن، گەورەترین هەڵە ئەوەیە پێمان وایە یەكجار راپەڕین كراو تەواو بووە، بەڵكو راپەڕین لەچەندین جێگاو شوێن وساتەوەختی دیكەدا دەشێ دووبارە بێتەوە، دەمێكە دەگوترێت" بۆ شۆڕشگێڕان دنیا هەمیشە ئامادەیی ئەنجام دانی شۆڕشی تێدایە".
ئێستا ئێمە لەبەردەم وەحشیگەری تیرۆرو جەنگی داعش داین، نەوەكانی راپەڕین توند دەستیان گرتووە بەوەی كە كیانی سیاسی ونەتەوەیی كورد لەباشوری كوردستان بپارێزن. وەكو چۆن دەڤەری راپەڕین پۆل پۆل شەهیدی داوە بەرامبەر جەنگی داعش وئێستاش نەوەكانی لەسەنگەرەكانی پێشمەرگەن. بەڵام دوای نەمانی داعش وئەم مەترسیە وەحشیگەریە، دەبێت رانیەیەكان بیر لە راپەڕین بكەنەوە یان راپەڕینی نەرم ئەنجام بدەن، یان كۆتایی بە راپەڕین بهێنن وبۆ پۆست راپەڕین بڕۆین. بەبۆچوونی من دوای داعش راپەڕینی نەرم خەمڵیوە.
راپەڕینێك ماناكانی ئازادی 5/3/1991 تەواو بكات.
02/03/2015
وتارەکانی تری نوسەر