(پاڵەوان)ی شكست

کاوه‌ محه‌مه‌د
پێرێ (١١/١٦) مەسعود بارزانی لەوتارێكی پڕ لەهەڵچوون و شپرزەیی دەروونیدا لەباشیك قسەی لەسەر دوو تەوەری سەرەكی كرد، پرۆسەی رزگاركردنی موسڵ و دۆخی ناوخۆی هەرێم..لەتەوەری یەكەمدا و وەك هەمیشە بۆ خۆبەپاڵەوانكردن و ئیستیغلالكردنی قارەمانێتییەكانی هێزی پێشمەرگە بۆ خۆی و حزبەكەی، رایگەیاند كە بەهیچ شێوەیەك لەو ناوچانە ناكشێنەوە كە بەخوێنی پێشمەرگە ئازاد كراون، لەتەوەری دووەمیشدا زۆر نابەرپرسانە بێ حورمەتی بەخۆپیشاندەران و تەواوی خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد و وتی بۆخۆتان هەر هەڵپەڕن و ئێمە هیچ حسابێكتان بۆ ناكەین.
بەڵام زۆری نەبرد، دوای ماوەیەكی كەم لەو روونكردنەوەیەی نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە و رایگەیاند كە دەبێ بەپێی رێككەوتنی نێوان هەردوولا، هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو شوێنانە بكشێنرێتەوە كە پێش پرۆسەی رزگاركردنی موسڵ لێی بوون، نووسینگەی بارزانی بەپەلەپروزێ روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و پاشەكشەی لەقسەكانی پێشووی راگەیاند و روونیكردەوە كە پابەندن بەرێككەوتنەكە و هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانەی ئازادی دەكەن، دەكشێننەوە.
واتە بارزانی ئامادەبوو پاشەكشە لەو قسانەی بكات كە كەمێك عەبادی و بەغدای نیگەران كرد، بەڵام ئامەدە نیە داوای لێبوردن لەخەڵكی هەرێمەكەی خۆی بكات و پاشەكشە لەو هەموو بێڕێزی و سووكایەتییە بكات كە بەرامبەریان كردی..ئەمەش لەكورتترین دەربڕیندا پێماندەڵێ كە ئەو پیاوە پڕ لەگرێ دەروونیەی رۆژانە خەمخۆرانی ژیان و گوزەرانی خەڵك تەخوین دەكات، هەمیشە بەرامبەر هێزی دەرەكی لاواز و ئیستیسلامی، بێگانەدۆست و حازربەدەستە بۆ فەرمانەكانی دەرەوە، بەڵام بەرامبەر گەل و داواكانیان رووقایم و سەرسەخت، بێ باك و بێ پەروا خۆی وەك (پاڵەوان)ی ئەو شكستانە دەسەپێنێت كە بەنرخی دەستكەوت پێمانی دەفرۆشێتەوە. مێژووش ئەوەی بۆ هەمووان سەلماندووە كە ئەوانەی بەپشتیوانی هێزی دەرەكی خۆیان بەسەر گەلەكانیاندا دەسەپێنن، هەر دەڵێی كوڕی یەك دایك و باوكی سیاسین و هیچیان دەرس و پەند لەوەی پێش خۆیان وەرناگرن، بۆیە سەرەنجام هەمان چارەنووسیان بووە و دەبێت.
Chat conversation end


19/11/2016



وتارەکانی تری نوسەر