ئەمریكا و ئێران..نەخێر ئیتر..؟

هەندرێن شێخ راغب

بەپێی راپۆرتێكی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، گۆڕانكاری لە میصر سەرەتای گۆڕانكارییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمەش پاڵی نا  بە ئەمریكاوە بەرگری لە مانەوەی حوسنی موبارەك نەكات. بەڵام دوایی دەركەوت زانیاریەكان دروست نەبوون. هەر زوو ئەمریكا هەڵەكەی راست كردەوەو عبدالفەتاح سیسی هاتە سەر كورسیەكەی موبارەك ؟ ئەمجارە زانیاریەكانی ناو راپۆرتەكانی ئاسایشی ئەمریكا دەڵێن دەروازەی گۆڕانكاری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەوتنی رژێمەكەی ئێرانە. بۆیە ئەمریكا لە دژایەتیكردنی ئێران جدییەو ململانێیەكە هەتا بڵێی توندە. 

 

دوای كوشتنی قاسم سلێمانی ئەمریكا بە ئێرانی گوت بەسە گەیشتە كونەلوتم‌و تەحەمولم نەما. لە لوبنان و یەمەن و سوریاو عێراق و فەلەستین و جوگرافیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێران خەریكی بەر پێنەیە بۆ نسكۆی ئەمریكا. 

 

دوای كوشتنی قاسم سلێمانی پەیامی ئەمریكا تەواو رونەو دژی مانەوەی رژێمی ئێرانەو تەنها كێشەی شێوەی گۆڕین و كەوتنیەتی، جیاوازیەكەی بەكارهێنانی رێگایەكە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكە، بەڵام گۆڕانكاری لە ئێران ئیدی سیاسەتی تەكتیكی ئەمریكا نیە. 

 

لەم نێوانەدا ئەم بابەتە پەیوەندی زۆری بە كوردەوە هەیە، ئێران كێشەیە بۆ تەواوی پارچەكانی كوردستان، كێشەی ئاشتی لەتوركیا كلكی ئەوی تێدایە، چارەسەرنەكردنی كێشەكانی هەولێرو بەغدا كلكی ئەوی تێدایە، گرتنەوەی كەركوك و هەڵواسینی وێنەی خامنەئی ئیشارەی زۆری تێدا بوو بۆ كورد؟. 

 

ئەمریكا لەناو پایتەختی عێراق قاسم سلێمانی كوشت، بە ئێرانی گوت عێراق مەیدانی منە نەك هی تۆ، ئەبو مەهدی موهەندیسی كوشت، پێی گوت دەزانم میلیشا شیعەكان لەناو هەناوی مەزهەبی فیهقی تۆ تروكاون. ئەمە ئیعلانی جەنگ بوو لەگەڵ ئێران، بەڵام ئێران جەنگەكەی نەكرد.

 

ئێستاش لە عێراق ململانێیەكە زۆر توندە، پریشكی زۆری بەر هەرێمی كوردستان دەكەون، كورتە فیلمەكەی سەبارەت بە هەرێمی كوردستان لە شەڕی داعش، دروستكردنی زەمینەی گواستنەوەی پریشكی ململانێیەكەیە لەگەڵ ئەمریكا بۆ هەولێر. كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر هەیە، سیاسەتی ئێرانیش ئەوەیە لەهەر كوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمریكای لێ بێت دەست ناپارێزن. 

 

كورد دەبێت بە وریایەوە مامەڵە بكات، نابێت هەولێر ببێتە شوێنێكی دیكەی تەسفیەی سیاسەتی ئەمریكاو ئێران، كورد دەرەقەتی شەڕێكی لەم جۆرە نایەت، پێویستە بەهەموو توانایەوە خۆی لە بەیەكدادانی ئەمریكاو ئێران دوور بگرێت. 

 

بەچاوی سەری خۆی سەیریان بكات، نەك چاوەكانی ئەوان. هەولێر ناتوانێت هەژمونی ئێران نادیدە بگرێت، ناشتوانێت پشتی لە ئەمریكا بكاتەوە، بەڵام هەر كوردێك دەبێت كورتە ئاوڕێك بداتەوەو سەیر بكات پڕۆژەی چل ساڵی رابردووی دەوڵەتی ئێران چی باشی تێدابووە بۆ كورد؟ لەرووی چارەسەری كێشە رەوا راستەقینەكەی.

 

چەمكی یەك پارچەیی توركیا، ئێران، عێراق، سوریا، داهێنراوی دەوڵەتی ئێرانە؟ بیرتان بێت ئەم چەمكە چەندە كوشندەیە لە كوشتنی كێشەی كورد، دەبێت هەنگاوەكانی كورد ورد بن ..تكایە هەستیاری دەوێت؟.


30/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر