ژنانی ئەودیو دەرگاکە

عەزیز رەئوف

ژن دەکوژرێ، بێ ئەوەی قسە لەسەر ئەسڵی کێشەکە بکەین  هاوخەمی دەردەبڕین، بۆ کێشەیەکی گەورەی وەها هاوخەمی بەس نیە. تۆ باس لە ئازادی ژن دەکەیت و ئەم هەموو مەلایەش هێرش دەکەنە سەر ژن و کونجی ماڵەوە بە شوێنی ژن دەزانن، لە بەرامبەردا ئەم هەموو ڕیکخراوانەی ژنان بارن بەسەر ژنان و کۆمەڵگەوە وئەسڵەن نازانن کێشەی ژن چیە و فێمینزیم چیە. 
لە مێژە لە خۆرئاوا دەستنیشانی کێشەکان کرا. درامای (ماڵی بوکەشوشە)ی هێنریک ئیبسن کە شۆڕشێکە بۆ یاخیبوونی ژنان، کە (لۆرا) دەرگا بەسەر مێردەکەیدا دادەخاو جێی دەهێڵێ، دەنگی داخستنی دەرگا و جێهێشتنی ماڵ بۆخۆی بوو بە شۆڕشێک دژ بە نەریت و نێر و دەسەڵاتی پیاوسالاری.
کە لە باکوری کوردستان یەڵماز گیونەی لە یەکێک لە فلمەکانیدا وێنەی ژنێک نیشان دەدا کە سوار ئەسپەکەی دەبێت و ماڵ جێدەهێڵێت و ڕوو دەکاتە چیا کردنەوەی ئەو دەرگای ماڵەیە کە ترادسیۆن و کۆمەڵگە و نەریت دروستی کردووە و دەستبۆبردنی بڤەیە.  ئەوکاتەی یەڵماز گیونەی ئەم فلمە بەرهەم دەهێنێت ئێمە لە باشور لە تەلەفزیۆنی کەرکوکەوە تەماشای درامای " باوەژن خوا بناسە" مان دەکرد، حاجی مەکی لەسەروە دانیشتوە ژنێکی هێناوە بەس ئاوی بۆ بێنێ و منداڵی بۆ بەخێو بکات ،
ئێمە دەس بۆ کێشە بنەڕەتیەکان نابەین. دەبێ بزانین کاتی خۆی تەلەفزیۆنی کوردسات درامای "ئاریا" ڕادەگرێ لەبەر ئەوەی ڕەخنە لە دین و سیستەم و کۆمەڵگە دەگرێ و باسی عەشقی ژنانی ئەنفال دەکا، بەڵام درامای "ڕەشەی پۆلیس" ی حسێن مسری پەخش دەکا لەبەر ئەوەی هیچ یاخیبوونێکی تێدا نیە و چیای کچی حاجی ئەکرەم حەز لە کوڕی ڕەشەی پۆلیسی مامی دەکات و هەڵدێت بۆ ماڵیان. ئەمە هیچ ماڵبەجێهێستن نیە و ئەسڵەن کچ لە ماڵ باوک یان مام وەک یەکە. ئەگەر دەرهێنەر دوو ماڵی تری هەڵبژاردایە ئامۆزا و برای یەک نەبوونایە، چی ڕووی دەدا؟
دەبێ قسە لەسەر ماڵ بکەین ماڵ وەک شوێن ماڵ وەک قەڵای نێرینە و زیندانی باوکسالاری بۆ میینە.  هەموان باس لە ژنان دەکەین وەک قوربانی و کەسیش ناچێتە سەر ئەسڵی مەسەلەکە. ژن نابێ بچێتە دەر و تەواو، خێڵ وادەڵێ، دین و ترادسیۆن  وادەڵێ.
 با بێ پەردە قسە بکەین، کێ هاوسەری سەرۆکی هەرێمی بینی لەماوەی دوازدە ساڵ حوکمڕانی؟ ژنانی پارتی بۆ ئەمەیان قبوڵ کرد؟  دەبوو ژنانی حزب ئەم هەموو ئیهانەیە قبوڵ نەکەن کە پیاوانی حزب بە خۆیان و قەزیەکانیان دەیکەن.  ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی  تەلەفۆن بۆ کاوە گەرمیانی دەکات و دەڵێ ئێستا دیم بۆ گەرمیان و سەرت دەخەمە (هینی) ی دایکت، ژنانی یەکێتی بۆ قسەیان نەکرد بڵێن ژن تاوانی چیە؟
حزبەکان ژنان و ئافرەتان و خانمانیان وەک خۆیان دەوێت نەک وەک ئەوی مێینە، ژنیان وەک پیاوێکی بێ زەکەر دەوێ کە چۆن خزمەت بە حزب و ڕێکخراوەکانیان دەکات. 
بۆ دەنگە ناڕەزاییەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیش ئەمە ڕاستە. ئەم هەموو مامۆستا و خۆپیشاندەرە نێرە خۆپیشاندانیان دەکرد ژنەکانیان لەماڵەوە بوون،  شۆڕش بەیەک دەست دەکرێ؟ تۆ دەتوانی بە یەک ڕەگەز دنیا بگۆڕی؟ دەتوانی دنیا بگۆڕی بەبێ ئەوەی مێنتاڵیتی خێڵ و کۆمەڵگە بگۆڕی؟ بەبێ ئەوەی تەفسیرت بۆ ژن و ماڵ بگۆڕی؟ 
دەبێ هونەر گۆڕانی ڕیشەیی دروست بکات، کە هونەر و ئایین  بوون بەیەک، چ جیاوازییەکیان هەیە؟ پیاوی ئاینی دەڵێ خۆت داپۆشە و مەلایەک لەم ڕۆژانە دەڵێ هەر ئافرەتێک میکیاج بکات وەک ئەوە وایە زینای کردبێت. ڕادیۆکە پێدەکەم و لە کەناڵێکدا گۆرانی خێرا لێ دەدا، گوێم لە کاکی گۆرانیبێژە دەڵێ: 
خانم خۆتۆ ئیسلامی بۆ قیامەتت نوێژکە 
بەس بڕۆ بۆ ئارایشتگە ئەو سەرو قژە و مێشکە
کە تێکەڵ بوو هونەر و دین، سیاسەت  و جەهل، ئەندامی حزب و نوسەر، کە جیاکاری نەما لەنێوان دیوەخان و دادگا، زانکۆ و بارەگای حزب، ئیتر ئەوەی قوربانییە ژنە. ئیتر دەبێت چاوەڕێی زیاد لە قوربانیەک و زیاد لە برینێک بکەین کە دەکەوێتە جەستەی ژنان. ئیتر ئاساییە لە (پایتەخت) و لە گەڕەکی (ڕۆشنبیران) کچ لەسەر چونەدەرەوە بکوژرێت و ڕێکخراوەکانی ژنانیش هەر ئەوەندەیان دەسەڵاتە بڵێن: ژن ژیانە، مەیکوژە.

02/12/2018



وتارەکانی تری نوسەر