كاك مەسعود تۆ بیرت چوو نەك ئێمە

کاوه‌ محه‌مه‌د
لەوتارەكانی بانگەشەی ریفراندۆمدا، بارزانی بەردەوام چەند قسەیەك دووبارە دەكاتەوە كە زۆربەیان بازدانە بەسەر حەقیقەتی پشت ریفراندۆمە حزبییەكەی، بەڵام دوو لەو قسانە ملشكاندنی چەند حەقیقەتێكی مێژووییە و پێویستە بە بێ دەنگیی تێپەڕنەبێت:
-یەكەمیان كە دەڵێ، ئەگەر دەمانەوێ جارێكی دیكە نەگەڕێینەوە بۆ ئەنفال و كیمیاباران، پێویستە سەربەخۆبین !..
بەڵام راستییە مێژووییەكە ئەوەیە كە هەر ئەم كاك مەسعود بارزانیە تەنیا هەشت ساڵ دوای ئەنفال و كیمیاباران، دەستی سەدام و سوپا ئەنفالچییەكەی بۆ سەر هەولێر راكێشا و لە (٣١)ی ئابی (١٩٩٦)دا بەخۆی و حزبەكەی بوون بە كەوا سووری بەر لەشكری ئەنفالچییان دژ بە هاونەتەوەكانی خۆیان، تەنیا بۆئەوەی دەسەڵاتی شەخسی و حزبیانەی لەدەست نەچێت. كەواتە ئەوە خەڵكی كوردستان نین كە ئەنفال و كیمیابارانیان بیرچووبێتەوە، بەڵكو ئەوە ئێوەن هەر زوو لەبیر خۆتان بردەوە و ئەمڕۆش هەر بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتەكەتان، مێژوو و حەقیقەت دەشێوێنن و خەڵك چەواشە دەكەن.
-دووەمیان بەردەوام خۆشبینییەكی ساویلكانە بڵاودەكاتەوە كە گوایە دوای ریفراندۆم، وڵاتانی دنیا وەك ئەمری واقیع مامەڵە لەگەڵ كوردستان دەكەن و دان بە دەوڵەتەكەماندا دەنێن، وەك چۆن ساڵی (١٩٩٢) دژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوون و دواتر وەك ئەمری واقیع دانیان پێ دانا !..
لەكەتێكدا حەقیقەتە مئژووییەكە تەواو پێچەوانەوەیە; كە ساڵی (١٩٩١) گفتوگۆی بەرەی كوردستانی لەگەڵ رژێمی سەدام دەستیپێكرد، جاری یەكەم وەفدی كوردی بە سەرۆكایەتی مام جەلال بوو، كە هاتەوە تارادەیەك بێ ئومێدبوو، بەڵام دواتر مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی وەفدی بەرەی كرد و چوو و (٤٠) رۆژ لەبەغدا مایەوە و بە ئامان و زەمان نەدەگەڕایەوە كوردستان، سەرەڕای ئەوەی سەدام لەجاری پێشتریش پاشەكشەی زیاتری كردبوو، بەڵام بارزانی هەر سوور بوو لەسەر ئیمزاكردنی رێككەوتن لەگەڵ سەدام و وتبووی ئەگەر بەشێكی زۆر كەمی مافەكانیشمان بسەلمێنیت، قبوڵمە و ئامادەنیم جارێكی تر بۆ ژیانی ئاوارەیی ئێران بگەڕێمەوە، ئەوكاتە هەرچی وڵاتانی زلهێزی دنیا بوو دژی ئیمزاكردنی رێككەوتنی كورد و سەدام بوون، سەكردەكانی بەرەی كوردستانیان هاندەدا كە دووربكەونەوە لەبەغدای سەدام و هەوڵی دامەزراندنی ئیدارەیەكی خۆجێیی بدرێ، كە دیارە مەبەستیان بوو ببێتە پێگەیەكیش بۆ لاوازكردن و دواتریش رووخاندنی رژێمەكەی، بۆیە دواتر كە بڕیاری هەڵبژاردنی پەرلەمان لەهەرێم درا، وڵاتە زلهێزەكانی دنیا دژی ئەو بڕیارەی كورد نەوەستانەوە و بەپێچەوانەی ئەو قسانەی ئێستا بارزانی دەیكات، هەندێكیان هاوكاری هەنگاوە سەرەتاییەكانی بنیاتنانی حكومەتی خۆجێییش بوون لەكوردستان، نەك دژی بووبن و دواتر وەك ئەمری واقیع مامەڵەی ناچاریان لەگەڵ كردبێت، تەنیا توركیا بوو كە ئەوكات و تا چەند ساڵێكیش دواتر هەرێمی بە ناوچەیەكی یاخی و نایاسایی و مایەی ناجێگیری لەقەڵەم دەدا، تا دواتر بە درەنگەوە دەستیكرد بە مامەڵەكردنی ئاسایی لەگەڵ هەرێم و داومودەزگاكانی.
بۆیە هەق نیە كەسێك كە پرسێكی نیشتیمانی وەك ریفراندۆم و سەربەخۆیی بە حزبی كردووە، مێژوو و حەقیقەتیش بە حزبی بكات و وەك چۆن خۆی ئارەزوو دەكات بیگێڕێتەوە و بەرگی كوردایەتی بكاتە بەری تەسلیمگەرایی و بێ ئیرادەیی

25/09/2017



وتارەکانی تری نوسەر