گۆڕان و کۆمەڵ گالیسکەکەیان خستۆتە پێش ئەسپەکە

عەدنان عوسمان
گۆڕان و کۆمەڵ و وابزانم هاوپەیمانیەکەی د بەرهەمیش، باس لە حکومەتی رزگاری نیشتمانی ئەکەن، وەک بەدیلی ئەم دەسەلاتەی ئێستای هەرێم. من نازانم زیمامدارانی ئەو سێ لایەنە تا چەند لە مەفهومی ئەو جۆرە حکومەتە تێگەیشتون، یا چ تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتوی جیهانیان لەبەرچاودایە بۆ ئەو مەبەستە، چونکە هەست ئەکەم تێکەڵیەکی ئاڵۆز لە نێوان سێ چەمکی: حکومەتی کاتی، حکومەتی کاربەڕیکەر، حکومەتی رزگاری نیشتمانیدا هەیە.
بۆیە لێرەدا بە پێویستی ئەزانم هەندێ پرسیار لەو بارەوە بخەمە روو:
یەکەم: ئەگەر لە رێگەی پەرلەمانەوە بێت:
-ئەگەر زۆرینەی پەرلەمانیت هەبێت، ئیتر چ پێویستت بە حکومەتی رزگاری ئەبێت، خۆ لە رێگەی پەرلەمانەوە هەمو هەنگاوێکی شەرعی و قانونی ئەگریتەبەر و لە رێی حکومەتی زۆرینەوە جێبەجێی ئەکەیت.
-ئەگەر کەمینە بیت( وەک ئێستای گۆڕان و کۆمەڵ) ئەی چۆن حکومەتی حازری هەڵئەوەشێنیتەوەو چۆنیش متمانە بۆ حکومەتی رزگاری نیشتمانی بەدەست دێنیت کە سەرتاپای کارنامەکەی هەڵتەکاندنی رەوایەتی زۆرینەو روخاندنی پایەکانێتی؟!!
-ئەگەر لە هەمان پێنج لایەنی بەشدار بوی ئێستای کابینەی هەشت پێک بێت، ئیتر حیکمەت و ئەرکی ئەم حکومەتە چیە؟ چی تری پێ ئەکرێت کە ئەم کابینەیە ناتوانێت بیکات؟ چونکە لە روی قانونیەوە، هێشتا هەر پێنج لایەن بەشدارن لەم حکومەتەی ئێستا.
-ئەگەر تەنها لە سێ لایەنی گۆڕان و کۆمەڵ و هاوپەیمانی پێکبێت( بێ پارتی و یەکێتی و یەکگرتوو، بەو حوکمەی هۆکاری سەرەکی ئەم شکست و نسکۆیەن) کەواتە چۆن شەرعییەت لە پەرلەمانەوە وەرئەگریت کە زۆرینەکەی ئەو سێ لایەنەن؟ بە چ مەنتقێک چاوەڕێی ئەوە بیت ئارەزومەندانە ئەو سێ لایەنە دەسەڵاتت رادەست بکەن؟
دووەم: ئەگەر لە رێگەی پەرلەمانەوە نەبێت:
-دەبێت شۆڕش یا ڕاپەڕین  یا کودەتایەک یا هەستانێکی جەماوەری رویدابێت و سەرجەم دامەزراوەکان پەکیان کەوتبێت یا شەرعییەتیان لەدەست دابێت، لەم حاڵەتەدا حکومەتی رزگاری نیشتمانی یا ئینقاز دروست ئەبێت وەک ئەمری وقع بۆ ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنی تازەو کابینەیەکی نوێ بە گوێرەی ئاکامی هەڵبژاردنەکە.
-هێزێکی تری دەرەوەی هەرێم( بۆ نمونە حکومەتی بەغدا) بەزەبری هێز و گەمارۆی ئابوری، داوای وەلانانی ئەم کابینەیە بکات و داوای پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی بکات لە هەرێمدا، کە پێم وانیە عێراق بەبێ پاڵپشتی ناوخۆ ئەو ریسکە بکات.
-لایەنەکانی ئەو پرۆژەیە خاوەنی هێزی چەکدار بن و هێزەکانیانی خۆیان و هاوپەیمانەکانیان بۆ مەبەستی جێگیرکردنی ئەو حکومەتە بەکاربهێنن، کەپێدەچێت هەنگاوێک بێت بۆ شەڕی ناوخۆ.
ئێستا دوای ئەم پرسیارانە دەبێت پرسیارە سەرەکیەکە بکەین: گۆڕان و کۆمەڵ دەیانەوێت بێ پاڵپشتی جەماوەر و بەبێ بونی بەرنامەیەکی ریشەیی بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری و هەڵتەکاندنی ئەم سیستەمە سەقەت و لەرزۆکەی حوکمڕانی، هەنگاو بەرەو حکومەتی رزگاری نیشتمانی بنێن و چاوەڕی بن لەسەر دەفرێکی زێڕین بخرێتە بەردەستیان؟؟ یا تەنها لەبیری کابینەیەکی کاتین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە( کە ئەوەش زۆر جیاوازە لە رزگاری نیشتمانی)؟ 
ئەگەر ئەو ئەگەرانە نەبێگ مەفروز وایە حکومەتی رزگاری نیشتمانی بە بەشداری هیچ یەکێک لەم پێنج لایەنە پێکنەهێنرێت. 
ئەگەر ئەمە ئاستی بیرکردنەوەی ئێستای زیمامدارانی هەردولا بێت، ئەبێ فاتیحەیەک بۆ ئەم دەرفەت و دۆخەش بخوێنین!!


23/10/2017



وتارەکانی تری نوسەر