هاتن، کوڕەکان هاتن

عەزیز رەئوف


سەردەمی ماندوبوون و خەبات و بەرپرس و سەرکردە کۆتایی هات. ئیدی سەردەمی کوڕەکانە، کوڕەکان تاکە هۆکارێک بۆ هاتنەپێشەوەیان ئەوەیە لە توخمی باوکە بەناوشۆڕشگێڕەکانن و هیچی تر.

 ئیدی دەسەڵاتی ڕەهای پارتەکان لەسەر منداڵەکان تاپۆ کران، ئیدی کەس دوای کوڕەکان باس لە پلەو پایەی ناو پارتەکان نەکات. ئیدی دەبێت گۆڕ و مردن کۆمان بکاتەوە نەک ژیان و خەمی زیندوەکان، ئیدی ئەوەی حەسحەسی گۆڕ نەبێت لە کاروانەکە جێدەمێنێت. ئیدی بۆ ئەوەی پێکەوە بژین دەبێت گۆڕی سەرکردەکان و بەرزاییەکان و فاتیحای سەرگۆڕی سەرکردە چەپ و ماوی و ناسیۆنالیستەکان کۆمان بکاتەوە، نەک بیرکردنەوەی عەقڵانی و پشتکردنە مەرگ و ڕووکردنە ژیان. 
هاتن کوڕەکان هاتن. ئەوان ئەوەی دەیزانن ئەوەیە کە کوڕی سەرۆکەکانن و هیچی تر. تاکە هونەری ئەوان ئەوەیە سەردەمێک دیاک و باوکیان لە شەوێکی تاریکدا جوت بوون و سکیان لە منداڵێکی کوڕ پڕ کرد و کە خەڵکیش خۆی بەکوشت دەدا ئەوان کوڕە سەلار و عاقڵەکانیان ناردە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن و ژیانکردن.

کوڕەکان هەندێکیان بە هەردوپێ و هەندێکی تریان وەک تارمایی پارت و بزوتنەوە و هێزەکان بەڕێوە دەبەن. کوڕەکان میدیا و شوێن و پارە و داهاتی پارتەکان لای خۆیانە و ئیدی کێ دەبێتە وەزیرێکی بێدەسەڵات کێشە نیە، کێ دەبێتە پارلەمانتار و بەڕێوەبەر زەرەری نیە و ئەسڵەن هەر دەسەڵاتی نیە. چونکە کوڕەکان لەودیوی پەردەوە پارتەکانیان بەڕێوە دەبەن و لەودیوی دیوارەکەوە هیچ کێشەیەکیان نیە و جارجار میدیاکانیان لەیەکتر بەردەدەن و دەماری ملی هەوادارانیان ئەستور دەکەن.
باوکان مردن و فرمێسکمان لەچاوی کوڕەکان نەبینی، ئەوەی هاواری دەکرد و خۆی لەقوڕ وەردەدا خەڵکی عەوام بوو، کوڕەکان بێ ڕکابەر پارتەکانیان داگیر کرد و جارجارە سەردانی گۆڕی باوکانیان دەکەن و بە لەشێکی پیسەوە فاتیحایەکی درۆ دەخوێنن.

لە هەڵبژاردنەکاندا جارجار تەقە لە وێنەی باوکەکان دەکەن و دواتر دەچنە سەر گۆڕەکانیان لەسەر خوانی یەکتر مەست دەبن. ئیدی لە هەڵبژاردنەکاندا جەستەی وێنەی باوک بە گوللە دەکەنە بێژنگ و دواتر بەناوی یەکڕیزیەوە لەسەر یەک سفرە کۆدەبنەوە. کوڕەکان لەمەکتەب دەرسی سحریان خوێندوە و بۆیە وا فێڵ لە خەڵک دەکەن.  
 ئیدی هاتن، کوڕەکان هاتن.


27/11/2019



وتارەکانی تری نوسەر