مقەستەكەی دەستی بارزانی

کاوه‌ محه‌مه‌د
لەوەگەڕێ كە دوو ساڵە بەزۆری زۆردار بە كورسی سەرۆكایەتییەوە نووساوە و دەستبەرداری نابێت، بەڵام بەڕێز مەسعود بارزانی كە ئیدیعای سەرۆكایەتی دەكات، دەبوو كە شەرعیەتی یاساییشی نەما، لانیكەم رەفتاری سەرۆكانەی هەبووایە، بۆئەوەی هیچ نەبێت كەمێك شەفاعەتی بۆ خۆ بەسەرۆكزانییەكەی بكردایە. ئاخر لەدنیای دیموكرات و وڵاتی دامەزراوەدا، هەمیشە سەرۆك فاكتەری یەكخستنی گەل، لەیەكتر نزیككەرەوەی هێزە سیسییەكان، پاككردنەوەی فەزا سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان لەبەریەككەوتن و رەتكردنەوەی یەكتر بووە، تەنیا سەرۆكە دیكتاتۆرەكان نەبێ كە هەمیشە مایەی پەرتكردن و پیسكردنی ژینگەی سیاسی و هەڵتەكاندنی بناغەی كۆمەڵگاكانن و ئیتر دوای خۆشیان وێرانەیەك بەجێدێڵن كە وڵاتەكانیان دەخەنە گێژاوی كوشتوكوشتارێكی بێ ئامان و نەبڕاوەوە، ئەوەی بەڕێز مەسعود بارزانی كردوویەتی و دەیكات، رۆڵبینێكی مەترسیدارە بەئاراستەی دووەم، چونكە ئەو بۆتە فاكتەری هەرە سەرەكی دابەشبوونێكی قووڵی سیاسی و كۆمەڵایەتی، لەبەرئەوەی تاكە خەسڵەتێكی سەرۆكانەی تێدا بەدی ناكرێت و هەرچی بڕیار و هەنگاوێكی هەیە دژ بە تەبایی نیشتیمانی، دژ بە چارەسەری كێشەكانی خەڵك و كێشە سیاسی و یاساییەكانە، ئەو نەك هەر وەك سەرۆكی پارتی رەفتاری كردووە و دەكات (بەو ساڵانەشەوە كە هێشتا شەرعیەتی یاسایی سەرۆكایەتییەكەی مابوو)، بەڵكو سەرۆكایەتی باڵە توندڕەوەكەی پارتی-ش دەكات و ئەگەر جار جارە هەندێ دەنگی كز و شەرمنانەش لەناو حزبەكەیدا بۆ نزیكبوونەوە لەهێز و بۆچوونە ناكۆكەكانی پارتی سەرهەڵبدات، ئەو سەركوتیان دەكات.
لەوبارەیەوە نموونە زۆرن، بێ ئەوەی بچینە ناو ئەو وردەكارییانە و سەری خوێنەرانی پێ بیەشینم، تەنیا دوایین نموونە وەردەگرین كە ئەویش پرسی ریفراندۆمە، پرسێكی نیشتیمانی و چارەنووسسازی ئاوا بەدەستی ئەوەوە بۆتە مقەستێكی تیژ و لەوكاتەوەی بازرگانی سیاسی پێوە دەكات، رۆژ بەرۆژ زیاتر هەناوی نیشتیمانی پێ ئەنجن ئەنجن دەكات، ئاڵای كوردستانی پێ هەلا هەلا دەكات و رەنگەكانی پێ لەیەك دەكات، هێزە سیاسییەكان لەیەكتر دوور و دوورتر دەخاتەوە، كۆمەڵگای كوردستانی پێ لەتوپەت دەكات و ژیانی خەڵك و ئایندەكەیان دەخاتە سەر لێوار و نووكە تیژەكانیەوە. ریفراندۆمئك كە لەخەیاڵدانی ئەودایە; ریفراندۆمێكە تەنیا بۆ تێركردنی كەڵكەڵەی هەمیشە تینووی زەعامەتی خۆی و بنەماڵەكەیەتی و بۆ درێژەدان بە سیاسەتە خۆسەپێنییەكانێتی و بەس، هەر بۆیەش چش لەكۆدەنگی نیشتیمانی، لەیاسا، لەپەرلەمان، لەئاشتی كۆمەڵایەتی و ژیان و گوزەرانی خەڵك دەكات و ئایندەی سیاسی، ئابووری و ئەمنی هەرێمەكەشمان دەخاتە سەر لەپی عیفریتەوە، ئینجاش هەر واز ناهێنێ و خۆیشی بە (سەرۆك) دەزانێ و دەناسێنێ..!.

13/06/2017



وتارەکانی تری نوسەر