گۆڕان و هەرێم و پارێزگا

عەدنان عوسمان
گۆڕان بڕوایەکی پتەوی هەیە بە سەروەری و شکۆ و مافەکانی هەرێم. کار بۆ پەرەسەندن و زیاترکردن و فراوانتری ئەکەین. کار بۆ بەهێزکردنی دەسەڵات و پشک و پێگەی هەرێم ئەکەین لە ناوەند، بە گوێرەی دەستور و قوربانیدانی گەلەکەمان. بەهیچ شێوەیەک پاشەکشە لە سەروەری و سەربەخۆیی دەستوری هەرێمەکەمان ناکەین.

بەڵام لەهەمان کاتداو بە گوێرەی دەستور و پرەنسیپی لامەرکەزیەت، کار بۆ بەدیهێنانی مافی پارێزگاکان و پێگەی پارێزگاکان و هاوڵاتیانی ئەکەین. پەیوەندی راستەوخۆی پارێزگا بە ناوەندەوە، بۆ ئەو پرسانەی کە پەیوەستن بە مافی پاریزگاو هاوڵاتیانی، بە گوێرەی بڕگەکانی دەستور و قانونەکان، کارێکی ئاسایی و شەرعیەو دژ بە یەکڕیزی و یەکگرتویی هەرێم نیە.

ئێمە، سەرباری کارە گشتیەکانمان بۆ نوێنەرایەتی کردنی سەرجەم هاولاتیانی هەرێم و پاراستنی دەستکەوت و مافەکانی و یەکڕیزی لە گوتاری پاراستنی سەروەریەکانمان، بەدەر لە بەرەی گەندەڵکاران، کار بۆ ئەوە ئەکەین ماف و پشکی پارێزگاکان پارێزراو بێت لەسەرجەم دامودەزگاکان و لە داهاتە گشتیەکان و عەدالەتی بەهرەمەند بون لەوانە.

ئێمە لە بەغدا تەنها لە خەمی دووانەی : خاک و خەڵک ئەبین.
خاک واتە قەوارەی هەرێمەکە بە ناوچە دابڕینراوەکانەوە.
خەڵکیش واتە هاولاتیانی هەرێم کە شایانی خزمەتی باشترو دەسەلاتێکی مۆدێرن ترن.

10/05/2018