کە شەرمت نەکرد، هەمو شتێک بکە

عەدنان عوسمان
دوو حزبی یەکێتی و پارتی( بێ هاوئاوازەکەیان یەکگرتو)، لەیەکەم کۆبونەوەی فراوانیان دوای ریفراندۆمەکەیان، سەرباری پاشگەزبونەوەی هێرۆخان و بەشێک لە قیادەی یەکێتی و ناوزەدکردنی ئەو پرۆسەیەی کە پێشتر هەزار ناونیشانیان بۆ دانابو( لە چەشنی نیشتمانی، نەتەوەیی، مێژویی..هتد) بە عینادی و کەلەرەقی و خراپ خوێندنەوەی پرسەکان، بەیانێکیان دەرکردوە کە پڕاوپڕە لە زەلیلی و خۆبچوککردنەوەو پاشگەزبونەوە. سەرانی ئەم دوو حزبە، لە و بەیانەیاندا بە وشەیەکیش باسیان لە ریفراندۆمەکەو ئاکامەکانیان نەکردوە، وەک ئەوەی ئەسڵەن پرۆسەیەک لە کوردستاندا نەکرابێت بەو ناونیشانەوە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو لە خاڵی سێێ بەیانەکەیاندا، پاشگەزبونەوەی تەواوی خۆیان لە ریفراندۆمەکەیان پیشانداوە. ئەوەتا ئەو سەرکردانە، بەبێ ئەوەی دێڕێک لەسەر مافی کورد لە بڕیاردانی چارەنوسی خۆی، مافی دەوڵەتی سەربەخۆ، مافی ریفراندۆم بکەن، کە ماوەی چەند مانگێکە سەرجەم خەڵکی کوردستانیان پێوە مەشغوڵ کردوەو، ئێستا دوای شکستی ناوخۆیی ریفراندۆمە پڕ لە ساختەکاریەکەیان و ئاڵۆزی دۆخی دەرەوەو دەرکەوتنی ئەوەی کە ئەم سەرکردایەتیە مەغرورانەو لوتبەرزانە بەرامبەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی مامەڵەی کردوە، کۆمەڵگایەک کە ئامادە بوە بۆ یەکەم جار لە مێژوی کورددا، ببێتە ناوبژیوان و زامنی گفتۆگۆو مافەکانی کورد بێت لە عێراقدا، کەچی بێ هیچ شەرمەزاریەک لە ئاست دۆست و لایەنگر و ئەو جەماوەرە دڵسۆز و خەمخۆرەی بە درۆ و بانگەشەی ئەمان فریوی خواردبو لە پێناو بەدیهێنانی مافی دێرینەمان، وا بە ئاسانی باس لە تەسلیم بون بە عێراق و رازی بون بە حەکەمی دەستوری عێراق. دوای ئەو لوتبەرزی و حساب نەکردنە بۆ داخوازی دڵسۆزانەی هێزەکانی ناوخۆ و دەرەوە، کەچی ئێستا کە توشی شکست هاتون و ناتوانن روبەڕوی هەمو ئەو تەحەدیاتانە ببنەوە، داوای کۆمەکی هێزەکانی عێراق کوردستان و دەرەوە ئەکەن. 
پارتی، دوای شکستی لە ئیدارەدانی دۆسێێ نەوت و داهاتی کوردستان، کەچی ئێستا زەلیلانە رازیە کەوا هەمو نەوتەکەو داهاتەکان تەسلیم بە عێراق بکات و ١٧% وەربگرێت، واتە ئەوەی ساڵانی رابردوو.
پارتی دوای شکستی ریفراندۆمەکەی، رازیە کە گفتوگۆی بێمەرج و لەسەر فەتوای ئایەتوڵا سیستانی کە باسی لە یەکگرتویی عێراق و پوچەڵکردنەوەی ریفراندۆم ئەکات، وە لەسەر بنەمای دەستور کە پارێزەری وەحدەی عێراقە، بکات.
 پارتی لەم سەروبەندەدا کە هەمو لایەک باس لە بێحیکمەتی و بێپلانی سەرانی کورد ئەکات، کەناڵەکانی راگەیاندنی خستۆتە گەڕ بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ و ئاژاوە لە ناوچە جێناکۆکەکان و برەو دان بە رق و کینە. پارتی خوازیاری ئەوەیە لەو شوێنانە، بەهاوکاری راگەیاندنەکانی، شەڕێکی گەورە هەڵگیرسێنێت تەنها بۆ داپۆشینی شکستەکەی و ئاڵۆزکردنەوەی دۆخەکە.
هەمو ئەم کارانەی ئەم حزبە، بەهاوکاری سەرانی یەکێتی بە تایبەت دوانەی : هێرۆ- کۆسرەت و ئەمینداری یەکگرتو و هاوئاوازەکانی تری دەکات و هیچ نرخێک نە بۆ خاک و نەبۆ خەلک دانانێت.
دەبێ خەڵکی ئازادیخواز و نیشتمانپەروەری کوردستان سنورێک بۆ نیشتمانفرۆشی و یاریکردن بە چارەنوسیان دانێن و رێگە بگرن لەهەڕاجکردنی خوێنی رۆڵەکانیان و رێگە بەم ساتوسەوداکەرانە نەدات چیتر رۆڵیان لە دیاری کردنی چارەنوسماندا هەبێت.
بزوتنەوەی گۆڕان و هێز و کەسانی ئازادیخواز و نیشتمانپەروەر چیتر ناتوانن لەم نێوەندەدا بێدەنگ و دەستەوەسان دانیشن و سەرقاڵی بەیاننامە دەرکردن بن، بەڵکو دەبێت قەیرانی ئەم حزبانەو سەرکردایەتی ئێستای کورد قوڵتر بکەنەوەو رێگە بە سات و سەوداکان و یاریەکانیان نەدەن و پێشەنگی خەڵکی ناڕازی بن بۆ چارەنوسێکی باشتر. گەر ئەوە نەکەن ئەوا لایەنگرێکی بێدەنگی ئەو مەنزومە رابەرایەتیە فاشیلە دەبن.
گۆڕان چیتر نابێت بینەر بێت، سەدان هەزار هاولاتی ئازادی ئەم نیشتمانە متمانەی بە بزوتنەوەکە داوە، سەرکردایەتی گۆڕان یا دەبێت لە ئاست ئەم دۆخە ناسکەدا بێت و ئازایانەو لێبڕاوانە بڕیاری سەخت بدات، یا دەبێت چاوەڕێی لەدەستدانی متمانەی جەماوەر و هەڵسوڕاوەکانی بێت.


16/10/2017



وتارەکانی تری نوسەر