شێری نێو ئەم دارستانە

عەزیز رەئوف

یەکەم: ئەمڕۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و سوڵتانی لە کوردستان، بەرگێکی یاسایی و قانونی بەبەردا کرا. سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و بارەگای بارزانی، وەک شوێنێک بەناوە بۆ مەرجەعی سیاسی لە کوردستان و نابووتکردنی پارلەمان، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە بە ئاشکرا یەک بنەماڵە و لە یەک مەتبەخ و لە چوارچێوەی یەک دیواری ماڵێک بڕیار لە چارەنوسی خەڵکی کوردستان دەدرێت.

دووەم: ئەوەی یەکێتی لەم ماوەیەدا کردی، جگە لە نەزانینی سیاسی چیتر نەبوو. نەدەبوو ئەم دۆخە بەسەر یەکێتیدا تێپەڕێت، لەلایەک دەنگ بە سەرۆکی هەرێم نەدا و لەلایەکی تر بەشدار بێت لە ڕێوڕەسمەکەدا. جیاوازیەکانی ناو یەکێتی کە گروپێکیان پێڵاوی لاستیک ئاراستەی دەمی برادەرانی پارتی دەکەن، لەگەڵ گروپێکی تر کە بە هەموو جوڵەیەکی پارتی ڕازین و بەرژەوەندییان پێکەوەیە، پەرتپەرتبوونی ماڵی یەکێتی نیشان دەدات.

سێیەم: ئەوەی هێزە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان و پارتەکانی دەرەوەی دەسەڵات کردنیان، ئینتیحارێکی سیاسی گەورە بوو کە بەڕاستی وێنەی خۆیان ئەوەندەی تر لای خەڵک ناشرینتر کرد. بەم کردەیەیان سەلماندیان کە ناتوانن بە هەر پێوەرێک بێت پارتی تێپەڕێنن و هەم دەسەڵات و هەم شەقامیان دۆڕاندووە و لە نێوەندەدا هەندێکیان سودمەند و هەندێکیشان هەر ئەوەندە لە سیاسەت دەزانن.

چوارەم: دەبێ ئیعتراف بەو ڕاستیە بکەین کە لە ئێستادا پارتی یاریکەری سەرەکی هەرێم و ناوچەکە و جیهانە و لە لە ئێستادا دنیای ئێمە لە ئاستی هێزی سیاسیدا لە پارتی جیاوازتری بەرهەم نەهێناوە.

پێنجەم: ئەگەر دادگایەکی سەربەخۆ، ئەگەر شەقامێکی ئەکتیڤ ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی کارا ئەگەر ڕێکخراوی مەدەنی بێلایەن، ئەگەر گەلێکی هوشیارمان هەبوایە، دەبوو نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئەم هەموو فەزاحەتەی لە ڕابردوودا ئەنجامی داوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت نەک بخرێتە سەر بەرزترین کورسی دەسەڵات لەم هەرێمە. ئەم پیاوە وەک سەرۆکی جێبەجێکردن لە ماوەی حەڤدەساڵی ڕابردوودا پشکی شێری بەردەکەوێت لە کۆی گەندەڵی و بەهەدەردانی داهاتی میللەت و خراپی پەیوەندی لەگەڵ ناوچەکە و شکستی ڕیفراندۆم و یەکنەگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە و مۆتەکەی ئابووری سەربەخۆ. لە هەموو بەڵێنەکاندا ئەم پیاوە شکستی هێناوە، ئێستا ئومێد دروستکردن لەسەر ئەم پیاوە لە نوکتە زیاتر هیچی تر نیە.

10/06/2019



وتارەکانی تری نوسەر