هەشتی مارس، چۆن بووم بە پیاوکوژ؟

عەزیز رەئوف

هەر کە چاوم کردۆتەوە ژن سەروەری ماڵ بووە. هەر کە چاوم کردۆتەوە لەماڵەکەمان ژن بونەوەرێکی ئازاو جەبەرزە بووە. دایکم ئەو ژنەی لە بیستەکانی تەمەنیدا باوکم کۆچی دوایی دەکا وەک بێوەژنێک حەوت منداڵ بەخێو دەکا. بیرمە هاوین بوو لە گوندەکەمان لەسەربان دەنوستین، کە خەبەرمان بۆوە مارێکی گەورە لە پشت سەرمانەوە کوژرابوو، دایکم شەو مارەکەی کوشتبوو پێش ئەوەی خۆی بخزێنێتە جێگەکەمان.

 
لە کوشتنی مارەکەوە زانیم ژن دەتوانێت ژەهرەکان بکوژێت. کە دایکیشم مرد، براژنە شوکریەم نەیهێشت بێدایک بین، بە ئێستاشەوە وادەزانێ منداڵە بێدایکەکەی جارانین هەر چاوی لەدوامانە. کە هاوسەرگیریشم کرد هەر بەو هیوایەی ژنێک بێ بتوانێ بەگژ مەحاڵدا بچێتەوە. ژنێک خۆی بێ و پشت بە ئێمەی پیاو نەبەستێ. لە دەرەوەی وڵات خەریکی خوێندن بووم هاوسەرم تەلەفۆنی کرد کەی دێیتەوە تۆ قەڵای ماڵەکەمی، بەخۆم پێکەنیم قەڵای ماڵ چیە گیانەکەم، خۆت قەڵای و هەر خۆت دەبێ قەڵابی، بەبێ ئەوەی پشت بە من ببەستی.

 
لەو ماوەیەی کە هاوسەرگیریم کردووە هەر بڕیارێک من دابێتم هاوسەرم نەیوتووە نا، کە زۆربەی بڕیارەکانیشم ڕەنگە لەجێی خۆی نەبوبێت. بەڵام ئیعتراف دەکەم ئەو زۆر ورتتر و بەسەلیقەتر و زەوق جوانترە. هەر ئەو جلم بۆ دەکڕێ و وەک منداڵ شوێنی دەکەوم بۆ بازاڕ و پێم دەڵێ با مێردەکەم ڕووی مەجلیسی هەبێ. کە بەلای کتێبدا دەڕۆم هاوسەرم خۆی دەداتە بەر کتێبەکان و دەمخافڵێنێ تا کتێبەکان نەبینم، دەزانێ لەسەر کتێبەکان دەوەستم یان دەیکڕم و مەسرەفی زیادەی پێ دەکەم. 

 
من و هاوسەرم دوو کێشەمان هەیە، یەکیان ئەوەیە ئەو پرسم پێدەکا، من دەڵێم تۆ چیت پێ خۆشە بیکە بۆ بە من دەڵێی، دووەمیش لە ناڕێکی ماڵدا. وەرەقە کەوتووە چەند کتێبێ سەرەوخوار لە نیوەدا هێشتا نەخوێندراوەتەوە هەڵاودیوکراوە. ئەو پێم دەڵێ ماڵەکە دەبێ ڕێک بێ، بەختیار عەلی کتێبێکی هەیە بەناوی "جوانیەکانی ناڕێکی" ، بۆم گرنگ نیە ماڵ چۆنە، گوێ بە گلەیی میوانەکان نادەم و دەڵێم میوانێک منی بوێ بە ناڕێکی ماڵەوە منی دەوێ. جوبران خەلیل جوبران جارێ وتی: "لەسەردەرگاکەم نوسی کە هاتیە ژوورەوە دوڕوویەکەت جێبێڵە، لەو ڕۆژەوە کەس هاتووچۆم ناکا چونکە خەڵک دووڕووە"، هەمان کێشەمان هەیە، تەمسیلمان پێ ناکرێ و یەک دەم و چاوین، ئەمەش سەریەشەی بۆ دروستکردووین و خەڵک بە هەڵە لێمان تێدەگا. 

