جەنگاوەری تارمایی

عەزیز رەئوف

مەرگی قاسمی سولەیمانی نە خەم هەڵدەگرێ نە شادی، ئەم تارماییە هەمیشە لێرە بووە و شوێنپێکانی دیار بووە. ئەم کۆماندۆ سێبەرەی کە شەوان هەڵدەساین تەنها شوێنپێکەیمان دەبینی. قاسمی سولەیمانی ئەو پیاوەی کوڕی ئەو سەردەمەیە کە دەتوانین بە سەردەمی جەنگاوەری تارمایی ناوی بەرین، جەنگاوەرێک نە خۆی دیارە نە شمشێرەکەی، بەڵام شوێنپێی لە هەموو شوێنێکە، جەنگاوەرێک سنورەکان دەبڕێت و دەتوانێت دەسکاری سندوقی دەنگدان بکات و بەرپرس لابەرێ و دابنێ، شەڕی داعش بکات و بارتەقای بەرپرسانی وڵاتانی ناوچەکە، قاسم هەم دەسەڵاتی هەبوو، هەم دەستی لە دروستکردنی ڕوودا و چارەسەرکردنیشیدا هەبوو.

ئەم بابانوئێلە ئایدۆلۆژیەی بە ڕیشە سپێکەیەوە سنورەکانی دەبڕی و ڕووداوی دروست دەکرد دواجار مەرگی دەبێت بە ڕووداو. ئەم مەرگە پێی وتین زەمینی ئێمە بەدەست قاسمەکان و ئاسمانی ئێمە بەدەست ئەمریکیەکانەوەیە. خۆمان لە فەزاداین، قوڵاییمان نیە و ئاسمان و زەمینی ئێمە لەلایەن ئەوی ترەوە بەڕێوە دەبرێ. سەرزەمینی جەنگاوەرانی تارمایی و ئاسمانی ئێمەش تەکنەلۆژیا و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و ئێمەش لەم بۆشاییەدا دەستێکی سپی و بەتاڵ.

ئەم خوێنە بەردەوام دەبێت و عیراق و ناوچەکە شانۆی چەندین ڕووداوی خوێناوی دەبێت و کۆتایی ئەم شانۆگەرییەش نادیارە. ونبوونی ئەم تارماییە بەمانای ونبوونی ئەم دید و ئایدۆلۆژیا و پلان و خوێنە نیە و فاشیزمی خۆرهەڵاتی چەندین تارمایی تری ئامادە کردووە و ئەم ئایدۆلۆژیا و خوێنە کارخانەی هەڵهێنانی چەندین هیلکەی ترە بۆ خولقاندنی جەنگاوەرێک کە لە تارماییدا سنورەکانی ناوچەکە دەبڕێت و شەڕ لە ماڵی خۆی دوور دەخاتەوە و تۆپی ئاژاوە فڕێدەداتە گۆڕەپان و ماڵی کەسێکی ترەوە.
بەیانیەک هەڵدەسین و جەستەی سوتاوی  کۆماندۆیەک دەبینین کە چەندین ساڵە لە ناوچەکەدا تەنها شوێنپێی دەبینرا. سەڵی نوێ پێمان دەڵێ: بەخێربێن بۆ تارماییەکی تر، بەخێربێن بۆ خوێنێکی تر.


03/01/2020



وتارەکانی تری نوسەر