قیژەی ژنێك دەگاتە بەغدا؟

عەزیز رەئوف
هاوار و قیژەی ژنە دەگاتە ئەوپەڕی گەڕەك. جاری یەكەمی نیە پیاوە سمێڵ بابڕەكەی بەبەرچاوی منداڵەكانیەوە لێیدەدات. پیاو ڕۆژ تا ئێوارە دەسورێتەوەو كارێك ناكات و شەوانیش لەگەڵ برادەرەكانی بۆ خواردنەوە و سەرگەرم كردن، كات بەسەر دەبات. هەموو شەوێك گریان و هاوارە لەم ماڵە و وەك ئیهانەكردن سەعات سێی شەو هاوسەرەكەی بە لێدان هەڵدەسێنێت كە نانی بۆ ئامادە بكات.
-خۆم دەسوتێنم.
+جا بۆ خۆت ناسوتێنی؟ ئەوە نەوت و ئەوەش ئاگر. 
ژنە تەماشایەكی منداڵەكانی دەكات و دڵی دەسوتێت، چۆن جێیان بێڵێت و بۆ كێیان جێبێڵێت. 
بەرەبەیانێك لە هاوار و قیژەی ژن هەموو بەخەبەر دێن كە سەرتاپای گیانی ئاگرە. "دایە دایە"ی دوو منداڵ و هاواری "سوتام" ی ژنە هەموو گەڕەك دێنێتە سەر ماڵ. ژنە هەموو گیانی دەبێتە قەقنەس و پاش دوو ڕۆژ لە نەخۆشخانە گیان لەدەست دەدا.
..............
- جەنابی پارێزەر هەرچۆنێك بووە ڕزگارم بكە لەم بەندیخانەیە، چەندت پارە بوێت پێت دەدەم. 
+ هەموو هەوڵێك دەدەم ڕزگارت بكەم " ژنە پاریزەكەكە بە ڕۆبێكی رەش و كۆمەڵێك فایلی بەدەستەوە وا دەڵێت".
دانیشتی دادگا دەست پێ دەكا. پیاوەی سمێڵ بابڕ دێننە ناو قەفەزەكەوە، سێ حاكم دێنە سەر شانۆ. كەسێك هاوار دەكا: "مەحكەمە". ئەوانەی لە هۆڵەكەدا دانیشتوون هەڵدەسنە سەر پێ. 
ژنە پارێزەرەكە، كە ڕۆبی ڕەشی پارێزەری پۆشیوە، دەدوێت: "جەنابی حاكم، لەبەر ئەوەی ئەم پیاوە هیچ تاوانێكی نەكردووە، لەبەر ئەوەی ئەم ژنە كە خۆی سوتاندووە، باری دەروونی تەواو نەبووە، لەبەر ئەوەی هیچ سكاڵایەكیش لەلایەن كەس و كاری ئەم ژنەوە تۆمار نەكراوە، داوا لە بەڕێزتان دەكەم تۆمەتبار "....." ئازاد بكەن، ناوبراو لەهەڕەتی گەنجیدایە و چانسێكی تری ژیانی پێ بدەن". 
سێ حاكمەكە بەگوێی یەكدا دەچرپێنن. پاش چەند دەقەیەك، دیسانەوە دانیشتنی دادگا دەست پێدەكاتەوە: 
بەپێی مادەی "....." لە یاسای "......" ساڵی "......" لەبەر ئەوەی "..........." هیچ تاوانێكی نەكردووە و دەستی لە كوشتنی هاوسەرەكەیدا نیە و بێتاوانە بڕیاردرا ئازاد بكرێت. 
دڵخۆشیەك بە ڕوخساری دانیشتوانی ناو هۆڵەكەوە دیارە كە هەموو خزم و كەس و كاری تاوانبارەكەن. پیاوە سمێڵ بابڕەكە و ژنە پارێزەرە ڕۆب ڕەشەكە بە خەندەوە تەماشای یەكتر دەكەن .
.....
تێبینی: ئێستا ژنە پارێزەرە ڕۆب ڕەشەكە كاندیدە بۆ پارلەمانی عیراق.

28/02/2018



وتارەکانی تری نوسەر