ھەقیقەتێک سەبارەت بە کۆرۆنا لە کوردستان

لوقمان غەفور

زۆر ئەم پرسیارەم ڕووبەڕوو ئەکرێتەوە، ئایا کوردستان سەلامەت ئەبێت!؟ سەرەتا ئەمە پرسیارێکە کە تەنیا ئیلاھی ئەتوانێت بەتێرو تەواوی بیزانێت، بەڵام بەھۆی ئەو خوێندنەوە و زانیارییە زۆرەی لەسەر نەخۆشییەکە ھەڵمچنیوەو لەیەکەمین دەقیقەوە ئەگام لێیەتی چۆن گەشەی کردووە لە وڵاتان و ھۆکارەکانی چی بوون، ئەتوانم چەند ھۆکارێک دەستنیشانبکەم کە کوردستان لە زۆر ناوچەی تر پارێزراوترە.

شەش ھۆکار ھەیە بۆ ئەوەی بیسەلمێنم کوردستان سەلامەتترە لە زۆر شوێنی دنیا:

 

یەکەم خەڵکی کوردستان بەگشتی لەڕووی خۆراک و خواردنەوە تەندروستن لەچاو زۆر وڵاتی تر بۆ نمونە چین، ئەفگانستان، پاکستان…ئەمە وا ئەکات خەلک بەگشتی پارێزراوتر بێت.

دووەم: شەشەم خەڵکی کوردستان زۆر کەم لە دەرەوەی ماڵەکانیان نان ئەخۆن، بەشی زۆری خەڵک خۆی خواردن لە ماڵەوە دروست دەکات. کە ئەمە کاریگەری گەورەی ھەیە. بەتایبەتی سیستمی پشکنینی تەندروستی لەسەر ڕێستورانتەکان وەک پێویست نییە.

سێیەم: وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان تەجروبەی لەگەڵ پەتا و نەخۆشییە درمەکانی وەک کۆڵێرا و ئەنفلۆنزای باڵندە ھەیە و توانیویەتی کۆنترۆڵی بکات. بۆیە من دڵنیام بۆ ئەمەش سەرکەوتوو ئەبێت.

چوارەم: خەڵکی کوردستان بەگشتی شوێنی تر و پەناگەی تری ھەیە لە گوند و شارۆچکەکان تا پەنای بۆ بەرن کە ئاو ھەوای پاکە. کە ئەمە فاکتێکی گەورەیە بۆ ئەوەی چڕبوونەوەی خەڵک لە شوێنێکدا کەمبێتەوەو بەریەککەوتن کەمبێت لە شارەکان، کە ئەمە بۆ دۆخی ھەر قورسی بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکە باسدەکەم.

پێنجەم: ئەگەر تێکڕای دەوامی بەڕێوەبەرێتییەکان بوەستێت کاریگەری نابێت بۆ سەر بژێوی خەڵک و ئابوری ھەرێم، بۆ نموونە ئەگەر وەزارەتی شارەوانی بوەستێت! چی لە ئابوری ھەرێم ئەگۆڕێت؟ چونکە ئابوری ھەرێم بەشە زۆرەکەی لەسەر نەوتە، خەڵک بەگشتی مووچەی دەدرێتێ یان ھەروەک سیستمی پێشوو ئەڕوات. وەک وڵاتێکی ئەمریکا یان ئەوروپا نییە، ھاووڵاتی سەعاتێک کارنەکات پارەی ئەو سەعاتەی نادرێتێ.

شەشەم: بەگشتی خەڵکی کوردستان گوێ لە دکتۆر و بزیشک.ئەگرێت بۆ ڕێنمایی تەندروستی.

بەڵام لەسەروو ئەم خاڵانەوە مەرج نییە ئیتر ترسمان نەبێت. من مانگێک و ١٠ ڕۆژ لەمەوبەر داوام کرد تەنیا یەک شت بکەن سنوور داخەن.. من ترسی گەورەو بچوکم ئێرانە. ھیوادارم کوردستان سەلامەت بێت.


05/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر