كوردو ئەردوغان، لە دوای كودەتا !؟

ئاسۆ عەبدولەتیف

پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپەو خودی دەمیرتاش، لە هەمبەر كۆدێتای 15 ی شوباتی 2016 ی توركیا، ئەوەندە بەرپرسانە مامەڵەیانكرد، دوورنیە ئەردوغان و دەوڵەتی ئاكەپە بخەنە بەردەم پێداچونەوەی جددی و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی ئاشتی و سەرلەنوێ دارشتنەوەی سیاسەتێكی نوێ بەرانبەر بە قەندیل و ئیمراڵی و پارێزبەندی پەرلەمانتاران.
ئەردوغان لە رابردوو، هەمیشە حسابی بۆ دوو لەمپەریسەرەكی كردووە كە دوچاری شكستی توندی بكەنەوە، ئەویش لەمپەریجەنراڵ و عەسكەری تورك (سوپا) ئەگەرچی دەستكاری زۆرێك لە جومگەو جەمسەرەكانی كردوە، وەلێ مەترسیەكەی هەرماوە، لەمپەری دووەم گەریلای كوردو هەپەگە(پەكەكە) كە مەترسیە گەورەكەی بەردەم دەوڵەتە، ئەمانە وەك لەمپەر لە بەردەم خەونی سوڵتانیزم و گۆڕینی دەستوورو ستراتیژەكانی ئەردوغان وەستاون و پرەنسیپی نەگۆڕن.
دەبێت دەوڵەتی ئاكەپە بەباشی مامەڵەیان لەگەڵدا بكات، چونكە لە ئەگەری پەراوێزخستنی لەمپەری یەكەم واتە سوپا، مەترسی كودەتاو سەرهەڵدان دێتە ئاراو لەوەی دوەمیشدا راپەرینی باكورو خۆسەری دیموكراتی، لەكاتێكدا ئێستا تەڤگەری باكور بۆ خۆسەری دیموكراتی شارەكانی باكور وەك كۆنفیدراڵیەتێكی دیموكراتی هاوشانی رۆژئاوای كوردستان، تەڤدەم و پەیەدە (PYD) هەموو دیسپلینێكیان كردوەو گەل ئامادەیە، تەنانەت پەرلەمانیش ئامادەكراوە بەناوی كەجەدە (KGD)كۆمەڵگەی جڤاكی دیموكراتی، بۆیە لەبەردەم ئەردوغاندا جگە لە ریفۆرم و وازهێنان لە سەركێشی و سازكردنی كەشی مەدەنی و ئاساییكردنەوەی رەوشەكە هیچ رێگەچارەیەكی تری لەبەردەمدا نیە.
 رەهەندی یەكەمیان كە عەسكەرو سوپایە هەرگیز رێگەنادەن ئەردوغان و ئاكەپە چیتر سیماو كولتوری كەمالیزم و سیكولاریزم لە وڵاتدا كاڵ بكاتەوەو بە دڵی خۆی رەنگرێژی كولتورو سێبەرێكی ئیسلامی ئاینی بكات بۆ داهاتوی توركیا، لەژێر پەردەی هەر بڕوبیانویەكی وەك گۆڕینی سیستمی حوكمرانی وڵات لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی و دەستكاریكردنی دەستوور، رەهەندی دوەمیش، كە تەڤگەری سیاسی باكورە، ئەوەی كە پێی دەوترێت ئایدۆلۆژیكی ئاپۆچی و بزافی مەدەنی هەدەپەیی، بە هیچ جۆرێك نایانەوێت لەمە زیاتر ئەردوغان پێراكێشی و موراهەنە بكات بەمافەكانی گەلی كوردی باكورەوە تا ئاستی قەتڵوعام و رەشەكوژی و بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەكان.
بۆیە ئەم كۆدێتایە سیناریۆبێت یان حەقیقەت، هیچ لەو پرسە ناگۆڕێت كە ئەردوغان لەبەردەم دوو رەهەندو لەمپەری سەخت وەستاوە، ئەگەر سیناریۆ بوبێت كەواتە ئەردوغان حسابی بۆ هەردوو رەهەندەكە كردووەو ویستویەتی بەم كردەیە هەم سوپا رام بكات و بیخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە، هەم هەدەپەش بە هەڵوێستێكی هەڵەو كاردانەوەیەك كە خۆشبەختانە نەیكرد، بەرەو لێپێچینەوەی یاسایی بەرێت.
 هەدەپە هەڵوێستێكی بەرپرسانەی نواندو نەك هیچ جۆرە جوڵەیەكی پاسیڤی ئەنجام نەدا، بەڵكو ئەردوغان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیشیان هێنایە سەر ئەو بڕوایەی كە دەبێت بە جۆرێكی تر مامەڵە لەگەڵ كورددا بكرێت و چیتر بە تیرۆریست و دەرچوو لە یاساو ناشەرعی، لەقەڵەم نەدرێن،ئەردوغان خۆی كە لەدایك بووی قۆناغی توڕەیی سوپای وڵاتەكەیەتی دەبێت ئیتر باش دەركی جوڵەی سەربازو گەریلا بكات،پێناچێت جوڵەی سەربازو سوپا لۆكاڵیەكەیئەردوغان لەمەودوا ئامانجە شاراوەكان بپێكێت، دەركەوت بەشێكی سوپاش نارازین لەم سیاسەتانەی ئەردوغان، تەنانەت كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش، بۆیە بەرەیەكی نوێ دروست بووە كە دەكرێت بە بەرەی دوای كودەتا ناوی بەرین،كەسێك كە لە مێژووی توركیادا هەم سوپاو هەم ئابوری وڵاتی بۆ بەرژەوەندی خۆی و بنەماڵەو كورسیەكەی بەكارهێنابێت لە دوای "مستەفا كەمال ئەتاتورك" تەنها" رەجەب تەیب ئەردوغان" بووە، هەربۆیە ئەم كاراكتەرە ئێستا بە هەموو هێزی خۆی دەیەوێت پارێزگاری لەو رابردوە بكات و توركیا بكاتە موڵكی خۆی و خاوەنی هەموو جوڵە شەترەنجیەكان بێت و بڕیارەكانی دەوڵەت و پەیوەندیە دەرەكیەكان لەژێر هەژمونگەری خۆیدابێت، بەڵام پێناچێت بەرەی نوێ چیتر رازیبن ئەردوغان باڵەكانی بكاتەوە.


21/07/2016



وتارەکانی تری نوسەر