نامەکەی ئەمریکا، پارتی و گۆڕان

عەدنان عوسمان

نامەکەی ئەمریکا: 
لە دوای شکستی ریفراندۆم، ئەمریکا لە رێگای وەزارەتی دەرەوە، سێ پەیامی رونی بە دەسەڵاتی هەرێم دا:
- نوخبەی سیاسی فەرمانڕەوا ئیتر کۆتایی هات و، دەبێت لە رێگەی دامەزراوەوە( حکومەت) نوێنەرایەتی ئیرادەی خەڵکی هەرێم بکرێت، وە ئەمریکاش تەنها دان بەو حکومەتەدا ئەنێت. ئیتر سەردەمی سەرکردە تەقلیدیەکان کۆتایی هات.
- ئەمریکا بە دوای حکومەتێکی بە‌هێزە هەم بۆ ئامادەسازی بۆ هەلبژاردنەکان و هەمیش بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا.
- ئەمریکا داوا لە حزبەکانی کوردستان ئەکات پشتگیری ئەم حکومەتە بکەن، گەر "لەکاتێکدا کە کار بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن بکات". واتە پشتگیری ئەمریکاو داوای لە حزبەکانیش بۆ پشتگیری، سنوردار و مەرجدارە، رەها نییە.
پارتی: 
ئێستا دەرئەکەوێت کە ئەم کارە بۆ نێچیرڤان بارزانی قورس و سەختە. ئەو بە بێ پاڵپشتی مەسعود بارزانی و دەستەودایەرەی ئەرکەکانی قورستر ئەبێت و نزیک ئەبێتەوە لە شکست. قوباد تاڵەبانی لەو لاوازتر و بێئیمکانات ترە. بۆیە ئەم کابینەیە زەحمەتە بتوانێت ئەو دوو مەرجەی ئەمریکا جێبەجێ بکات. مەگەر تەنها هەڵبژاردنێکی کاڵ و کرچ بەڕێ بخات.
گۆڕان: 
 دەبێت خۆی بە ئاراستەی یەکێک لەم دوو هەنگاوە ساغبکاتەوە:
یەکەم: باشترین بژاردە، هەوڵدانە بۆ شکستپێهێنان و روخاندنی دیواری لەرزۆکی ئەم حکومەتە. تا هەڵبژاردنەکان، دەکرێت بیر لە کابینەیەکی جیاوازی نا حزبی بکرێتەوە بۆ چەند ئەرکێکی دیاریکراو. پەلەش لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بکرێت. داوای هاوکاری لە نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەمریکاو یەکێتی ئەورپا و عێراقیش بکرێت.
دوەم: گەر ئەگەری بەشداریکردن هەیە لە کابینەیەکی نوێدا یا هەر جۆرێکیتر، ئەوا گۆڕان جەخت لەم دوو هەنگاوە بکاتەوە:
-سەرجەم گفتوگۆکان لە ژێر چاودێری و بەشداری ئەمریکاو یەکێتی ئەورپا بێت و راستەوخۆ ئەوان بەشێک بن لە هەوڵەکان و زامنی بن. گۆڕان کۆتایی بەو دانیشتنە بێئاکام و بێناوەرۆکانە بهێنێت لەگەل پارتی. هەروەها لەبەر ئەوەی بەشێک نەبوە لە ریفراندۆمەکەی بارزانی، دەشێت داوا لە ئەمریکاو نەتەوە یەکگرتوەکان بکات سەرپەرشتی گفتوگۆکانی هەرێم- بەغداش بکەن وەک چۆن پێشتر بەڵێنیان دابوو.
-گۆڕان داوای وەرگرتنی دەستە سەربەخۆکان بکات لەم قۆناغەدا نەک وەزارەت: دەستەی نەزاهە، دیوانی چاودێری، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، دەستەی مافی مرۆڤ...هتد





PM:11:40:19/11/2017