چۆن ئیحراجیان کردووین

کاوه‌ محه‌مه‌د
نەبوونی شەاففیەت لەکەرتی نەوتی هەرێم، سەرەڕای ئەوەی رۆژانە ژیانی خەڵک دەهاڕێت، هاوکات بۆتە خاڵێکی رەش کە لەهەموو کۆڕ و کۆبوونەوە عیراقی و نێودەوڵەتییەکان هەرێمی پێ لەکەدار دەکرێت و کورد وەک میللەتێکی قاچاغچی و تاڵانکەری نەوت سەیردەکرێت.
دوێنێ (۱٠/۱۸) وەک لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عیراق بەشداریمان لەۆرکشۆپی رێکخراوی (دەستپێشخەری شفافیەتی عیراقی) کرد، چەندینجار باسی ناشەفافیەتی کەرتی نەوت لەهەرێم کرا کە کێشە و ئیحراجییەکی زۆری بۆ حکومەتی عیراق و رێکخراوەکە دروستکردووە و چەندینجار داوایان لەحکومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە زانیارییەکانیان پێ بدەن و رێگەیان پێ بدرێ وردەکاریی لەکەرتی نەوتی هەرێم و فرۆشتن و داهاتەکەی بکەن، بەڵام رێگەیان پێ نەدراوە..ئیتر قسەکەرانی ۆرکشۆپەکە زوو زوو روویان لەئێمە دەکرد کە ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی کورد فرسەتێکی باشە بۆئەوەی قەناعەت بە حکومەتی هەرێم بکەین هاوکاریان بن..بۆئەوەی هەمووان بەڕوونی لەدۆخی هەرێم بگەن، بۆم روونکردنەوە کە پێش پەکخستی، پەرلەمانی کوردستان و لیژنە پەیوەندارەکانی، دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و ئێمەش وەک لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عیراق هەوڵی زۆرمانداوە کە زانیاریی پێویستمان لەو بارەیەوە لەوەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەستکەوێت، بێ سوود بووە، ئەوەی لەوەش بەرپرسیارە خەڵکی هەرێم و هەموو حزبەکانی کوردستان نین، بەڵکو تەنیا لایەنێکی سیاسییە و دەستیگرتووە بەسەر کەرتی نەوت و داهاتەکانی و بەهیچ شێوەیەک رێگە نادات شەفافیەت لەو بوارەدا هەبێت، لەبەرئەوە پێتان وا نەبێت بە داوایەکی ئێمە حکومەتی هەرێم هەگبەی زانیارییەکانی بخاتە بەردەست و شەفافیەت بەرقەراربێت..تکایە ئەو وێنە تەڵخەیش کە بەو هۆیەوە لەسەر هەرێم لاتان دروستبووە، وێنەی هەموو هەرێم نیە و هەقە بیزانن کە خەڵکی هەرێم بەر لەهەمووان بوونەتە قوربانی ئەو سیاسەتە نادروستە و ئێمە و ئێوەشیان لەبەردەم هەموو دنیا ئیحراجکردووە.

19/10/2016



وتارەکانی تری نوسەر