پێشوازیی كورد لەپرۆژە بڕیارەكەی كۆنگرێس

کاوه‌ محه‌مه‌د
لە دانیشتنی رۆژی (٤/٣٠)ی پەرلەمانی عیراقدا، فراكسیۆنی (الاحرار) ی سەر بە تەیاری سەدری رەشنووسی بەیاننامەیەكیان خوێندەوە كە داوای ئەوەیان دەكرد پەرلەمان بڕیارێك دەربكات و تیایدا ئەو پرۆژە بڕیارەی كۆنگرێسی ئەمریكا رەتبكاتەوە كە باس لە پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازیی بە پێشمەرگە و عەشایرە سوننەكان دەكات. ئەمەش لەو عەقلیەتە پۆپۆلیست و مزایەدەكارییەوە سەرچاوەی گرتووە كە زۆربەی سیاسییەكانی عیراقی تووشی رێكوێریی سیاسیی كردووە.

ئەوەی لەگەڵ دەركردنی ئەو بڕیارە پەرلەمانییە بوو تەنیا شیعەكان (هاوپەیمانی نیشتیمانی) بوون، نە كورد و نە سوننەكانیش لەگەڵی نەبووین. بۆیە دواتر بڕیاردرا لەكۆبوونەوەی سەرۆكی فراكسیۆنەكاندا سازان لەسەر ئەو پرسە بكرێت. من لەو كۆبونەوەیەدا باسم لەوە كرد كە گومان دەكەم زۆر لەوانەی قسە لەسەر ئەو پرۆژە بڕیارەی كۆنگرێس دەكەن و دژی دەوەستنەوە، دەقەكەیان خوێندبێتەوە، بەڵام بۆ رازیكردنی شەقام دەیقۆزنەوە و پێشبڕكێ لەسەر دژایەتیكردنی دەكەن.

نایشارینەوە ئێمەی كورد بە بڕیارێكی باشی دەزانین و پێشوازیی لێدەكەین، چونكە حكومەتی عیراقیش ئەركی خۆی بەرامبەر پێشمەرگە جێبەجێ نەكردووە لەچەكداركردن و سەرفكردنی بەدجەكەی، ئەگەر پێشوازیی لەو بڕیارە بكەین، دەوڵەتانی دیكەش هان دەدات كە هاوكاریمان بكەن. ئەوەی عیراقیش پارچە پارچە دەكات ئەو بڕیارەی كۆنگرێس نییە، بەڵكو سیاسەتی مەركەزیی و پەراوێزخستنە كە لەعیراقدا پەیڕەو كراوە و ئێستاش بەم دژایەتیەتان بۆ چەكداركردنی راستەوخۆی پێشمەرگە هەمان سیاسەت پەیڕەو دەكەن و وا دەكەن عیراق بەرەو دابەشبوونی زیاتر لەوەی ئێستا هەیە ببات.

سوننەكانیش پێشوازییان لە بڕیارەكەی كۆنگرێس كرد، سەرەنجام عەلی الادیب بە نوێنەرایەتی شیعەكان وتی كەواتە ئێمە زۆرینەین و بەتەنیا ئەم بڕیارە بە ناوی پەرلەمان دەردەكەین، وتمان ئێوە ئازادن، بەڵام ئێمەش رایدەگەیەنین كە ئەمە تەعبیر لەرای ئێمە ناكات و خزمەت بە ئاشتەوایی نیشتیمانی و جێبەجێكردنی بەڵگەنامەی سیاسیی نێوان پێكهاتەكان ناكات. ئیتر دوای ئەوە زانیان بەتەنیا ئەوەیان بۆ ناچێتە سەر، بەتایبەت كە ژمارەیەكی زۆر لەپەرلەمانتاران هۆڵی پەرلەمانیان جێ هێشتبوو و نیساب نەمابوو، بۆیە پرۆژەكەیان سەری نەگرت و كۆتایی بە كۆبوونەوەی پەرلەمان هات. بەڵام ئەمڕۆ (1/5) مەرجەعیەتی شیعە دژایەتی خۆی بۆ پرۆژە بڕیارەكەی كۆنگرێس دەربڕی، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت سبەی (2/5) یان دووشەممەی داهاتوو ئەم پرسە بورووژێننەوە، ئێمەش وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەهیچ شێوەیەك لەگەڵیدا نین و رایدەگەیەنین كە ئەم پرۆژە بڕیارەی كۆنگرێس هەنگاوێكی گرنگ و باشە بۆ پشتیوانیكردنی شەڕی تیرۆریستانی داعش كە تەنیا ئەركی هێزی پێشمەرگە نیە، بەڵكو ئەركی سەرجەم كۆمەڵگای نێودەڵەتییە كە هاوكار و پشتیوانی پێشمەرگە بن لەو شەڕە سەختەدا.


02/05/2015



وتارەکانی تری نوسەر