كۆسرەت ڕەسوڵ تۆزاوی بوو

عەزیز رەئوف

لە ناوەڕاستی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو، ئەندامێكی نهێنی ناو شاری هەولێری كۆمەڵەی ڕەنجدەران بەناوی "عەبدوڵا " پارەیەكی زۆر لە كشتوكاڵی هەولێر دەڕفێنێت و دەیبات بۆ ناو هێزی پێشمەرگە دواتر ئەم كارەكتەرە لەناو پێشمەرگە پۆستی باڵا لەناو یەكێتی وەردەگرێت و بە "كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی" ناو دەردەكات و دەبێتە یەكێك لە فیگەرە دیارەكانی خەباتی چەكداری یەكێتی لە شاخ. دە ساڵ دوای ئەم ڕووداوە كۆسرەت رەسوڵ كە وەك ئەندامێكی ڕێكخستن هەولێر جێدێڵێت بەڵام لە ساڵی 1994 دەبێتە سەرۆكی حكومەتی هەرێم. هەر لەو ساڵەدا كە شەڕی ناوخۆ دەست پێدەكات و تەقینەوەیەك لە زاخۆ قوربانی زۆری لێ كەوتەوە، پارتی دیموكرات دەسبەجێ كۆسرەت رەسوڵی بە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیە تاوانبار كرد و فرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەركرد، بەڵام دواتر و لە 2005 كە ئیدارەی یەكێتی و پارتی یەكی گرتەوە و بەرژەوەندیەكان هاوبەش بوون، پارتی قبوڵی بوو كە كۆسرەت ڕەسوڵ ببێتە جێگری سەرۆكی هەرێم كە بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد. 
لە ڕووداوەكانی 31ی ئابی 1996 كاك كۆسرەت سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەو پارتی بە هاوبەشی سوپای عیراق هەولێری داگیر كردو ئەوكات دەنگۆ هەبوو كە كۆسرەت ڕەسوڵ بە هێز و بازووی خۆی هەولێری جێهێشتووە و شەهیدیشی داوە و هەندێك دەیانوت كارئاسانی بۆ كراوە كە بڕوات و هەولێر جێبێڵێت. من ئەوكاتە قوتابیەكی قۆناغی ئامادەیی بووم، لە نزیك گوندی "زەڵێ" سەر سنوری ئێران ساجێكمان گەرم كردووە و هەویر بە دەست پان دەكەینەوە و دەیبرژێنین و بە چایی یەوە دەیخۆین، كاك كۆسرەت لەگەڵ كۆمەڵێك پێشمەرگە بەلاماندا بە پیادە دەڕۆن و سڵاو مان لێ دەكەن. 
+ كوڕینە چۆنن؟ 
-بەخێر بێی كاك كۆسرەت فەرموو نانمان لا بخۆ؟ 
+ سوپاس، عافێتتان بێت. "بەڕێزەوە تەماشامان دەكا".
من وەك خۆم هەر ئەوەجارە كاك كۆسرەتم دیوە و دواتر هەر لە شاشەی تەلەفزیۆنەوە بینیومە. بەڵام ئەو عەسرە كاك كۆسرەت بە قات و تاقم تفەنگ و جامانەیەكی ڕەش لە ملیدا، هیلاك و ماندوو، سەرو قژی تەپ و تۆزاوی، ڕوخساری پێشمەرگەیەكی ڕاستەقینەی هەبوو بەڵام وێنەی كاك كۆسرەت دواتر لەسەر كورسی دەسەڵات و ململلانێكانی ناو یەكێتی و پچڕینەوەی پۆستی باڵا بۆ كوڕەكانی، وێنەی كاك كۆسرەتی گۆڕی و بە هەر شێوەیەك بێت بوو بە كارەكتەرێكی تر. 
