زەینەب و سایە و دنیای ئێمە

عەزیز رەئوف
یەکەم: سایە و زەینەب دوو ڕووی یەک دراون لە کۆمەڵگەی کوردیدا،ئەویش خۆسەرقاڵکردنە بە شتە بچوکەکانەوە و فەرامۆشکردنی خەمە گشتیەکانە. ئەم دوو دەرکەوتەیە کە یەکیان ڕووت و قوتە و ئەوەی تریان تەنها چاوی دیارە بیماری کۆمەڵگەی کوردیمان بۆ دەردەخات کە بە بەرگری لە نیقاب دەیەوێت پاکی خۆی پیشان بدات و بە هێرشکردنە سەر جەستەی سایە دەیەوێت خۆی وەک فریشتە نیشان بدات. لەسەدا نەوەد و پێنچی کورد موسوڵمان بێت چۆن دوو ملیۆن کەس لە گۆگڵ سێرچ دەکات بۆ بینینی جەستەی سایە کەریم؟  خەلەلێک لە سترەکتوری کۆمەڵگەی کوردیدا لە ئارادایە کە لە جەستەی ژندا بەدوای جوانی و پاکی و ڕەشت و ئەخلاقدا دەگەڕێ.

دووەم: پارتیەکی سوڵتانی لە فۆرمی وەک سوڵتانەکانی سعودیە و سەلەفیەکی مەدخەلی نێو نیقاب، خۆیان یەکتری تەواو دەکەن. سەلەفیەکان بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم دەکەن و سەرۆکی هەرێم بە ئەمیر موئمنین وەسف دەکەن. ئەم دوو بەرەیە یەکتری تەواو دەکەن و شەڕێکی لەوە بچوکترە کە شەڕە گەورەکانمان بیربەرێتەوە.

سێیەم: نە ڕوتکردنەوە بێ ڕەوشتیە و نە داپۆشین ئەخلاقە. ئەخلاق بە رووتکردنەوە و داپۆشین نیە. مرۆڤەکان ئازادن چی دەپۆشن. مادام لە هەردوو بەرەکەدا چەقی مەسەلەکە جەستەیە، ئیتر ڕوتی بکەیتەوە یان دایپۆشی جیاوازییەکی ڕیشەییان نیە. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا چاوێک هەیە لە پشتی نیقابیشەوە ژن بە ڕووتی دەبینێت. نە ڕووتبوونەوە کۆمەکمان دەکا نە داپۆشین. لە هەردوکیدا ستەمکاری سەرمایەداری و ئاین بە مەفهومی سعودی و کردەیەکی ئیسلامی سیاسی هەست پێدەکرێ.

چوارەم: پارتیەکان لە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پارلەمان و ئەنجومەنی دادوەری لە سەفی پێشەوەن و کەس ورتەی لێوە نایا، بەڵام نیقابپۆشێک کە دەخرێتە سەفی دواوە زۆرێک لە خەڵکی نیگەران کردووە. 

پێنجەم: ئەم هەموو قەیرانە لە وەزارەتی پەروەردەدا هەیە، لە سیستەمی پەروەردە وە بۆ خراپی پرسیارەکان، بەخستە سەفی دواوەی کچێکی نیقاب هەموو ڕەخنەکانی بیر خوێندکاران و خەڵک بردەوە.

24/06/2019



وتارەکانی تری نوسەر