هەڵۆیەک نایەوێ بفڕێ

عەزیز رەئوف
یەکەم: ئەو گۆرانیەی ماریا هەورامی لە سەهۆڵەکەی سلێمانی، هەم مۆرکێکی کوردی پێوە دیاربوو، هەم جلو بەرگی ئەم خانمە ڕەسەنایەتی خۆی پاراستبوو. ئەوەی تایپێک لە پیاوی ئاینی نیگەران کرد ئەو ترسەیە لە کرانەوەی کۆمەڵگە و ترسە لەوەی چیتر خەڵک دوای حیکایەتە تونڕەوی و ژەهراویەکانیان نەکەوێت.
دووەم: لە ئێستادا ئایین کورتکراوەتەوە بۆ خیتابی توند و قیڕەقیڕ و ڕژانی ژەهری توندڕەوی. ئەگەر سەردەمانێک مزگەوت شوێنی زانایان و پیاوانی نورانی و شاعیران بووبێت، ئەوا لە ئێستادا بەشێک لە مزگەوتەکان پڕ بوون لە پیاوی ئاینی لە فۆرمی موجاهید. کوا پیاوە نورانیە ڕیشسپیەکانی وەک مەلای گەورەی کۆیە و نالی و سالم و حاجی قادر و سەدانی تر؟ هیچ کاتێ بارتەقای ئێستامان ئایین کورد نەکراوەتەوە بۆ خیتابی توندی دژە ژن و دژە مرۆڤ و دژە پێکەوەژیان.
سێیەم: ئەم فۆرمە لە ئایین کە هەم سزا بۆ مرۆڤەکان لەم دنیا و لەودنیاش دانراوە، تەواو ستەمکارانە و بێویژدانانەیە. ئەمە چ جۆرێکە لە ئایین خودا سزای مرۆڤەکان لەو دنیا بدات و لەم دنیاش موجاهیدەکانی سزای ئەو مرۆڤانە بدەن کە وەک خۆیان بیر ناکەنەوە و تەکفیریان بکەن و هێرشیان بخەنە سەر؟ ئاینێک لەم دینا و لەو دنیاش سزای ئامادە کردبێت هیچ نیە جگە لە فۆرمێکی ئاینی تەواو ستەمکار و دژە ئینسانیەت.
چوارەم: دەسەڵاتی کوردی کۆمەڵگەی بۆ ئەم جۆرە لە پیاوی ئاینی خۆشکردووە کە بە ئارەزووی خۆیان دژ بە هەر هەوڵێکی ئازادی ژەهری خۆیان لە مینبەرەکانەوە بڕێژن. لە ئاستی سەرەوە دەسەڵاتی کوردی و لە ئاستی خوارەوە کۆمەڵێک پیاوی ئایینی چارە گرژ هەموو دەرگایەکیان لەسەر ژیانکردن لەم دەڤەرە داخستووە.
پێنجەم: ئایینێک تەحەمولی کلیپێکی گۆرانی نەکات لە سەهۆڵەکەی سلێمانی، ئەوا دەمێکە لە ئایین کەوتووە. ئاینێک بدرێتە دەستی کۆمەڵێک پیاوی ئاینی کە جگە لە ژن بیر لە هیچی تر ناکەنەوە، ئەوا بەناوی بەهەشتەوە جگە لە سازکردنی جەهەننەم هیچی تریان لێ چاوەڕێ ناکرێ.
شەشەم: هەڵۆ ڕەمزی ئازادی و ئاسمانی شین و فڕینی نێو هەورە سپیەکانە، هەر هەڵۆیەک باس لە قەفەز بکات بۆ مێینەکان، هەر هەڵۆیەک لە دەنگی تەوارەکان بترسێت، هەڵۆیەکی باڵشکاوە و بەڕاستی نایەوێ بفڕێت، هەڵۆیەک نەفڕێت ئەوا لە هەڵۆیەتی کەوتووە و ناوی تر دەخوازێت.

13/08/2019



وتارەکانی تری نوسەر