گۆڕان نانی بە تەنوری کەسەوە نەسوتاوە

عەدنان عوسمان
پارتی دەیەوێت لە هەڵبژاردنی داهاتودا، لیستێکی هاومەیلی لە ناوچەی سلێمانیدا هەبێت. هەر لە ئێستاوە "پڕۆ- پارتیەکانی" ناو یەکێتی کار بۆ سەرخستنی ئەو هەنگاوە ئەکەن. ئەو بیرۆکەیە لە دوو کەرت پێک دێ: بەشی یەکەمی لەت کردنی لیستە بەهێزەکانی ناوچەی سلێمانیەو دروست کردنی کۆمەڵێک لیستە لە تەنیشت گۆڕانەوە، بەشی دوەمیشی دروست کردنی هاوڕاییە لە نێو بەشی زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ هاوپەیمانێتی کردن لەگەڵ پارتیدا لە دوای هەڵبژاردنەکان. پارتی و هاومەیلەکانیان سودیان لەوە بینیوە کە تا ئەم ساتە وەختە دەنگی زاڵ( هەرچەندە کەمینەشە) لە گۆڕاندا، دەست گرتنە بەو مانەوە نەزۆکەیە لە حکومەتی هەرێم و مانەوە لە دامودەزگاکانی سلێمانی و دەست گرتنی یەکلایەنە بە رێکەوتنەکەیە لەگەڵ یەکێتیدا.ئەو دەنگانە گەر لەم ماوەیەدا خۆیان یەکلا نەکەنەوە ئەوا دەبنە هۆکاری پوکانەوەی گۆڕان و ئۆباڵی مێژویی ئەوەش تەنها لە ئەستۆی ئەوان ئەبێت.

بەشی زۆری هەڵسوڕاوەکانی گۆڕان و کادرەکانی یەکێتی بە جدییەتێکی زۆرەوە هیوایان لەسەر رێکەوتنەکە چنیبوو، بە نیازی هەنگاوی گەورەتر بون بە ئاراستەی نزیکایەتی زیاتری گۆڕان و یەکێتی. بۆ خۆم لەو دەنگانە بوم کە رێکەوتنەکەم پێ باش بوو وە ئێستاش لەگەڵ هەوڵدانم بۆ جێبەجێ کردنی، چونکە هەم لە خزمەتی پرۆسەی سیاسی و گوزەرانی هاوڵاتیان و هەمیش لە قازانجی یەکێتی و گۆڕانە. بەڵام معلومە باڵی پرۆ پارتی نێو سەرکردایەتی یەکێتی لەگەڵ جێبەجێ نەکردن و کات کوشتن و خۆدزینەوەیە. ئێستا سەرقاڵی هەنگاوی نهێنین لەگەڵ پارتیدا و تەنها چاویان لە مەکرومەو مەرحەمەتی پارتیە. ئێستا لای هەموو کەس مەعلومە کە ئەو باڵە ،کە ئێستا پێ ئەچێت زۆرینەی بڕیار بەدەستی یەکێتی بن،  یاری بە کاتەوە ئەکەن و هیچ هەنگاوێک بە ئاراستەی جێبەجێکردنی رێکەوتنەکە نانێن و خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادە ئەکەن. پیلان و پلانەکان دژ بە گۆڕان لە پەرەسەندندایەو کەچی هەندێکی کەم لە نێو گۆڕاندا پێیان وایە ئەو رێکەوتن و بەشداریکردنە شتێکی حەیاتیە بۆ گۆڕان، وەک ئەوەی گۆڕان تەنها بۆ خاوکردن و سوککردنی کێشەکان و باری سەرشانی ئەوان  دروست بوبێت.

ساڵی ١٩٧٠ باڵی مەکتەبی سیاسی، لە پێناو یەکریزی کورد و یەکخستنی تواناکان و لە ژێر فشاردا، دوابڕیاری خۆیدا بۆ تەسلیم بون بە سەرکردایەتی یەکلایەنەی بارزانی. ئەو کات هۆکارەکان سیاسی بون. لە ئێستاشدا نەوەکانیان و رێهەڵگرانیان، سەرقاڵی هەمان پرۆسەن، دیارە بۆ ئەوەش بیانوو زۆرە، بەڵام پێ دەچێت هۆکارەکان ئابوری بن. دیارە ئەوان ئازادن چۆن بڕیار لە دوبارە بونەوەی ئەو روداوە ئەدەن، بەهەمان شێوەش دەبێت مەعلوم بێت گۆڕانیش خاوەنی ئیرادەو بڕیاری خۆی دەبێت.
ئێستا بۆ گۆڕان ئیتر کاتی خۆ یەکلاکردنەوەو هەڵوێستی ئازایانەو بڕیاریاردانە.


15/01/2017



وتارەکانی تری نوسەر