چیمان بەسەر هات هاوڕێ!

عەزیز رەئوف

کاروان گەنجێکی تەمەن بیست ساڵە و لەدەرەوەی شارەوە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی دێن بۆ سلێمانی، ئەو سەری بە ئاڵای پارتەکەی بەستووە و پەڕۆیەکی نیلی کە وێنەی مۆمێکی داگیرساوی لەسەرە ڕادەوەشێنێ و نیوەی لە پەنجەرەی ئۆپڵێکی کۆنی ڕەقەم باریک دەرهێناوە کە لە دوورەوە هاتووە و بۆنی بانسەکانی دێت. گۆرانیەکی خێرا لەسەر ڕیکۆردی ئۆتۆمبیلەکەیە و دەنگی بەرزی دراوەتێ کە گۆرانیبێژێکی میللی گۆرانی دەڵێ.

هۆڕنی سەیارە و قەرەباڵغی جادەکە بە گۆڕانخوازان کاروان ئەوەندەی تر دڵخۆش دەکا و لە پێکەنیندا سی و دوو دانەی دیارە. کاروان وەک هەزاران کەسی تر بۆ ئاهەنگی کەمپەینی لیستەکەی بۆ بەرزاییەکی ناوشار هاتووە کە ئەمڕۆ پیاوە سپیەکە وتاری هەیە.
"تەواو هاوڕێ تەواو ئەو سەردەمە نەما، گەندەڵکاران ڕوو لە هەورازن" کاروان وادەڵێ و من نەمدەزانی ئەو باسی کام سەردەم دەکا و بەڕاستی نەمدەزانی دەیەوێت چی بگۆڕێت. 

سەرلەئێوارەیەک کاروان دەبینم تاقم و تفەنگی بەستووە و بۆ پاراستی بارەگاکەیان کە لە شوێنێکی بەرزە  ئامادەیە بەرگری بکات، ئەو دەڵێ: "مەگەر بەسەر لاشەی مندا بێن" و ئامادەیە فیشەکانی لە گیانی ئەو زێڕەڤانیانەی هەڵۆ زەردەکاندا خاڵی بکاتەوە کە لەگەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی بارگەیان هەڵداوە و چاوەڕێی کاتژمێری سفرن بۆ هێرشکردنە سەر بەرزاییەکە. 

کە جاریکی تر کاروانم بینیەوە لەبەردەرکی سەرا بوو هاواری دەکرد " سەرای ئازادی شێری لێ نابڕێ" ئیدی کاروانیش وەک ئەو پێنچ سەد هەزار دەنگدەرە خەونی ئەوەی دەبینی ژیانی خۆی و دایکە نەخۆشەکەی باشتر بێت کە لەجیگادا کەوتووە. 

سەردەمێ کاروان دەڵێ: "ئەگەر خودا حەزرەتی یوسفی ناردبێت بۆ بێباوەڕان ئەوا گۆڕان دکتۆری ناردووە کە بەرامبەر بە باوک و کوڕ بوەستێتەوە و بە نەخوێندەوار وەسفیان بکات". دواتر نەخوێندەوارەکان ڕێگە لە حەزرەتەکەی کاروان دەگرن نایەڵن پێ بخاتە هەولێر و وەک کاروان دواتر بۆی گێڕامەوە نەخوێندەوارەکان فڕۆکەی تایبەتیان بۆ گرتووە کە بچێت بۆ بەغدا و دەنگ بە هەڵۆزەردەکان بدات بۆ سەرۆک کۆمار.

دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان سەرکردەیەکی سەربازی سۆسیال دیموکرات بەسەرخۆشی تەقە لە بەرزیەکە دەکات و چەند گوللەیەک بە قوڵ و شان و ملی سەرکردەی کۆچکردووی بزوتنەوەکەی کاروان دەکەوێت بەڵام خوێنی لێ نایا لەجیاتی ئەوە خوێنی گەنجانی بزوتنەوەکە گەرم دەبێت و بەچەکەوە بەدەوری گۆڕی سەرکردەی کۆچکردوودا کۆدەبنەوە و ڕۆشنبیرەکانی بزوتنەوەکەش بە چەکەوە خۆیان نمایش دەکەن. بەڵام هەردوو کوڕی سەرۆکی کۆچکردوو  نە دەردەکەون و نە قسەیەکیش لەسەر دەسەڵات دەکەن و نە چەکیش هەڵدەگرن. 
کاروان دەڵێ: هاوڕێ هێشتا ئەمەل ماوە و ڕێبازی پیاوە سپیەکە بەردەوامە" منیش دەڵێم" ڕێبازی پیاوە سپیەکە بوو بە وەزیری پارە و دواتر  چووە ڕیزی نەخوێندەوارەکان" کاروان بە بزەیەکەوە دەڵێ:" هاوڕێ لە سوعبەتی خۆت ناکەوی" ئەو دەخەنێ و دەڵێ هاوڕێ هێشتا وەزع باشە. 

