بارزانی ئەو كارتەشمان دەسووتێنێت ؟

کاوه‌ محه‌مه‌د
بەڕێز مەسعود بارزانی دوای ئەوەی لەماوەی سەرۆكایەتییە شەرعی و ناشەرعییەكەی، كارتی بەنموونەكردنی هەرێمەكەمانی سووتاند كە ئومێدمان بوو ببینە خاوەن حوكمڕانییەكی جوان و جێ سەرنجی دیموكراتی و تووشی پاشاگەردانیەكی گەورەی كردین، دوای ئەوەیش كە بە سیاسەتی شكستخواردووی نەوتی سەربەخۆ، گڕی لەكارتی بنیاتنانی ئابوورییەكی بەهیز و خودبژێوی هەرێمەكەمان بەردا، ئینجا ئێستا نۆرە هاتۆتە سەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی.
جارێ ریفراندۆم دەبوو هەموو هێزە سیاسییەكان و كۆمەڵگای كوردستانی یەكبخات، نەك پەرتیان بكات، ئەویش بەوە دەكرا كە زەمینەسازیی سیاسی و ئابووری و یاسایی بۆ بكرێ، بەڵام بارزانی لەسەر زەمینەیەكی وێران و داوەشاوی هەرێم و دۆخێكی پێنەگەیشتووی عیراقی و ئیقلیمی و نیودەوڵەتیدا و بە مەزاجێكی شەخسیی پڕ لەناعەقلانیەتی سیاسی، دەستی بۆ پرسێك بردووە كە نە ئەهلیەتە سیاسییەكەی و نە مێژووی خۆی و حزبەكەی شەفاعەتی خاوەندارێتی بۆ دەكەن، سەرەڕاش موجازەفە بە هەموومانەوە دەكات تا ئەو سەركێشییە شەخسی و حزبییەی خۆی بباتە سەر. 
ریفراندۆم، وەك میكانیزمێك بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، مافی رەوای خەڵكی كوردستانە و هیچ دەوڵەت و لایەنێك ناتوانن نكوڵی لەو مافەمان بكەن، بۆیە ریفراندۆم پێشتر و ئێستاش شمشێرێكە بەدەستمانەوە، تا لەناو كالان بێت یان بە هەڵكێشراویش بەدەستمانەوە بێت، كارتێكە بەدەست كوردەوە و ئەوانی دیكە حسابی بۆ دەكەن و هەندێكیان لێیشی دەترسن، بەڵام  كە بەدەستێكی لەرزۆكەوە بێت و لەتەوقیتێكی زۆر نەگونجاوی وەك ئێستادا بوەشێنرێت، ئەوا گومانی 
تێدا نیە سەرچیغ دەڕوات و ئامانج ناپێكێت. كەواتە بارزانی بەم سیاسەتەی ئێستای بۆتە گەورەترین هەڕەشەی ناوخۆیی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەو بێ باكانە لەو هەموو هەڕەشە ناوەكی و دەرەكییانەی بەردەممان، شمشێری ریفراندۆمی هەڵكێشاوە و دەیەوێ لە(٩/٢٥)شدا بیوەشێنێت و سەرەنجام ئەو كارتەشمان لێ بسووتێنێ و ئیتر تا ئایندەیەكی دوور نەتوانین باسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی بكەین. بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە كە بەزوویی تەواوی بڕیارەكانی كۆبوونەوەكەی (٧)ی حوزەیران هەڵبوەشێنرێتەوە و ریفراندۆم بۆ كاتی گونجاوی خۆی دوابخرێت كە زەمینە و كۆدەنگیی نیشتیمانی پێویستی بۆ بسازێنرێت، ئینجا بەیەكەوە و لەرێگەی دامەزراوە شەرعیەكان و لەسەر  بناغەیەكی مەحكەم كار بۆ ئەنجامدانی بكەین و بە متمانەبەخۆبوونێكی پشت بەستوو بە هێزی خەڵكەوە رووبەڕووی هەڕەشە و ئاڵنگارییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان ببینەوە، ئەوسا دەتوانین ریفراندۆم بكەین بە مژدەی نیشتیمانی و لەوە دووریخەینەوە بكرێت بە پەردە بۆ شاردنەوەی عەیب و عارە شەخسی و حزبییەكان.


09/07/2017



وتارەکانی تری نوسەر