جارێك چێ گیڤارا وتی: "پارتیزان پێویستی بە ئوتێل نیە". هەموو پارتیزانەكان كە دەچنە دەسەڵات ڕوخساریان دەگۆڕێت، هەرگیز كاسترۆی دوای شۆڕش و پێش شۆڕش یەك نین. قەت ئەو كاك كۆسرەتەی لە زەڵێ لە سنوری ئێران لە 1996 بینیم گورج و گۆڵ و و تۆزاوی و ماندو، هەرگیز ئەو پیاوەی دواتر و ئێستا نیە.
منداڵ سحرێكی سەیرە، وەك هەمیشە دایكم دەیوت "جەرگ زاڵمە"، لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو "مستەفا چاوڕەش" وەك بەرپرسێكی یەكێتی لەشاخ دەبێت و بەعس منداڵەكانی دەستگیر دەكەن، نامەیەك دەنوسێت و دەڵێت چیتان دەوێت؟ ئەم نامەیە بە فایل ناودەبرێت و ماوەیەك لەگەڵ سێ سەركردەی تردا لەناو سەركردایەتی یەكێتی دەنگ دەداتەوە و دواتر مام جەلال لە كۆنگرە لێیان خۆش دەبێت. بەڵام دەبێ ئەو ڕاستیەش بزانین كوڕەكان شۆڕشگێڕەكان وێران دەكەن. كوڕەكانی قەزافی سەری باوكیان خوارد و حوسنی موبارەكی سەرۆكی پیشووی مسر وتی: هەموو گەندەڵییەكان خەتای جەمالی كورم بوو. هەرگیز كورەكانی مام جەلال" پاڤێڵ و قوباد" بە تاڵە دەزوویەك بە باوكیان ناچن و جێهێشتنی ئەم هەموو دەسەڵات و كورسی و سامانە بۆ كوڕەكانی، بەر لە هەرشت لێدانە لە هەوڵ و ماندووبوونی مام جەلال. كوڕە پاراستنەكەی بارزانی "مەسرور" زۆر لە باوكی سەرسەختتر و سەربەگۆبەندترە، كەس سەری كاك مەسعودی نەخوارد ئەوكوڕانەی نەبێت، یەكێ تەلەفزیۆن و یەكێ بیرە نەوت و یەكێ زانكۆی ئەهلی هەیە و تەنانەت فڕۆكەی سەفەركردنیشیان جیاواز بوو. كاك نەوشیروان بناغەی یەكەم هێزی ئۆپۆزسیۆنی كارای دامەزراند، بەڵام كوڕەكانی " چیا و نما" نازناوی "باوكی هەژاران"یان لە كاك نەوشیروان سەندەوە و كۆی سەروەت و سامانی گۆڕان بە گرد و سوپەرماركێتیشەوە لەسەر خۆیان تاپۆ كرد. بۆ كاك كۆسرەتیش ڕاستە و شەڕی كاك كۆسرەت بۆ ئەوەی كوڕەكانی لەدوای خۆی بێنە پێشەوە و یەكێ بۆ وەزیر و یەكێ بۆ سەركردایەتی یەكێتی، ئەوەندەی تر شێوەی كاك كۆسرەتیان گۆڕی لە پیاوێكی گورج و گۆڵ و پێشمەرگەئاساوە بۆ باوكێكی كەنەفت و ماندو كە دەیەوێت دوای خۆی كوڕەكانی ڕازی بكات. 
لە ئێستا كاك كۆسرەت نەخۆشە، كەنەفت و ماندووە. كەس نیە بە كاك كۆسرەت بڵێ بەڕاستی تۆ ماندویت و تەنانەت توانای قسەكردنیشت ئاسایی نیە و بۆ تەلەفزیۆن مەدوێ با گەنجێك لە یەكێتی ئەو ڕۆڵە ببینێت. كەس نیە ئاوێنەیەك بخاتە بەردەم كاك كۆسرەت و پێی بڵێ بەڕاستی كاتێتی ئیسراحەتێك بكەن یان هەوڵ بدەن یاداشتەكانتان بنوسنەوە. 
كە یەكەم جار كاك كۆسرەت دەبینم، پیاوێكی خاكی و چوست و چالاك و گورج و گۆڵ، بەڵام كە دواجار لە تەلەفزیۆن دەیبینم، پارێزگاری سلێمانی، لە پشكی گۆڕان، خۆی خستۆتە ژێر باڵی و لە فرۆكە دەیهێنێتە خوارەوە، ڕۆمانەكەی جۆرج ئۆروێڵ "مەزرای ئاژەڵان" م بیر دێتەوە كە هەموو شۆڕشگێڕێك لەدەرەوەی سیستەم و لێپرسینەوە، ڕوخساری بەیەكجاری دەگۆڕێت. 





PM:06:05:12/01/2018