دکتۆر یوسف پێویستە چیبکات

عەدنان عوسمان
چوار پرسی گرنگ و هەستیار لە ئێستادا بوارێکی گرنگی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیمان داگیر دەکات و پێویستی بە هەنگاوی خێرایە:
یەکەم: مەسەلەی پەیوەندی هەرێم و بەغدا و سەربەخۆیی و ریفراندۆم، کە بە گوێرەی بڕگەی دوو لە مادەی ٥٦ لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و بڕیاری ژمارە یەکی ساڵی ٢٠٠٥ بەشێکە لە ئەرک و دەسەڵاتەکانی پەرلەمان.
دووەم: کێشەی کەرکوک و مەترسی بەهەرێم کردنی و یەکلاکردنەوەی چارەنوسی ناوچەدابڕاوەکان.
سێیەم: یاسای تیرۆر کە ماوەی درێژکردنەکەی تەواو دەبێت و پێویستی بە پیاچونەوەو نوێکردنەوەیە.
چوارەم: یاسای بەکرێدانی خانوبەرە کە ئەویش ماوەی بەسەر دەچێت و ئەگەری دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی لێدەکرێت گەر پیاچونەوەی بۆ نەکرێت.
ئەم چوار پرسە بەپەلەیە وادەکات سەرۆکی پەرلەمان دەسەڵاتەکانی خۆی بەکار بهێنێت بۆ بانگهێشت کردنی پەرلەمان بۆ دانیشتنێکی تایبەت بۆ ئەو چوار بابەتەی سەرەوە.
سەرۆکی پەرلەمان بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی پێی دراوە لە مادەی ١٧ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان وە مادەی ٢٠ لە ئەرکە هاوبەشەکانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان( لانی کەم دوو ئەندامی دەستە)، وە مادەی ٦ کە دەسەڵات بە سەرۆکی پەرلەمان ئەدات داوای کۆبونەوەی نا ئاسایی بکات، دەتوانێت بە رەسمی داوای سازدانی ئەو کۆبونەوەیە بکات لە کاتێکی دیاریکراودا.
 بۆ شوێنی کۆبونەوەکەش ئەوا مەعلومە هەولێری پایتەخت  بە گوێرەی مادەی ٢ لە پەیرەو و مادەی ٤٦ لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەو جێگەیە کە کۆبونەوەکانی پەرلەمان تێدا دەبەسترێت. بۆیە گەر هیچ رێگریەک نەبێت ئەوا باشترین شوێن باڵەخانەی پەرلەمانە لە هەولێر. بەڵام گەر رێگری هەبێت بۆ رۆیشتنی سەرۆکی پەرلەمان و سازدانی کۆبونەوەکە  لە هەولێر، ئەوا سەرۆکی پەرلەمان بە گوێرەی دەسەڵاتەکانی کە لە پەیڕەودا دەستنیشان کراوە دەتوانێت شوێنێکی تری کاتیی بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەکە دیاریبکات، چونکە چ لە یاساکە و چ لە پەیرەودا هیچ میکانیزمێکی دەنگدانی پەرلەمانتارانی دیاری نەکردووە بۆ گواستنەوەی شوێنی کۆبونەوەکان. بۆ نمونە بەشی زۆری رێکاریەکانی نێو پەرلەمان بە دەنگدانی پەرلەمانتارانە و رێژەکەشی دیاریکراوە( زۆرینە، سێ لەسەر چوار، دوو لەسەر سێ...هتد) بەڵام بۆ دیاریکردنی شوێنی دانیشتن لە پەیرەودا لە مادەی ٢ نوسراوە:پەرلەمان لە هەولێر کۆبونەوەی خۆی دەبەستێت و دەکرێت لە کاتی پێویستدا لەهەر شوێنێکی تر ببەسترێت.  لە مادەی ٤٦ ی یاسای هەڵبژاردنیشدا بەهەمان شێوە باس لەوە دەکات کە دەشێ لەهەر شوێنێکی تر ببەسترێ کە پەرلەمان دەستنیشانی بکات. کەواتە هیچ رێژەیەک یا ئیلزام بونی دەنگدانی پەرلەمانتاران لە گۆڕێدا نییە، بەڵکو بەو حوکمەی کە سەرۆک نوێنەرایەتی پەرلەمان ئەکات و بەرپرسی کارگێڕی پەرلەمانە، هەر بۆیە دەتوانێت هەر خۆی بە راوێژ لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان شوێنی کۆبونەوەکە دەستنیشان بکات.
ئەم هەنگاوە هەم بۆ پەرلەمان وەک دەزگای تەشریع و بڕیاردان و، هەم بۆ خودی سەرۆکی پەرلەمان کە سەرۆکێکی شەرعی و هەڵبژێردراوی پەرلەمانتارانە، پێویست و گرنگە و، هیوادارم هەم بەرێز دکتۆر یوسف و هەم فراکسیۆنەکان و ئەندامانی پەرلەمان ئەم پێشنیازە بەهەند وەربگرن و کاری لەسەر بکەن. بەمەش پەرلەمان لە چوارچێوەی ئەرکە یاساییەکانی خۆیدا بە رۆڵی شیاوی خۆی هەڵدەستێت.


13/07/2016



وتارەکانی تری نوسەر