دوای ئەوەی بزوتنەوەکەی کاروان لەگەڵ نەخوێندەوارەکان ڕێک دەکەون کاروان پێم دەڵێ "هاوڕێ دەزانی دۆخەکە باش نیە، دەزانی کاک فڵان کە بەدەنگی ئێمە سەرکەوت دوو شوقەی لە (....) سیتی کڕیوە و کاک فڵانیش ڤێلایەکی لە (......) هەیە"، ئەو زیاتر دەڵێ "هاوڕێ دەزانی ئەوان بەسەر پشتی ئێمەدا سەرکەوتن و دەوڵەمەند بوون". 

دوای ڕێکەوتنەکە ئیدی کاروان تەواو بێتاقەتە و بەڕۆژ لە چایخانەیەک و بەشەویش لە تۆڕی کۆمەڵایەتی کۆمێنت بۆ بەرپرسانی بزوتنەوەکەی دەنوسێت و جنێویان پێ دەدا کە چۆن ڕوخسار و قسە و تەنانەت موی لەشیشیان بەرامبەر بە نەخوێندەوارەکان نەرم بووە. 

کاروان ڕێک ستاری پێشمەرگەی دێرینم بیر دەخاتەوە" ستار پێشمەرگەیەکی دێرینە و دوای ڕاپەڕین دەبێتە بەرپرسی پاسەوانەکانی بەپرسێک. بەرپرسەکەش بۆ ژوان لەگەڵ ژنان هەرجاری دەچێتە گەڕەکێک و ستاریش وا دەزانێت بۆ کاری حزبی دەچێت و پێشمەرگەکان لەو گەڕەکە بڵاوە پێ دەکا. ڕۆژێک ستار لەبەردەرگەی ماڵێک کە بەرپرسەکەی لەژوورەوەیە وەستاوە و بەرپرسەکە دێتە دەرەوە و ژنێک بە جلی نوستنەوە بەڕێی دەکات، ستار ئاگری گرت و زانی بەرپرسەکەی خەریکی چیە بۆیە دەیەوێت تەقە لە بەرپرسەکەی بکات، دواتر بەبیانووی نەخۆشی دەرونیەوە ستار لە وەزیفە دەردەکەن و ئەویش لە شارۆچکەیەکی پڕ چەک نیشتەجێ دەبێت و ئێستا ستار بڕوای بە هیچ نەماوە هەر شتێک دەبینێت تەقەی لێ دەکا، لە کوتر و چۆلەکەوە بۆ ئاسک و کەو، لە ژنەوە بۆ بارەگای حزب، دەخوازێت شەڕ ڕووبدات و بە تەقەکردن خۆی خاڵی دەکاتەوە".من دەزانم سەردەمێک دێت کاروان تەقە لە هەموو شت دەکات، لە کێ و لە چی؟ نازانم.

لە عەسرێکدا بووین هەموو بەدوای باوکی ڕەمزی دا دەگەڕان. لە یەک ساڵدا لە سلێمانی دوو سەرکردەی گەورەی خەبات کۆچیان کرد و هەردوکیان یەکی دوو کوڕی نازداری هەبوو کە لە پرسەکاندا نەمبینی ئەم چوار کوڕە یەک دڵۆپ فرمێسک بڕێژن لەکاتێکدا خەڵک خۆی لەقوڕ وەردەدا و شیوەنیان دەکرد.  ئیدی پۆل پۆل لە هەردوو بەرەوە سەردانی گۆڕی سەرکردەکان دەکرا و بەڵێنیان بۆ سەرکردەی خوالێخۆشبوو دووپات دەکردەوە و وای لێهات کە باشترین کادر و چالاکترین ئەندام ئەوانەبوون کە زوو زوو دەچوونە سەر گۆڕی خوالێخۆشبوو و بەڵێنیان بۆ ڕێبازەکەی باوک دووبارە دەکردەوە بەبێ ئەوەی بزانن کامەیە ڕێباز و کامەیە بەرنامە.

کوڕانی سەرکردە لە هەردوو پارتی چەینج و سۆسیال دیموکرات کۆی دەسەڵاتەکانیان لە سەربازی و ئەمنی و میدیایی و ئیداری و کارگە و کۆمپانیاکانیان کۆنترۆڵ کرد بەڵام جیاواز لە باوانیان ئەم گەنجانە یاخی و سرک و دڵگەرم و ئاڵۆزتر کە ئاسان نەبوو بتوانن لەگەڵ ئەوانی تردا ڕێکەوتن بکەن.

کاروان دەڵی هاوڕێ" سەرم سوڕماوە باوکەکان زۆر باش بوون، ئەم کوڕانە بۆ وا دەکەن؟" 

من پرسیارێ لە کاروان دەکەم:" ئەزیزم، سەرکردەیەک کوڕەکانی پەروەردە نەکردبێ، سەرکردەیەک کوڕەکانی نەگۆڕیبێ، دەیتوانی ژیانی تۆ بگۆڕێ؟".

کاروان مژێکی قوڵ لە جگەرەکەی دەدا و دەڵێ:"چیمان لێ بەسەرهات هاوڕێ!".


02/03/2019



وتارەکانی تری نوسەر