 
هەموو هەوڵی من ئەوەیە پیاوەتی لەخۆمدا بکوژم، هەر هەشتی مارسێک کەرتێ لە پیاوەتی فڕێ دەدەم تاکو ببم بە مرۆڤ، هەرکات هەستم کرد لەبەینی من و هاوسەرەکەم یان کچ و کوڕەکەم جیاوازی هەیە ئەوا خەلەلێک لە عەقڵمدا هەیە و لە ئێستادا هەست بەو جیاوازیە ناکەم و پێدەچێ کەمێک عاقڵ بم. 
ڕقم لە (میم)ە، کە خوێندکاری ناوەندی بووم چیرۆکی "میم" شێرزاد حەسەنم خوێندەوە کە دژ بە میمە، خانووەکەم، ژنەکەم، سەیارەکەم، ماڵەکەم.. هەموو هەوڵم ئەوەیە ئەو میمە لە خۆمدا بکوژم. جارێک مەلا عەبدوللەتیف وتی ژن نابێ ئۆتۆمبیل لێبخوڕێ، منیش بڕیارمدا ئۆتۆمبیلەکەم بە هاوسەرەکەم ببەخشم و بیرۆکەی چیرۆکەکەی شێرزاد حەسەن وای لێکردم بێ ئۆتۆمبیل بمێنمەوە.

 
ئارەزوو دەکەم کاری مەتبەخ بکەم، هاوسەرم نایەڵێ و پێم دەڵێ کارکرنی تۆ زەرەرە و مەتبەخەکە ویران دەکەی، ڕاستیش دەکا، وەک چۆن فیلێک بخەیتە ژوورێکی پڕ لە فەخوری هەمووی دەشکێنێ، هەرجار کارم لە مەتبەخ کردبێ شتێکم شکاندووە.

 
هاوسەرم بۆ من پشت و پەنایەکی گەورەیە، دکتۆر کارزانی هاوڕێم هەمیشە دەڵێ: خەڵک کە ژنی هێنا واز لە نوسین دێنێ، کەچی عەزیز دوای ژنهێنان باش دەنوسێ. هاوسەرم بۆ من قەڵایەکی پتەوە، بەخوا منیش خراپ نیم، لە عومرما نەمزانیوە داهاتمان چەندە کە موچە وەردەگرین هەموویم لێ دەسێنێ و چل بۆ پەنجا هەزارێک دەخاتە جزدانەکەم و دەڵێ وەک بەشەر پارە سەرف بکە، پۆشیا بە دایکی دەڵێ وەزیری دارایی. لە عومرما هەستم نەکردووە ژن شەرەفە، کە سەیارەمان نەبوو سوار پاس دەبووین، من ڕام دەکرد بۆ لای جامەکە سوار دەبووم کە دیقەتم دەدا پیاوان ژنەکانیان لای جامەکەوە دادەناو ئەملایان لێ دەگرت تا خەڵک شانی بەر شانیان نەکەوێ. ئەو دەیوت پیاوێکی سەیری، من دەم وت لە پاسدا لای جامەکەوە سوار بی هەوایەکت بۆدێ موبەڕیدەی ناگاتێ. 

 
هەموو هەوڵم ئەوەیە وەک مرۆڤ مامەڵە بکەم نەک وەک پیاو. من پیاوکوژم و دەبێت هەموومان ڕۆحی پیاوکوژیمان تیابێت و دەست بە مرۆڤبوونمانەوە بگرین نەک پیاوبوونمان. سەرباری ئەوەش ژیان لەگەڵ مندا تەحەملی دەوێ. ژیان خۆی جدیات و لێپرسینەوە و کەمێک تەمسیلە، من زۆر بە پاتاڵی ژیان بەڕێ دەکەم و هەمیشە دەڵێم ژیان هیچ نیە بەڵام ئەوەی هەشمانە هەر ژیانە. مەریوانی هاوڕێم بە زمانی گەرمیانی دەڵێ: فرە جوانی؟ هەر ئەم ژنەیە لەگەڵ تۆیا ئیدارە دەکا، ئەو نوکتەیەکی هەیە دەڵێ: (ڕۆژی حەشرە و هەموو ئۆمەتی موحەمەد چاوەڕێن، خودا هاوار دەکا " پرشنگ دڵشاد" با بێ بۆ بەهەشت، ئەسحابەکان هاوار دەکەن ئەی ئێمە؟ خوداش پێیان دەڵێ پرشنگ بەهەشتیە دەزانن بۆ؟ چونکە توانیویەتی ئەوەندە ساڵە لەگەڵ عەزیزا ئیدارە بکا ، ئەوەی تەحەملی عەزیز بکا بەهەشتیە). 

 
هاوسەرێکم هەیە بەهەشتە، هەم شایەنی بەهەشتیشە.


08/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر