گەمژەیی وەک بەهرە

عەدنان عوسمان
لەم رۆژانەدا وتارێکم نوسی بە ناوی: شەڕەکەی کاک مەسعود و کاک نەوشیروان، لەو وتارەداو لە درێژەی هەمان بۆچونی پیشترم لەسەر بنەمای کێشەکانی هەرێم، هەوڵمدا قسەیەک لەسەر ئەوە بکەم کە کێشەکانی نێوان گۆڕان و پارتی، مەسەلەیەکی شەخسی نین لە نێوان نەوشیروان مستەفاو مەسعود بارزانی، بەڵکو پەیوەستن بە دنیابینی و میتۆدی فکری جیاوازی هەردوولا بۆ زۆرینەی کێشەکانی حوکمڕانی لە هەرێمدا. لەو وتارەدا ئاماژەم بەوە داوە " بەشداریکردن لە بۆنە کۆمەڵایەتیەکاندا کارێکی باش و ئیجابیە، دانەبڕان لەیەکتر گرنگە، لانی کەم بۆئەوەی بە یەکتر بڵێین ئێمە دوژمن و ناحەزی یەکتر نین، ئێمە بە نیازی یەکتر سڕینەوە کارناکەین، بەڵکو ئێمە نەیاری سیاسی یەکترین، کێشەی سیاسی وتێگەیشتنی سیاسی جیاوازمان هەیە، دەشێت ئەو بۆنانە هەوڵێک بێت بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی نوێ، ئەوانە راستن، بەڵام ناکرێت کێشە سەرەکی و بونیەویەکانی هەرێم لەمەسەلەی کێشەیەکی شەخسیدا ببینین گوایە لە نێوان ئەو دوو پیاوەدا هەیە."
بەڵام لەهەمانکاتدا پێم وایە هێنانە خوارەوەی کێشەکان بۆ ئاستی کێشەیەکی شەخسی نێوان دوو سەرکردە، هەم سادەوساکاریەو هەم ونکردنی راستیەکانە لەوەی کە هەردوولا، چ حزب و چ سەرکردە، دیدگاو جیهانبینی جیاوازیان بۆ ئەو کێشانە هەیەو دەکرێت قسەی جدی لەسەر ئەو خاڵی ناکۆکیانە سەرەتای هەنگاو بن بۆ هەر نزیکبونەوەو لێکتێگەیشتنێک.
ئەم قسە رونانە، هێشتا بواری بۆ کەسانێک هێشتۆتەوە کە بڵێن ئەم بۆچونە زۆر جیاوازە لەو بۆچونانەیتر کە لەسەر سەرنەدانی مەسعود بارزانی بۆ لای نەوشیروان مستەفا نوسیبوم. دیارە من بەلامەوە ئاساییە ماشێنی حزبیی پارتی کار لەسەر شێواندنی قسەکانی ئێمە( ئێمە مەبەستم هاورێکانم و من) بکەن و بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان بەکاری بهێنن، وەک چۆن قسەیەکی ئاسایی و سادەی سروە عەبدولواحدیان بەشێوەیەک ساختەکرد کە هەرێمی نزیک بە دوو مانگی بە خۆیەوە مەشغوڵکرد. بەڵام لام ئاسایی نیە کەسانێکی تر گەر ئەو وتارەو ئەم وتارەشی خوێندبێتەوە پێی وابێت ئەمە گۆڕانێکی ١٨٠ پلەییە لە بۆچونەکاندا، وەیا گوایە من رۆڵی کاریگەری سەرکردەکان و بەرپرسی یەکەمی حزبەکان نابینم. ئەم تەسلیمبونە بە چەواشەکاری و ساختەکاری و هەژمونی ئیعلامی پارتی، کارێکی مەترسیدارەو، هەق وایە بەڕێزانێک، کە خۆیان بە نەیاری سیاسیی ئەو حزبە ئەزانن، هۆشیارانەتر و بە وریاییەوە سەیری ئەم مەسەلانە بکەن، دەنا یا دەچێتە خانەی گەمژەیی سیاسی و خۆشباوەڕیەوە، (چونکە من لە دوو دەرفەتی تردا دیسانەوە بۆچونی خۆمم لەسەر ئەو پرسە رۆشنکردۆتەوە، یەکێکیان لە وەڵامی کاک عەبدولسەلام بەرواری و ئەوی تر بەناوی : چاییەکی تاڵ)، وەیا پرۆپارتی بون و وتنەوەی ئامینە دوای هەر دوعایەکی پارتی، کە ئەمەش مەترسیدارترە. بۆیە من  رەحمەت بۆ گەمژەییەکە دەنێرم و لێرەدا هەوڵ ئەدەم نەختێک بەرچاوی ئەو کەسانە رۆشنتر بکەمەوە:
من لەو وتارەدا کە لەمانگی ١٢ی ٢٠١٥دا نوسیومە، باس لە هۆکارەکانی سەرنەدانی بارزانی ئەکەم بۆ لای کاک نەوشیروان، ئەو کاتەی سەردانی شاری سلێمانی کردبوو، لەوێدا ئاماژەم بەوە داوە کە کاک مەسعود تەنانەت بۆ سەردانێکی کورتیش لای نەدایە لای کاک نەوشیروان، واتە بۆ چاخواردنەوەیەکیش، چ جای سەردانێکی رەسمی و گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی تایبەت بەهەردولاوە. لەو وتارەدا هۆکاری ئەو سەردانی نەکردنەم گەڕاندۆتەوە بۆ ئەوەی کە پارتی لە باشتربونی پەیوەندیەکانی یەکێتی و گۆڕان نیگەرانەو ئەوەش بە مەترسی بۆسەر هەژمونی خۆی ئەزانێت. واتە هۆکارەکەم بە مەسەلەیەکی سیاسی زانیوە نەک هیچ شتێکی تر. لەو وتارەدا بە رونی و راشکاوی ئاوام نوسیوە و رێک پێشبینی ئاڵۆزبونی دۆخەکەم کردوە کە تەنها پارتی و لە ئاکامی ئەو عەقڵیەتە سلبیەیدا لێێ بەرپرسیارە:
