بێشەرمیش بەوڕادەیە؟

عەزیز رەئوف
یەکەم: ئەوەی ئەمڕۆ لە پارەمانی کوردستان ڕوویدا، بەمەهزەلەبوونی ئەم دامەزراوەیە و بەڕۆبۆتبوونی کۆی پارلەمانتارانی نیشاندا (ڕێژەیەکی کەمیان نەبێت). ئەوەی ئەمڕۆ لە پارلەمان ڕویدا پێمان دەڵێت کاری پارلەمانتاری و خەباتی پارلەمانی چ مەهزەلەو گاڵتەجاڕییەکی گەورەیە.

دووەم: ئەوەی فراکسیۆنی گۆڕان لە پارلەمان کردی جگە لە بێحورمەتیکردن بە دەنگدەرەکانی خۆیان و پشتکردنە خەونەکانی نەوشیروان مستەفا و درۆکردن لەگەڵ ویژدانی خۆیاندا هیچی تر نەبوو. دەنگدان بە (یەکەم: سەرۆکی هەرێم شەهادەی نەبێت و دووەم: سەرۆکی هەرێم دەست لەکاری حزبی نەکێشێتەوە) لەلایەن برادەرانی گۆڕانەوە هێندە عەیبە لە ئێستادا وەک چۆن کوڕی ئەو نوخبەیەی دەسەڵات بیت شەرمە، گۆڕانخوازێکیش لەسایەی ئەم هێزەدا بمێنێتەوە دە هێندە مایەی شەرم و ڕووقایمیە. 

سێیەم: دەرکەوت ئەوانەی لە هەڵبژاردن بایکۆتی دەنگدانیان کرد و بەشداری هەڵبژاردنی پارلەمانی کورستانیان نەکرد، زۆر لە نوخبەی سیاسی و ئۆپۆزسیۆنی کوردی هوشیار تر و بەئاگاتر و عاقڵترن. بەرەی بایکوت کە زۆرینەی دەنگدەرانی کوردستانن بڕیارێکی زۆر عەقڵانی و ویژدانی و ئینسانیان داوە کە نەبوون بە بەشدار لەم گەمە سیاسیە بێتامەی کە ئێستا لە پارلەمانی کوردستان دەگوزەرێت.

چوارەم: دوای حەود مانگ لە هەڵبژاردن و ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆست و سامان و بێدەنگی هێزەکانی تر لەم گاڵتەجاڕیە، مەرگی کردەی سیاسی لە کوردستان نیشان دەدات کە چۆن بەدەست هێزگەلێکی بەتاڵ و بەرژەوەندیخواز و بازرگانەوە دەناڵێنێت و دەسەڵات و پۆست و سامان بەبەرچاوی خەڵکی کوردستانەوە لە خۆیانەوە بۆ منداڵەکانیان تاپۆ دەکەن و دەگوازنەوە.

10/05/2019



وتارەکانی تری نوسەر