-"سەردان و یەک نەبینینەکە مەسەلەیەکی لاوەکییە لە ئاست پەیامی پشت ئەو هەنگاوەوە. چونکە سەرۆک ئەو سەردانەی تەنها بۆ ئەو مەبەستە رێکخستبوو، وە تەنها دەیویست ئەو پەیامە بگەیەنێت. بۆیە بەو حوکمەی هەم خۆی هۆکاری ئەو وەزعەیە، وە هەم کەسی باڵای یەکەمی هەرێمە، دەبێت بەرپرسیارێتی سەرەکی ئەم بارودۆخە لە ئەستۆ بگرێت و دان بەوەدا بنێن کە سیاسەتەکانیان زۆر حزبی و زۆر تەسکبین بوون. ئەمەش مەترسیەکی گەورە بۆ ئایندەی هەرێمەکە دروست دەکات لە کاتی هەوڵدان بۆ چەند بارە کردنەوەی خولی سەرۆکایەتی هەرێم".
-لەسەر سەرنەدانی نەکردنەکە نوسیومە: " لەوانە بو ئەمە ئاسایی بوایە،  ڕەنگە  سەرۆکی پارتی کاتی تەواوی لەبەردەستدانەبوبێت وەیا پێشتر هەماهەنگی بۆ یەکتر بینینەکە نەکرابێت، وەیا رێکخەری گۆڕان کات و ئامادەیی تێدا نەبوبێت و دەشێت لە سات و کاتی تردا یەکتر ببینن.....". " بەڵام  ئەمە وانییە  لەراستیدا سەرنەدانی کاک مەسعود بۆ لای کاک نەوشیروان جۆرێک لە هەڵوێستی سیاسی و بە پلان و نەخشە بوە نەک رێکەوت." کەواتە بە رۆشنی من باس لە هۆکاری سیاسی ئەکەم لە پشتی ئەو سەرنەدانە نەک رقی  شەخسی و هۆکاری کۆمەڵایەتی.
-با بزانین هۆکاری دڵگرانی کاک مەسعود لە چیدایە: " هۆکاری بەهێزی زویربونی بارزانی لە گۆڕان نزیکبونەوەی یەکێتی و گۆڕان بوە لەو ماوەیەدا، حاڵەتێکی سەیر و نامۆیە ئەو ئارامی و هێمنییەی باڵی بەسەر ناوچەی سلێمانیدا کێشابوو وە باشتر بونی پەیەندی گۆڕان و یەکێتی  ئازاری سەرۆکی هەرێم بدات و نارەحەتی بکات و پێی وابێت هەر نزیکبونەوەیەکی لایەنەکانی تر لەیەکتری ئەوا جۆرێکە لە گەلەکۆمێ و گەمارۆدانی پارتی؟  کەسێک کە سەرۆکی هەرێم بێت و بەرپرسی یەکەمی ولاتێک بێت چۆن دەبێت باش بونی پەیوەندی لایەنە سیاسیەکان، کە خەریک بوو ناکۆکیەکانیان دەگەشتە ئاستی شەری دەستەو یەخەو یەکتر سرینەوە، بێزاری بکات و هەڵوێشتی سلبی لێوەربگرێت".
-ئەی بۆ مەسعود بارزانی وا ئەکات: " ئەوەی دەمەوێت لەم پرسەدا بیڵێم وەک تەنها هۆکار( واتە سەردان و چاخواردن نییە) ئەوەیە کە بەرێز مەسعود بارزانی تەنها لەخەمی پارتەکەیەدایە، تەنها بەرژەوەندی پارتەکەی لا گرنگە، هەموو حساباتێکی سیاسی ئەو لەسەر مەوقعییەتی پارتەکەیەتی. ئەو هەمیشە لە ئاخاوتن و سەردان و هەنگاوەکانیدا لەبیری دەچێت کە سەرۆکی هەرێمە بە هەموو لایەنەکانییەوە، ئەو خۆی پێش ئەوە بە سەرۆکی پارتی دەزانێت و بەرژەوەندییە باڵاکانی پارتی لا گرنگترە. هەر بۆیە نزیکبونەوەی یەکێتی و گۆڕان لای ئەو مەترسیەکە بۆ پێگەی پارتی. لای بەرێزیان گرنگتر لە کاری هاوبەش، خولانەوەی لەدەوری فەلەکی پارتی. ئەو بە پێویستی دەزانێت لایەنەکانی تر بە تایبەت یەکێتی و گۆڕان هێزێکی لاوازی بێئیرادەی ئەوتۆ بن کە ژیانیان بەستراو بێت بە ئیرادەی پارتیەوە. ئەو نزیکبونەوەی گۆڕان و یەکێتی مەترسی دەبێت بۆ هەیمەنەی پارتی لە کۆمەڵگا و حکومەت و پەرلەمان و زۆرایەتیەکەی دەخاتە لەنگیەوە"
دواجار خۆشحاڵ ئەبم ئەو بەڕێزانە بتوانن وشەیەک، رستەیەکی ناکۆکی نێوان ئەو دوو وتارەم بۆ دەستنیشان بکەن.
هیوادارم ئەوەی سەرەوە وەلامێکی دروست بێت بۆ ئەو سادەخوێندن و ساکاریەدا. هەموو وتارەکەش لەم لینکەدایە:
http://www.sbeiy.com/Article-5378


29/03/2017



وتارەکانی تری نوسەر